وێستگەی ئەمجارەی ڕۆژنامەنووس عەبدلرەحمان گۆك، شاری سەقز زێدی ژینا ئەمینی و ئەو شارەیە، كە یەكەم چەخماخەی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” تێیدا لێدرا، سەرباری هەوڵی زۆر بەهۆی گوشاری هێزەكانی دەوڵەتەوە نەیتوانیووە چاوی بە بنەماڵی ژینا بكەوێت، هەربۆیە لەو شارە دوو چالاكوان و پێشەنگی خۆپیشاندانەكان دەدوێنێت.
دەقی یاداشتەكانی ئەو ڕۆژنامەنووسە بەمەشێوەیە:
سەقز..گەلی ئێران بۆ یەكەمجارە شانبەشانی گەلی كورد تێكۆشان دەكەن
لەو شارەی ژینا تێیدا لەدایكبوو و بەخاكسپێردرا، منداڵێكی تهمهن ١٠ ساڵان لە دایكی پرسی، “كاتێك ئێمە دەگەینە تەمەنی ژینا، ئەگەری هەیە ئەوەی بەسەر ژینادا هات بەسەر ئێمەشدا بێت؟”، ئەڤینار سەقز دەڵێت: ئەو پرسیارە بووە هۆی ئەوەی بە دەیان هەزار هاوڵاتی بە لێشاو بەرەو گۆڕی ژینا ئەمینی بچن.
شاری سەقز، كە یەكێكە لە شارە دێرینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێشەنگایەتی ئەو سەرهەڵدانەی كرد، كە ماوەی دوو مانگ و نیوە لە ئێران و ڕۆژهەڵات بەردەوامە. بۆ یەكەمجار لەم شارەدا، كە نزیكەی ٢٠٠ هەزار دانیشتووی هەیە، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر گۆڕی ژینا وترایەوە، پاشان وردە وردە بە شارەكانی تری ڕۆژهەڵات و ئێران و جیهاندا بڵاوبووەوە.
وەك شارەكانی تری ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەموو ڕۆژانی شەممە و چوارشەممە، دوكاندارانی شاری سەقز بە داخستنی دوكانەكانیان، داوای گۆڕانی ڕژێم دەكەن.
پێش ئەوەی بچمە شاری سەقز پەیوەندی بە چەند سەرچاوەیەك دەكەم بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی دیدار ئەنجام بدەم. پێم دهوترێت، ئەگەری هەیە بتوانم چاوم پێیان بكەوێت. لە بۆكانەوە بەرەو سەقز بەڕێ دەكەوم. دوای ئەوەی گەیشتەمە شارەكە ڕوو لە شەقامە قەرەباڵغەكانی شار دەكەم، ئاسەواری چالاكییەكان بە شەقامەكانەوە دیارە، هەروەها ئەو دروشمانەی لە خۆپیشاندانەكاندا بەرزدەكرێنەوە بە بۆیەیی ڕەش لەسەر دیوارەكان نووسراون. ئەو شەقامەی، كە دادگای سەقز و زانكۆی پەیامنوری لەخۆ گرتووە زۆر قەرەباڵغە، شۆفێرێك لە ئاراستەی بەرامبەرەوە دێت و دەڵێت: خوێندكارانی خوێندنگەكان بە دەم وتنەوەی دروشم ڕێپێوان دەكەن، هەر بۆیە شەقامەكە داخراوە.
دەمەوێت چاوم بە خانەوادەی ژینا بكەوێت
دوای ئەوەی ماوەیەك بەناو شاردا گەڕام، لەگەڵ سەرچاوەكەم لە سەقز قسەم كردەوە، ئەو دەڵێت، دوای مەراسمی چلەی ژینا ئەمینی گوشارەكان بۆ سەر خانەوادەكەی زۆر بووه و لە ژێر چاودێری چڕی هێزهکانی دهوڵهتدان، هەر بۆیە تائێستا وەڵامی ئەرێنی و نەرێنی بۆ ئەو دیدارە وەرنەگرتووە. لەسەر قسەی من “ئەگەر لە ماڵی خۆیان ناتوانن، دەكرێت لە ماڵێكی تر كۆببینەوە؟” جارێكی تر سەرچاوەكەم پێوەندیم پێوە دەكات و دەڵێت: خانەوادەی ژینا ڕایانگەیاندووە، لەبەر ئەوەی هەم خۆیان و هەم ماڵەكەیان لە ژێر چاودێریدایە، نایانەوێت لەكاتی سەردانیكردنیان ڕووبەڕووی مەترسی ببمەوە و هەر بۆیە داواكاری دیدارەكە دەهێڵنەوە بۆ كاتێكی ئارامتر.
