دوایین وێستگەی گەشتەکەی ڕۆژنامەنووس عەبدولرەحمان گۆک بۆ ڕۆژهەڵات و ئێران، شاری تارانە، ئەو شارەی ژینا تیایدا لەلایەن پۆلیسی ئهخلاقییهوه کوژرا و لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان یەکێك لەو شارانە بووە، کە بێ وچان چالاکی و خۆپیشاندانی تێدا ئەنجامدراوە.
بەشی کۆتایی یاداشتەکانی ڕۆژنامەنووس عەبدولرەحمان گۆک بەم جۆرەیە:
گەلانی ئێران پێداگرانە ئەو ڕێگەیە دەکەنەوە، کە لە شۆڕشەوە بەرەو ئازادی دەچێت
لە ١٦ی ئەیلولەوە، کە ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسەوە لە تاران کوژرا تائێستا لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرهەڵدان هەیە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ٢٨ی تشرینی دووەمدا ئاشکرای کرد، کە تا ئەو کاتە لانیکەم ٤٤٨ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، کە ٦٠ منداڵ و ٢٩ ژنیش لەناو کوژراوەکاندان. لە کۆی ٧٢ کەس، کە لە نێوان ١٦ و ٢١ی تشرینی دووەم کوژراون ٥٦ کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، لە کۆی گشتیش نیوەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات بوون.
لەتاران لانیکەم ٤٣ هاوڵاتی تا ئەمڕۆ کوژراون. ئەمەش تەنیا ژمارەی ئەو کەسانەیە، کە ناسنامەیان یەکلایی کراوەتەوە. زۆرینەی ئەو سەرچاوانەی دیدارم لەگەڵ کردوون وتیان، بەشێکی زۆری بنەماڵەکان بە هۆی گوشارەوە ناوێرن هەواڵی کوژرانی منداڵەکانیان ئاشکرا بکەن. لە خۆپیشاندانەکاندا هەزاران کەس برینداربوون زیاتر لە ١٨ هەزار کەس دەستبەسەرکراون.
لەمهابادەوە بەرەو تاران
دوای گەڕانم لە شارەکانی ڕۆژهەڵات دەمەوێت دۆخی تارانیش ببینم. تاران پایتەختی ئێرانەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٨ ملیۆن کەسە. ئێوارە لە تێرمیناڵی مهاباد لە پاسێک سەردەکەوم و سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر دەگەمە تاران. سەرباری ڕێگە و شەقامی پان و فراوان قەرەباڵغییەکی چڕ هەیە. لەوکاتەوەی دەچینە ناو تاران و تا دەگەینە تێرمیناڵی ڕۆژئاوای تاران کاتژمێرێک دەخایەنێت. لە نزیک ئەو تێرمیناڵە یەک لە هێماکانی ئێران واتە بورجی (تاوەر)ی ئازادی هەیە. ئەو کەسانەی بەمەبەستی کار لە پارێزگاکانی تری ئێرانەوە هاتوونەتە تاران دوای دابەزین لە پاسەکان لەم گۆڕەپانەدا هەندێک پشوو دەدەن، تا ئەو کاتە دووکان و بازاڕەکان دەکرێنەوە. منیش ڕوودەکەمە بورجی ئازادی.
لەو گۆڕەپانە بۆ سەیرکردنی یارییهكانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر هەندێک ئامادەکاری کراوە. چەند گەنجێک بەمەبەستی دۆزینەوەی کار لە خوزستان، کە یەک لە پارێزگا هەرە هەژارنشینەکانە هاتوونەتە تاران، لە باخچەی گۆڕەپانەکە ڕاکشاون و پشوو دەدەن. دواتر چەند وێنەیەکی تاوەرەکە دەگرم و دەست بە گەشتەکەم بەناو شاردا دەکەم. شەقامەکان قەرەباڵغی سەرلەبەیانیان پێوە دیارە و مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لەکار دوانەکەون بە خێرایی هەر یەکەو بەرەو لایەکەوە دەڕۆن.
گەشتی ئیڕشاد چیتر دەسەڵاتی نەماوە
هەم لە شەقام و هەمیش لە جادەکانی تاران ژمارەی ئەو ژنانەی وەک ناڕەزایەتی دژی گەشتی ئیڕشاد (پۆلیسی ئەخلاق) لەچکەکانیان لابردووە بەراورد بە سەردانەکانی پێشووم زیاتر بوون. ڕژێم هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە ڕابگەیەنێت یان نا، وەک شارەکانی ڕۆژهەڵات لە تارانیش گەشتی ئیڕشاد هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە.
