گەمارۆکانى سەر ئێران و کاریگەرییەکانى

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەو گەمارۆیانەى خستەوە سەر ئێران، کە دوای ڕێکەوتنی "بەرجام" ڕاگیرا بوو، هاوکات سبەینێش خولى دووەمى گەمارۆکانى بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، ئەوەش لە چەندین ڕووەوە کاریگەریى لەسەر ئێران دروست دەکات.


دوێنی مایک پیمپۆ وەزیری دەرەو و ستیڤن مەنوشین، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، هەواڵی دەستپێکردنی خولی دووەمی گەمارۆکانی سەر ئێرانیان کە ٥ی ئەم مانگە واتا سبەینێ جێبەجێ دەکرێت، ڕاگەیاند. 

ئەو گەمارۆیانە، کە لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمەوە دەکەوێتە جێبەجێکردنەوە، بوارەکانى بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت و گاز، پێشەسازی پتروکیمیاوی، کەشتیوانی و سیستەمی بانکی ئێرانی دەکاتە ئامانج. 

هاوکات کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە، کە گەمارۆکان بوارەکانی خۆراک، دەرمان و پێداویستی پزیشکی ناگرێتەوە. 

دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی-دا مایک پەیمپۆ وەزیری دەرەو و ستیڤن مەنوشین وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، ڕایانگەیاند، گەمارۆکان تا ئەو کاتەی ئێران دان بە داواکاریەکانی واشینتۆن دانەنێت، بەردەوام دەکات. 

مایک پەیمپۆ جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە ئامانجی سەرەکی داسەپاندنی گەمارۆکان، "گۆڕانکارییە لە کرداری کۆماری ئیسلامی ئێرانە". 

کاتژمێرێک دوای لێدوانەکە مایک پەیمپۆ لە تویتێکدا نووسی، "کارەکانمان حکومەتی ئێران دەکاتە ئامانج نەک خەڵکی ئێران، کە لەم ڕژێمەدا بە سەختی تووشی ڕەنج و زەحمەت بوون، بۆیە وەک کارێکی مرۆڤ دۆستانە بوارەکانی خۆراک، دەرمان و پێداویستی پزیشکی-مان بەدەر کردووە لە گەمارۆکان". 

لە لێدوانە هاوبەشەکەی مایک پەیمپۆ و ستیڤن مەنوشین، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ٧٠٠ کەس و دەزگای ئێرانی لە لیستی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا جێ دەگرن، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەو بارەیەوە باس نەکرد. 

ستیڤن مەنوشین، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سوئیفت (کۆمەڵگای جیهانی پەیوەندی نێو بانکی) کە بەشێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی پارە لە نێوان وڵاتانی جیهان لە ئەستویە، لە ئەگەری ئەوەی یارمەتی ئەو دامەزراوە داراییانەی بدات، کە گەمارۆ خراوەتە سەریان، گەمارۆ دەخرێتە سەری و ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەدا نییە. 

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا دەستی هەشت وڵاتی لە کڕینی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی کاتی ئاوەڵا کردووە، تا ئەو کاتەی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ دابینکردنی نەوتی خۆیان بدۆزنەوە، تا ئێستا ناوی هەندێک لەو وڵاتانە ئاشکرا کراوە، کە هیندیستان، چین، کوریای باشور، ئیتالیا و ژاپۆن لە خۆ دەگرێتەوە. 

هێشتا خولی دووەمی گەمارۆکان دەستی پێنەکردووە، بەڵام لە هەندێک ماڵپەڕ بانگەشەی ئەوە کراوە، کە فڕۆکەکانی ئێران لە تورکیا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پێویست تووشی کێشە هاتوون و ناتوانن بفڕن، بەهۆى ئەوەى سوتەمەنى فرۆشتن بە فڕۆکە ئێرانییەکان قەدەغە کراوە. 

لە چ کاتێک گەمارۆکان دەستی پێکرد؟

لە ساڵی ١٩٨٠ ئەمریکا، دوای داگیرکردنی باڵیوزخانەکەی لە تاران و بە دیل گیرانی دپلۆماتەکانی، بۆ یەکەمجار گەمارۆیەکی بەرفراوانی خستە سەر ئێران، لە سەردەمی سەرۆک کۆمار بیل کلینتۆن، لە ساڵی ١٩٩٥ جارێکی دیکە هەندێک گەمارۆ خرایە سەر ئێران، بەهۆى ئەوەوە، قەدەغەکرا کە کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کار بکەن، هەروەها قەدەغەکرا سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی نەوتی ئێران و پەیوەندییە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئێران بکرێت، لە ساڵی ٢٠٠٧یش زۆربەی بانکە ئێرانیەکان کەوتنە ژێر گەمارۆ و هاوکات سوپای پاسداران و دامەزراوەکانی پەیوەندیداریش گەمارۆى خرایە سەر. 

 بەڵام گرنگترین و گەورەترین گەمارۆکانی سەر ئێران، لە ساڵی ٢٠١٢ بوو لە کاتی سەرۆک کۆماری باراک ئۆباما-دا، کە لایەن کۆنگرێس ئەمریکا پەسەند کرا، کە لەسەردەمى سەرۆک کۆمارى ئەحمەدى نەژاد-دا بەسەر ئێراندا سەپا، لە درێژەى ئەم ڕاپۆرتەدا باس لە وردەکارییەکانى دەکەین. 