ناهێڵن بچمە سەر گۆڕی ژینا
خواستی من بۆ سەردانیكردنی گۆڕی ژینا ئەمینیش بە هۆی ئهم هۆشدارییە، که “هێزەكانی ڕژێم لەو شوێنەی گۆڕی ژینای لێیە كامێرایان داناوە و ئەو خەڵكەی لە دەرەوە دێن و سەردانی گۆڕەكەی دەكەن، دەستبەسەر دەكرێن”، نایهته دی، چونكە نامەوێت سەرچاوەكانم ڕووبەڕووی دۆخێكی نەخوازراو ببنەوە، تەنیا داوا دهکهم تا نزیکهی گۆڕستانەكە بچم. ئهو گۆڕستانە لەسەر ڕێگای شاری بانەیە و ٥ كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سهقزهوه دوورە، چونكە لە گوندی ئایچی نزیكە، بە گۆڕستانی ئایچی ناسراوە، بەڵام ناوی فەرمی گۆڕستانی محەمەدییە.
ئەڤینار سەقز باسی چالاكییەكان دەكات
دوای ئەوەی نەمتوانی چاوم بە خانەوادەی ژینا بكەوێت، لەگەڵ ژنێك چاوپێكەوتنم ئهنجام دا، كە لە سەرتای چالاكییەكان پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەكان دەكات و هەروەها چەند جارێكیش چاوی بە خانەوادەی ژینا كەوتووە، ئەڤینار سەقز (بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ئەو ناوە خوازراوە بەکاردەهێنرێت) باس لە ئەزموون و بەسەرهاتەكانی لە شاری تاران و چالاكییەكانی دوو مانگی ڕابردوو دەكات.
“وەك ژنێكی كورد ناتوانم ئەم سووكایەتییە قبوڵ بكەم“
ئەڤینار سەقز ئاماژە بەوە دەكات لە ساڵانی سەرەتای دروستبوونی گشتی ئیرشاد لە تاران بووە و بینهری زۆر شت بووە و دەڵێت: “چەند ساڵێك لە تاران كارم كرد، ئەو كاتە گشتی ئیرشاد تازە دامەزرابوو، لە شوێنی كارەكەم بیستم باسی كچێكیان دەكرد، كە لەلایەن گشتی ئیرشادەوە لێی دراوه و پێش ئەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، هەروەها ژنێكیش بەهۆی ئەوەی پۆلیس لەسەری دابوو، دۆخی دەروونی تێكچووبوو، هاوڕێكانم لە شوێنی كارەكەم دەیانناسی، خێزانەكەی هەرگیز باسی دۆخی كچەكەیان و هۆكاری ڕووداوەكەیان نەكرد، ئەم ڕووداوه ترسناكانە مرۆڤ توڕە و بێزار دەكات. ساڵانێك تێپەڕی و ئەمجارەیان ژنێكی كورد لێی درا و كوژرا، بەڵام خێزانەكەی ڕێگەیان نەدا ئەم دڕندەییە پەردەپۆش بكرێت و خاوەندارییان لە كچەكەیان كرد. ڕاستە گەلی كورد هەمیشە لەژێر گوشاردایە، بەڵام كاتێك شتێك بەسەرمان دێت، هەموومان یەكدەگرین و دەبنە یەك دەنگ، گەل خانەوادەی ژینای بە تەنیا جێنەهێشت و خاوەندارییان لێكردن، وەك ژنێكی كورد نەمتوانی ئەم سووكایەتییە قبوڵ بكەم و هەر بۆیە لە ڕۆژی یەكەمەوە پشتگیریی خانەوادەكەی دەكەم.