لە هەموو شوێنێک نوسراوی “نەمان بۆ دیکتاتۆر” دەبینرێت
دوای ئەوەی بە شەقام و جادەکاندا دەگەڕێم ڕوودەکەمە پارکی نەهجولبەلاغە. ئەو پارکە لە دۆڵی فەرەحزاد دروست کراوە. یەک لە گەورەترین پارکەکانی تارانە و هەم هاووڵاتیان و هەم خوێندکارانی قوتابخانە بۆ گەشت ڕوو لەو پارکە دەکەن. لەدوانیوەڕۆدا ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری دواناوەندی ڕوویان لە پارکەکەکرد و دەستە دەستە دانیشتن. ئەو کچ و کوڕانە لە کافترایەکە خواردن و خواردنەوەیان کڕیوە پێکەوە دەیخۆن و دەیخۆنەوە، بێ سڵ کردنەوە لە کەس گۆرانی دەڵێن و دەنگی پێکەنینەکەیان پارکەکەی گرتوەتەوە. لەناو پارکەکەدا بە سەر دیوارەکاندا نوسراوە “نەمان بۆ دیکتاتۆر”، “مەهسا (ژینا) ئەمینی”، ” زن زندگی آزادی (ژن ژیان ئازادی)” هەیە. زۆریان ڕەشکراونەتەوە، بەڵام لە تەنیشت ئەو نوسراوە ڕەشکراوانەدا گەنجان دروشمی دیکە دەنووسن. نووسینی “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر” یەک لەو دروشمانەیە کە نوسراوەتەوە.
دەستی خوێناوی!
لەو پارکەوە جارێکی تر بەرەو ناوشار دادەگەڕێم. تاڕادەیەک لەسەر ستوونی هەموو پردەکانی پەڕینەوەی سە ڕێگاکان و دیوارەکان ئەو هێمایانەی سەرنج بۆ سەر کوشتنی خۆپیشاندەران ڕادەکێشن هەن. هەروەها هێمای “دەستی خوێناوی”یش سەرنج بۆلای خۆیان رادەکێشن. بکوژی زیندانی ئهوین!
لە وێستگەیەکی پاس دادەنیشم و لەسەر کورسیەکەی ئەو وێستگەیە بە ماژیک نوسراوە “نەمان بۆ خامنەیی بکوژی زیندانی ئهوین”. زیندانی ئهوین لە بیرەوەری هەر ئێرانییەکدا هێمای ئەشکەنجەیە. یهكێكه له گەورەترین زیندانهكانی ئێران، کە زیندانیانی سیاسی لەوێدان. لەو زیندانە، کە بە ئەشکەنجە ناسراوە، هەندێک هۆڵی تایبەت هەیە، کە نە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکەن، نە سەر بە دادگان. هۆڵەکانی ژمارە ٢٠٩و ٢٤٠ كه ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداراندا بەڕێوەدەبرێن و ئەو لێرسینەوە و ئەشکەنجانەی لەو هۆڵانە لە مرۆڤەکان دەکرێن هیچ سنوورێکیان نییە.
لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا بە پاساوی ئەوەی زیندانیان یاخیبوون هێزەکانی ڕژێم هێرشیان کردەسەر زیندانی ئهوین و له ئهنجامدا لانیکەم چوار زیندانی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٦٠ زیندانیش برینداربوون.
دەزگا ڕاگەیاندنە نێودهوڵهتیهكان دەکرێنە ئامانج
لە تاران تاڕادەیەک لەبەردەم سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت، پۆلیس بە ماتۆڕسکیلەوە جێگیرکراون، کە چەکیان بەدەستەوەیە. لە پایتەخت زیاتر لە زانکۆکان و لە ئێوارانیشدا لە گەڕەکانی شار خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێن، لایەنگرانی ڕژێمیش بێ کار نەوەستاون. لە زۆر یەک لە بیلبۆردەکانی ناو شار پۆستەری پشتیوانی لە ڕژێم هەڵواسراون. لەو پلاکاردانەدا خۆپیشاندەران وەک “بوکەڵەی هێزە دەرەکییەکان” نیشان دراون. هەروەها لەسەر هەندێک دیوار و سندوقەکانی پۆستە و گەیاندن ناوی هەندێک لەو پۆلیسانەی گیانیان لەدەستداوە نوسراون و لە ژێریشیانەوە ناوی دەزگا ڕاگەیاندنە نێودهوڵهتیهكان وەک “بکوژ” نوسراوە.
تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە و ئاژانسەکانی هەواڵ لە خزمەت ڕژێمدان
تەلەڤزیۆنەکانی ئێرانیش سەرهەڵدانی گەل وەک “ئاژاوەگێڕی هێزە دەرەکییەکان” ناودێر دەکەن و لەوبارەوە بەردەوام و بێ وهستان بەرنامەی تایبەت بڵاودەکەنەوە. هەروەها بەڵگەفیلمێکیش لەسەر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ئامادەکراوە، کە سەرەنجم ڕادەکێشێت.