“ڕەنگە هەمان شت بەسەر منیشدا بێت“
ئەڤینار سەقز لە پرسەوە تا چلەی ژینا بەشداری لە ڕێپێوانەکاندا کردووە، ئەو بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: “باوکی ژینا زۆر خۆڕاگری کرد بۆ ماوەیەکی زۆریش لە ژێر چاودێریدا بوو. دواتر سوپاسی خەڵکی کرد و وتی: نامەوێت دۆخەکە لەوە خراپتر بێت، بەڵام هەندێک کەس وتیان “بۆ مەگەر لەمەش خراپتر دەبێت ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر کچەکەی تۆدا هاتووە سبەینێ بەسەر منداڵەکانی ئێمەشدا دێت. ڕاستە ئەمڕۆ لەپێناو ژینادا لێرەم، بەڵام هاوکات لە پێناو خۆشمدایە. هەربۆیە دەبێت ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو سوکایەتییە زیاتر بێت”. دواتر خاڵۆژنی ژیناش هاتوو سوپاسی هەموانی کرد و وتی: “لە تاران گوشاری زۆر خرایە سەرمان، بەڵام ئێمە خۆڕاگریمان کرد. داوایان کرد هەر ئەو ڕۆژە تەرمی ژینا بە خاکبسپێرین و ڕووداوەکە پەردەپۆش بکەین، بەڵام دەمانزانی گەل پشتیوانیمان لێدەکات و ئەوەمان قەبوڵ نەکرد. ژینامان هێنایەوە و لە سەقز بە خاکمان سپارد”. دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت لەم جوگرافیایەدا وەک مرۆڤ، وەک کورد و وەک ژن سێ جار دەچەوسێینەوە. هۆکاری بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتی و پاشەکشە نەکردنمان ئەوەیە”.
“لە پشت دروشمی ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەیەكی بەهێز هەیە“
ئەڤینار سەبارەت بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەڵێت: ژن، ژیان، ئازادی تەنیا دروشمێك نییە، كە ڕیتمێكی خۆشی هەبێت. بەدڵنیاییەوە لە پشت ئەم دروشمەوە فەلسەفەیەكی بەهێز هەیە. بۆ ئەوەی ئەم فەلسەفەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بڵاوببێتەوە، ساڵانێكە گەلی كورد لە ژێر چەتری ئەم دروشمەدا بەرخۆدان دەكات. ئاكادیمیاكانی خۆی دروست دەكات و لە ڕێگەی وۆرك شۆپەوە ئەم هۆشیارییە لە كۆمەڵگادا بڵاودەكاتەوە. لە ڕۆژهەڵاتیش لە ساتێكی زۆر پێویستدا و لەسەر گۆڕی ژینا ئەم دروشمە بەرزكرایەوە و بوو بە ڕەمزی سەرجەم چالاكییەكان. دەبێت ئێمە تێكۆشان و چالاكییەكانمان زیاتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم دروشم و فەلسەفەیە بكەوێتە بەر گوێ و ڕۆچێتە ناو دڵی هەموو مرۆڤێك.
“پرسیارەكەی منداڵێكی ١٠ ساڵان، پرسیاری هەموو كەسێكە“
ئەم دیمەنانەم لە بیرە، كە لە ڕۆژی چلەی ژینادا، بە دەیان هەزار كەس شەپۆل شەپۆل ڕوویان لە گوڕەكەی دەكرد، دەمەوێت بپرسم ئەو شتەی ئەو ڕۆژە هەموو خەڵكی سەقز و ڕۆژهەڵاتی لەوێ كۆكردەوە چی بوو؟ ئەڤینار بە نموونەیەكی سەرنجڕاكێش باسی هەستی ئەو ڕۆژەم بۆ دەكات و دەڵێت: من كڕیارێكی ژنم هەیە، كە دوو كچی بچوكی هەیە. یەكێكیان لە دایكی پرسی، دایە گیان هەرگیز بیرت لەوە كردوهتەوە ١٠ ساڵی تر كاتێك ئێمە دەگەینە تەمەنی ژینا، ئەگەری هەیە ئەوەی بەسەر ئەودا هات بەسەر ئێمەشدا بێت؟، ئەوانەی ئەم پرسیارە دەكەن منداڵی تەمەن ١٠ بۆ ١٢ ساڵن. ئەوەی وایكرد بە دەیان هەزار كەس لە چلەی ماتەمینی ژینادا ڕێپێوان بكەن، هەمان پرسیاری ئەو منداڵە ١٠ ساڵانە بوو. هەمووان هەمان پرسیاری ئەو منداڵە بچوكەیان هەبوو. لەو ٤٠ ڕۆژەدا چەندین ژنی تر كوژران، هەربۆیە گەل دەیانویست ببنە دەنگی ژینا و خانەوادەكەی و دەنگی هەموو ژنان. ژینا ئیتر كچی تەنیا ئەو خانهوادهیه نییە و كچی هەموو خانهوادهکانه. ئەو چركە ساتە و ئەو هەڵویستە نیشانی دا، گەلی كورد كاتێك یەكگرتوو بن هیچ هێز و دەسەڵاتێك ناتوانێت دژیان بوەستێتەوە.
“دەبێت هەموو ژنێك وەك نەسرین قادری شۆڕشگێڕ بێت“
نەسرین قادری-ش ژنێكی كوردی تر بوو، كە خوێندكاری بەشی پزیشكی بوو لە شاری تاران و ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی پۆلیس بە سەختی بڕیندار بوو و ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم كۆچی دوایی كرد، هێزەكانی ڕژێم تەرمی نەسرینیان ڕفاند و لە شاری مەریوان بە زۆرهملێ بەخاك سپێردرا. ئەڤینار سەقز ئەو ژنە كوردەش بەبیر دەهێنێتەوە دەڵێت: دەبێت هەموو ژنێك هاوشێوەی نەسرین قادری شۆڕشگێڕ بێت.
“ئیتر پێویستە ئێمە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵات پراكتیزە بكەین“
ئەڤینار سەقز لە كۆتایی قسەكانیدا داوا لە هەموو ژنان دەكات و دەڵێت:” بانگەوازی من بە تایبەتی بۆ ژنانە. بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خۆمان ڕێكبخەین و هەنگاو بنێن، دەبێت زیاتر لە دەوری یەك كۆببینەوە. لە ژێر ئاڵا و چەتری دروشمی “ژن، ژیان ئازادی”، دەبێت ئەو فەلسەفە و ئایدۆلۆژیە لە ڕۆژهەڵات زیاتر پراكتیزە بكەن، ئێمەی ژنان دەبێت ترسەكانمان وەلانێین و لەو ماڵانە دەربچین، كە دەرگاكانیان بەسەرماندا داخراوە، بەرخۆدان و تێكۆشان بكەین، ئەگەر ڕۆڵی خۆمان لە پەروەردەكردنی نەوەی نوێ بەم دروشمە جێبەجێ بكەین، دەتوانین ئەو فكرە پیاوسالارییە بگۆڕین. ئەم دوو مانگە نیشانی داین، ئێمە هێزی گۆڕینی منداڵ و پیاومان هەیە. هەر بۆیە دەبێت بێ وچان زیاتر تێكۆشان و خەبات بكەین.
بۆچوونی یهكێک له گەنجانی پێشەنگی خۆپیشاندانەكان وهردهگرم
دوای چاوپێكەوتنەكەم لەگەڵ ئەڤینار، سەردانی گەنجێکی پێشەنگی خۆپیشاندانەكان دەكەم، كە ناوی “هێڤی ڕەنج سەقز”ە، پرسیاری ئەو هۆكارانەی دەكەم، که بوونه هۆی چالاكییەكان و ئەویش دەڵێت: هۆكاری پشت چالاكییەكان زۆرن. لەماوەی ٤٣ ساڵی دەسەڵاتی ئەم ڕژێمەدا لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە ستەمێكی زۆرمان لێكراوە. قەیران و هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە ئاستێك، كە ئێستا چینی مامناوەندیش هەژارە، هەروەها چیتر گەل بەرگەی ئەو توندوتیژیهی ڕژێمی ناگرێت، یاخود بە کورتی دەتوانین بڵێن ٤٣ ساڵە ستەم هەیە، بەڵام ئەو ستەمەی، کە تا بینەقاقا هاتبوو بە هۆی کوژرانی ژیناوە وای لێهات، کە توڕەیی چەندین ساڵەی خەڵک بتەقێتەوە.