هەم پیاوان و هەم ژنانی سەر بە ڕژێم وەک “خراپەکاری و بێ ئەخلاقی” شرۆڤەی ئەو دروشمە دەکەن و بە دوورو درێژی لەسەری قسە دەکەن. لەو کاتەوەی لە ئێرانم ڕۆژانه ئەو بەڵگە فیلمه بڵاودهكرێتهوه. هەروەها تەلەڤزیۆن بهچڕی بەرنامە لەبارەی ئەو پۆلیس و سەربازانەی لە ساڵانی ڕابردوودا کوژراون بڵاودهكاتهوه. هاوڵاتییەک دەڵێت: لەساڵانی ڕابردووشدا ناوە ناوە بەرنامەی لەم جۆرە بڵاودەکرانەوە، بەڵام لەو ڕۆژەوەی خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردووە تا ئێستا ئەو جۆرە بەرنامانە زیاتر بوون. زۆرینەی ڕۆژنامە و ئاژانسەکانی دەڵەتیش بەو هەواڵ و ئینفۆگرافییانەی ئامادەیان دەکەن خۆپیشاندەران دەکەنە ئامانج. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان و چالاکوانانی ئێرانی نیشتەجێی تاراوگە و وڵاتانی ئەوروپا، سعودیە، ئەمریکا و ڕێکخراوە بەرهەڵستکارەکان و ڕێکخراوە کوردییەکان کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان دەکەن، لەلایەن ئەو ڕاگەیاندنانەی دەسەڵاتەوە دەکرێنە ئامانج.
گەل لە ڕێگەی سەرچاوەی جێگرەوەوە دەستیان بە زانیاریی دەگەیەنن
زۆرینەی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، کە لە ژێر دەسهڵاتی ڕژێمدان هەرگیز کوژرانی ژنان، منداڵان و گەنجان نابینن و لە هەواڵەکانیاندا باسی ناکەن. هەمان ڕاگەیاندن مانگرتنی دوکانداران وەک ستەم و زۆرداری چالاکوانان و چالاکی گەنجانیش وەک “تێکدەر” پێناسە دەکەن. ئەو سەرچاوانەی قسەیان لەگەڵ دەکەم دەڵێن: چیتر کەس متمانە و بڕوای بە تەلەڤزیۆن، ئاژانس و ڕۆژنامەکانی لایەنگری دەسەڵات نەماوە. ئێرانییەکان سەرباری ئەوەی پچڕاندنی ئینتەرنێت و قەدەغەکردنی زۆر ماڵپەڕ لە ئارادایە، بە هەموو جۆرێک خۆیان دەگەیەننە سەرچاوە جێگرەوەکانی زانیاری و لە ڕێگەی ئەوانەوە بەدواداچوون بۆ پرسە گەرمەکانی وڵاتەکەیان و جیهان دەکەن.
لە شۆڕشەوە بەرەو ئازادی..
لە زۆربەی شارەکان گۆڕەپان بە ناوی “ئیقلاب (شۆڕش)” و “ئازادی” بوونیان هەیە. دوو لە گۆڕەپانە گرنگەکانی تارانی پایتەختیش ناویان “ئینقلاب” و “ئازادی”یە. کاتێک لەگەڵ ئێرانی و ڕۆژهەڵاتییەکان قسە دەکەم و سەرنج بۆ سەر ئەوە ڕادەکێشم ، باس لە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دەکەن، کە لەناو خەڵکدا باوە. هاوڵاتییەک، کە لە کاتی گەشتەکەمدا هاوکاریم دەکات بە من دەڵێت: ” تۆ ڕاست دەکەیت، لە هەموو شارێک بەو دوو ناوەوە گۆڕەپان و مەیدان بوونی هەیە. خەڵک دەڵێن ٤٣ ساڵ بەر لە ئێستا ئینقلاب (شۆڕش)یان کردووە. لەو ٤٣ ساڵەدا نەگەیشتوونە ئازادی. لە نێوان شۆڕش و ئازادیدا تووشی چەقبەستووی و مانەوە بوون”.
لەو ٤٣ ساڵەدا بۆ ئەوەی گەل لە شۆڕشەوە بگاتە ئازادی بە هەزاران کەس کوژران و لەسێدارەدران، بەڵام گەلانی ئێران کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی ڕژانە شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان بێ وچان دەردەبڕن و دەڵێن: سوورن لەسەر ئەوەی ئەمجارە ڕێگەی نێوان ئینقلاب و ئازادی لە چەقین و چەقبەستوویی بترازێنن”.