گەلی ئێران بۆ یەكەمجارە شانبەشانی گەلی كورد تێكۆشان دەكەن
ژینا ژنێكی كورد بوو و دوای كوژرانی، نەك هەر گەلی كورد، بەڵكوو هەموو گەلانی ئێران ڕژانه شەقامەكان و ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەر بۆیە پرسیاری “ئەگەری هەیە ئەمە قوناغێكی نوێ بێت؟ لە هێڤی ڕەنج سەقز دەپرسم، ئەویش بەم جۆرە وەڵامدەداتەوە: “گەلانی ئێران تا ئەمڕۆ لە دژی ئەو ستەمكارییەیی بەرامبەر بە گەلی كورد دەكرێت بێدهنگ بوون، هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر ئەو كۆمەڵكوژییانەی بهسهر گەلی كورددا هاتووه نهبووه. تا ئەمڕۆ هێرشەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر كوردستان لە چوارچێوە “ئەمنیەت و ئاسایش” هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرا و بە ئاشكراش نەبێت، بە بێدەنگی خۆیان پەسەندیان دەکرد، بەڵام بە كوشتنی ژینا هەموو ئەوانەی لەسەر خاكی ئێران دەژین دركیان بەوەكرد، كە ڕۆڵەكانی ئەوانیش پارێزراو نین. دەتوانین بڵێین لە نێوان ناڕەزایەتییەكانی گەلی كورد و گەلانی ئێران جیاوازی هەیە، بەڵام بەم خۆپیشاندانانە ئەو ناڕەزایەتیانه خزمەتی هەمان ئامانج و مهبهست دەكەن، ئەویش گۆڕانكاری سیستەمە.
“گەل ئیتر تێگەیشتووە کە نە بنەماخوقزان و نە ڕیفۆرمخوازان چارهسهری دۆخهکه ناکهن”
داوا لە هێڤی ڕەنج دەكەم زیاتر ئەو جیاوازییە ڕوون بكاتەوە، ئەو بەمجۆرە درێژە بە وتەكانی دەدات و دەڵێت: گەلانی ئێران ئیتر تێگەیشتوون ئەو ستەمەی، كە لەسەر گەلی كوردە وردە وردە ئەوانیش دەگرێتەوە. بۆ زۆریینەی خەڵك تا ئێستا گرنگترین پرس بابەتی ئابوری بوو، بەڵام دوای كوژرانی ژینا بۆیان دەركەوت كە گرنگترین بابەت شكۆی هەر ئێرانییەكە. ئەو بیركردنەوەیە گشتگیر بوو. بڕوانن لە ئێران ڕێفرۆرمخواز و بنەماخواز هەن، ئیتر خەڵك تێگەیشتووە هیچ یەك لەوانە چارەسەریان پێ نییە. هەندێك جار ئەو دوو هێڵە تووشی ناكۆكی دەبن، بەڵام ئەو ناكۆكیانە لەسەر بەرژەوەندییە. هەر دوو لایەنیش لەگەڵ ئەوەدان ڕژێم بمێنێتەوە بەو جۆڕەی خۆیان دەیانەوێت، لەو نێوانەشدا گەل دەچەوسێتەوە، كاردانەوەی خەڵك بەرامبەر ئەوان زۆر ببوو، بەڵام نەیاندەزانی چۆن بڕژێنە شەقامەوە. كوژرانی ژیناو بەرخۆدانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات، ئەو ڕێگەیەیی بە گەلانی تر نیشاندا، بەهۆی ئەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دروشمێكی گشتگیر بوو هەموو ئێرانییەكانی لە دەوری خۆی كۆكردەوە.
بۆیەکەم جارە پیاوان لەپێناو ژناندا دێنە سەر شەقام
ئەو پرسیارەی لە زۆر کەسم پرسیوە لە هێڤی ڕەنج سەقزیش دەکەن، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆچی ئەوەندە کاریگەری دانا، کە نەک هەر لە ئێران و ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهانیش ئەو هەموو مرۆڤەی بەدەوری خۆیەوە کۆکردەوە؟” ئەویش لەوبارەوە دەڵێت: “ناتوانین بناغەی ئەو بیرکردنەوەیە و ڕەنجی بزوتنەوەی ئازادی کورد لە دروستبوونی ژن، ژیان، ئازادی پشتگوێ بخەین. شوێنێک هەیە، کە ئەو فەلسەفەی تێدا دەژی و هەمووان ئەوە بە چاوی خۆیان دەبینن. ئەو شوێنەش ڕۆژئاوایە. بزوتنەوەی ئازادی کورد لە ڕۆژئاوا مۆدێلێکی بەو جۆرەی بونیادنا، کە ئەو مۆدێلە بۆ هەموو گەلان، بۆ هەموو بزوتنەوەکانی ژنان و فمینیستەکان بووەتە نموونە و سەرچاوەی ئیلهام، ئێرانیش سەرباری ئەوەی وەک وڵاتێکی گۆشەگیر و دابڕاو لە جیهان دادەنرا ئەو نموونە بەرجستەیەی بینی و ئێستاش هیوای ئەوە پەیدابووە، کە لەسەر ئەم خاکەش شین بێت و تیایدا گەشە بکات.
هێڤی ئاماژهی بهوهش کرد، ئێرانییەکان ئیتر ئاگاداری ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانن و بڕوایان بەوە هێناوە، کە ژنان هێزی گۆڕانکارین. ژنان نیوەی کۆمەڵن و ئەو نیوەیە دەزانن، کە دیلن و لەبەرامبەر ئەوە تێدەکۆشن، بەڵام شتێکی نوێ ڕوویدا. ئەو پیاوەی، کە ئاگای لە بندەستی ژن نەبوو وشیار بووەوە و لەگەڵ ژنان بۆ هەمان ئامانج و شان بە شانیان، کە تە تێکۆشانەوە. ئەو هیوایە وایکرد، کە ژن و پیاوانی ئێرانی بەدەوری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی-یەوە کۆببنەوە.
دروشم لە دژی خامنەیی
لەبارەی وتنەوەی دروشمەکانی “نەمان بۆ دیکتاتۆر” و “نەمان بۆ خامنەیی”، هێڤی ڕەنج سەقز دەڵێت: لەگەڵ هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک ئاستی ناڕەزایەتییەکان زیاتر بەرزدەبنەوە. بەر لە ٢٠٠٩ کەس لە دژی خامنەیی دروشمی نەدەدا. ترسیکی زۆر لەو بارەوە هەبوو. بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٩دا وردە وردە ناوی خامنەیی هاتە ناو دروشمەکانەوە. لە دوومانگی ڕابردوودا گەل بەتەواوەتی ئەو ترسەیان شکاندووە و لە هەموو شوێنێک دژی خامنەیی دروشم دەڵێنەوە هەر ئەمە بەتەنیا ئاستی ئەم سەرهەڵدانە نیشان دەدات. بەڵێ ڕاستە هێزەکانی ڕژێم توندوتیژی زیاتر دەکەن، بەڵام لەلای ئێمەی خۆپیشاندەریش، بڕوا و خاوەنداری لە بەرخودان بەهێزتر دەبێت.
‘بۆ بە ڕێکۆپێکی بەڕێوەچوونی چالاکییەکان پێویستیمان بە دروست کردنی کۆمیتەیە’
هێڤی ڕەنج، لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوەدەکات، لە ڕۆژهەڵات گروپی ڕێکخستن هەیە و جارجار بۆ ئەوەی پێکەوە بجوڵینەوە و کاری هاوبەش بکەن هەندێک هەوڵیان داوە، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە. هەر لەبەر ئەوەش تائێستا گەل پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکان دەکات. زۆر باش لە پێویستی خۆ بەڕێکخستن کردن دەکرێت، بۆئەوەی چالاکی و کارەکان بخرێنە چوارچێوەی سیستم و ڕێکوپێکتر بن پێویستیمان بە دروستکردنی کۆمیتە هەیە”.
“ئەوانەی ئەم گەلە ناناسن پێیان وایە ئەم خۆپیشاندانانە تەمهنیان کورت دەبێت”
هەندێک شرۆڤە بە بیری هێڤی ڕەنج سەقز دەهێنمە، کە دەڵین: ئەم خۆپیشاندانانە تەمەنیان کورت دەبێت، ئەویش لە مێژووی ئێرانەوە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: “ئەوانەی شرۆڤەی بەم جۆرە دەکەن نە گەلانی ئێران و نە کورد دەناسن. ڕەنگە هەندێک جار و ناوە ناوە چالاکی و خۆپیشاندان کەمببنەوە، گەل بۆ ئەوەی هەناسەیان بە بەردا بێتەوە و پشوو بدەن ڕەنگە ماوەیەک لە شەقام دەنگ هەڵنەبڕن، دواتر دەبینن، کە بە دەنگێکی بەرزترەوە دەگەڕینەوە بۆ شەقام ئەوە دوو مانگمان تێپەڕاند ئەمەش دەریدەخات گەل پاشەکشێ ناکات و سازش لەسەر داواکارییەکانی ناکات. لە ساڵی ١٩٧٤ەوە گەل هەندێک جار سێ مانگ لە شەقام دەکشایەوە، هەندیک جار مانگی سێ جار خۆپیشاندانی دەکرد، بەڵام بێ وچان ناڕەزایەتی دەردەبڕی تا ئەوەی گەیشتە ئەنجام. ئەمجارەیان گەل لەو بڕوایەدایە، کە زووتر دەگاتە ئاکام. لەبەر ئەوەشە لە شەقامەکان ناکشێتەوە”.
‘نە شامان دەوێت نە ڕابەر’
لەبارەی پرسیاری ئەوەی “ڕاستە گەل ئەم سیستمەی ناوێت، بەس لە بری ئەوە چی دەوێت؟” هێڤی ڕەنج سەقز دەڵێت: لە ئێران ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بوونی نییە. پاشایەتیخوازەکان هەن، کۆماری خواز هەن، موجاهیدین هەیە، بەڵام ئەو لایەنانە بەرنامەیەکی بەهێزیان نییە، هێز و پێگەی بەرچاویشیان نییە. لەبەر ئەوهش ئهو لایەنانە بە تەنیا وەک جێگرەوە دانانرێن. چینی بۆرژوا ماوەی دوو مانگە بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان بێدەنگە. ناوێرێت خۆی یەکلایی بکاتەوە. لەبەر ئەوەی بەرچاوڕوونی نییە، دەترسێت خۆی بە لایەکدا بخات و خۆی یەکلابکاتەوە. چالاکی و سەرهەڵدانەکان ڕێگەیەکی نوێش دەکەنەوە. بۆ نموونە کاتێک دەسهڵاتی شا ڕووخا ئەنجومەنێکی کاتی پێکهینرا. ئێستاش هێزەکانی دەرەوەی ئێران لە هەوڵێکی لەو جۆرەدان. لایەنە فاشیست و بەرژەوەندیخوازەکان تەگەرە دەخەنە ئەو کارەوە. پاشایەتیخوازەکان دەیانەوێت جارێکی تر پاشایەتی بگەڕێننەوە. بەڵام ئەمە لە بەرنامە و خواستی گەلدا نییە. لەبەر ئەوەی گەل زۆری چەشتووە بە دەست شاوە. گەلی کورد بە هیچ شێوەیەک خوازیاری گەڕانەوەی شا بۆ دەسهڵات نییە و دژی ئەوەیە. ئەگەر وهک فارسێکیش بیر بکەمەوە ناتوانم ئەوە قبوڵ بکەم، کە شایەک لە ناوەڕاستدا بێت و منیش بە دەورییەوە بم. تائێستا سەرجەم لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بە شێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ یەکدا بکەن. لەبەر ئەوەی هەر گروپێک بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە، بۆیە بزوتنەوەیەکی هاوبەش دروست نابێت. گەل دەیەوێت هەمووان بەرژەوەندی خۆیان بخەنە لایەک بەرژەوەندی گەل بە بنەما بگرن. گەر ئەمە ڕوونەدات دەترسم لەناوچوونی ڕژێم زیاتر بخایەنێت”.
‘لەسەدا ٦٠ی خۆپیشاندەران گەنجن’
هێڤی ڕەنج سەقز لەبارەی بەشداری خوێندکارانی خوێندگە ئامادەییەکان و گەنجان لە خۆپیشاندانەکاندا وتی: زۆرینەی ئەوانەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن گەنجن. هێز و ئیرادەیان بەهێزترە. لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ ستەم و ئەشکەنجەی ڕژێمیان نەبینیوە، چاونەترسن. دەتوانم بڵێم لەسەدا ٦٠ی خۆپیشاندەران لەو گەنجە نەترسانە پێکدێت. لەسەدا ٢٠ ئەو کەسانەن، کە ڕۆحیان بریندارە، زۆر ستەمیان بینیوە و جەرگیان سوتاوە. لەسەدا ٢٠یش ئەوانەن کە بە هۆی دروستبوونی ڕایگشتییەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و خوازیاری گۆڕینی ڕژێمن”.
ئینتەرنێت دەپچڕێت و ڤی پی ئێن-یش سوودی نییە
هێڤی هەروەها سەرنجی ڕاكێشا بۆسەر پچڕاندنی ئینتەرنێت و بەم جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: ئەمە كێشەیەكی گەورەیە. وای فای كەمێكیش بێت لە ئینتەرنێتی موبایل باشترە، بەڵام هەندێك جار ئەویش بە تەواوەتی دەپچڕێنن. سەرباری ئەوەی ڤی پی ئێن بەشیك لە ماڵپەڕە فیلتەركراوەكان دەكاتەوە، بەڵام خودی ڤی پی ئێن-ـەكانیش زوو زوو فیلتەر دەكرێن. هاوڵاتیان لە ڕێگەی بلوتوس و بەرنامەی شەیر كردنی دیكەوە ڤی پی ئێن بەیەكتر دەدەن. بەڵام ئەوەش كورتخایەنە و زوو ئەو ڤی پی ئێنانە دەستنیشان دەكرێن و بێكاریگەر دەكرێن. سەرباری ئەوەش گەل بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پەیوەندی، سەرەڕای مەترسی ئەمنی لە ڕێگەی تەلەفونەوە زانیاری دەگوازنەوە”.
نابێت جیهان جیاوازی بکات لە نێوان چاوشین و چاوڕەش دا
هێڤی ڕەنج سەقز لە كۆتایی قسەكانیدا بانگەوازی ئاراستەی هەموو خەڵكی ئێران، چوار بەشی كوردستان و جیهان دەكات و دەڵێت: داوا دەكەم هەموو كەسێك پشتگیری ئەو خەڵكە بكەن، كە خاوەنداری لە كەرامەتی خۆیان دەكەن. ئێمە دەزانین ڕۆژئاوای كوردستان بە دڵ و بەگیان لەگەڵمانە و خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانیان بۆ پاڵپشتیمان دەبینین. هەرچەندە كەمیش بێت لە باكووری كوردستانیش دەنگ هەڵبڕینێك هەیە، هەروەها پێویستمان بە پشتیوانی خهڵکی باشووریشە. هیوادارم ئەوانیش لە ئاستی ڕۆژئاوا پشتگیریمان بكەن. بانگەوازی من بۆ هەموو جیهان ئەوەیە، كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان چاوشینەكانی ئۆكرانیا و چاو ڕەش و قاوەییەكانی ئێران نهکهن و ئەو جیاوازیه وەلا بنێن و پشتگیریمان بكەن.
لە تارانی پایتەختی ئێران بارودۆخ چۆنە؟
ئەم بابهته درێژەی هەیە..
گهشته مهترسیدارهكهی ڕۆژنامهنووسێكی باكوور بۆ ناو جهرگهی خۆپیشاندانهكانی ڕۆژههڵات- بەشی یەکەم
گەشتە مەترسیدارەكەی ڕۆژنامەنووسێكی باكوور بۆ ناوجەرگەی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵات- بەشی دووەم
گەشتە مەترسیدارەكەی ڕۆژنامەنووسێكی باكوور بۆ ناوجەرگەی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵات- بەشی پێنجەم
گەشتە مەترسیدارەكەی ڕۆژنامەنووسێكی باكوور بۆ ناوجەرگەی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵات- بەشی شهشهم
ڕ.ڕ