بەڵام دوای هەڵسان و داکەوتنێکی زۆر لە پەیوەندیەکانی ئێران و ئەمریکا و کاریگەری گەمارۆکان و جموجوڵەکانی داعش لە نزیک سنورەکانی ئێران، و بە سەرکارهاتنی حەسەن ڕۆحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران جارێکی دیکە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئاستی دەستەی گفتگۆکار و بە نێوانگیری یەکێتی ئەوروپا دەستی پێکرد و دانوستانەکان گەیشتە ئاستی وەزیرانی دەرەوە و تەنانەت بانگەشەی ئەوەش دەکرا، کە ئەگەری گفتوگۆی نێوان ڕوحانی و ئۆباما هەیە، بەڵام لەژیر فشاری هێزە توندڕەوەکانی ئێران ئەو پەیوەندیە لە کاتی گەڕانەوەی ڕۆحانی لە ئەمریکا بە تەلەفۆن ئەنجامدرا.  

لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای کێشمەکێشێکی زۆر ڕێکەوتنێک واژۆ کرا، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێران بە "بەرجام" یان ڕێکەونی "ئێران و ٥+١" دەناسرێت، ئەو ڕێکەوتنە لە ڕاستی خویدا لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرا، بەڵام ئێران وەک گەرەنتیەک خوازیاری بەشداری پێنج وڵاتی دیکەش بوو، ئەو وڵاتانە بریتی بوون لە: ڕوسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا و ئەڵمانیا کە بە نێوانگیری یەکێتی ئەوروپا، ئەو ڕێکەوتنەیان واژۆ کرد. 

دوای ڕیککەوتنەکە گەمارۆکانی سەر ئێران بە دەرکردنی فەرمانێک لە لایەن باراک ئۆباماوە لابرا و بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش ڕاوەستا، هەرچەندە ئەو فەرمانەی ئۆباما نارەزایەتیەکی زۆری لە ناو ئەمریکا دروست کرد، بەڵام تا کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا نێوانی ئێران و ئەمریکای خۆش کردبوو. 

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەنجامدرا و سەرەتای ٢٠١٧ دوناڵد ترامپ بوو بە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ترامپ، کە هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڕەشەی دەرچوون لەو ڕێکەوتنەی دەکرد، لە ئەنجامدا لە ڕۆژی ٨ی ئایارى ٢٠١٨ بە فەرمی دەرکەوتنی خۆی لەو ڕێکەوتنە ڕاگەیاند. 

بە دەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە، وڵاتانی ئەوروپی هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕێکەوتنە، بەڵام سەرکەوتنیان بە دەست نەهێنا و ترامپ بە واژۆکردنی فەرمانێک، خولی یەکەمی گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا سەپاند. 

ئەو گەمارۆیانە لە ڕێکەوتی ٤ی ئابی ٢٠١٨ دوای مۆڵەتێکی سێ مانگە دەستیپێکرد و ئەو بوارانەی لەخۆ دەگرت: 

١- کڕین و فرۆشتنی دراوى کاغەزى و ئەو سەنەدانەی پێگەی دۆلاریان هەیە.
٢- کڕین و فرۆشتنی زێر و کانزاى پڕبەها.
٣- ئەلەمینیوم، ئاسن، بەردی خەڵۆز و ... 
٤- کردنەوەی ئەژمارى بانقى دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و ئاڵوگۆڕی ڕیاڵ بە ڕێژەی زۆر.
٥- پیشتیوانی ماڵی و بەڵگەی بڵاوکراو لە لایەن ئێران.
٦- کارگەکانى ئۆتۆمبێلى ئێران.
٧- کڕین و فرۆشتنی پارچەی فڕۆکە.
٨- فرۆشتنی ئەو خۆراکانەی لە ئێران بەرهەم دێن.
٩- چالاکی بەندەرەکان، کەشتیوانی و کەشتیسازی و پێشەسازی گرێدراوی ئەوانە.
١٠- بازاڕی نەوت و پەترۆکیمیاوی
١١- قەدەغەی بازاڕ نێوان دامەزراوە ماڵییەکانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران.
١٢- قەدەغەی سەرمایەگوزاری لە بەشی وزەى ئێران.
١٣- هاوکاری لەگەڵ ئێران لەسەر گەرەنتی خزمەتگوزارى و گەرەنتى.

خولی دووەمی گەمارۆکانیش کە لە  سبەینێوە دەستپێدەکات بە شێوەیەکی گشتی بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت و گاز، پێشەسازی پتروکیمیاوی، کەشتیوانی و سیستەمی بانکی ئێرانی دەکاتە ئامانج. 

لە بەرامبەردا ئێران هەر لە دەستپێکی گەمارۆکاندا، بە بێکاریگەریان دەزانی و بانگەشەیان دەکرد، کە کاریگەریی لەسەر ئابووری ئێران نابێت، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کەناڵێکی تەلەفیزیونی ئێران، قسەی کردوە و دەڵێت: ئەوە زیاتر شەڕێکی زارەکییە و بۆ کزکردنی مۆراڵی گەلی ئێرانە. 

ئەوە لە حاڵێکدایە زاناکانی بواری ئابووری بە پشتبەستن بە داتاکانی بازاڕ ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران نێوان ١٥٠% بۆ ٣٠٠% دەزانن و پێیان وایە ئەو ڕێژەیە لە ڕۆژانی داهاتوو زیاتر دەبێت. 

دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، کاریگەریەکی زۆری کردووە لەسەر بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و ڕێژەی هەژاری، بە جۆرێک بانکی ناوەندی ئێران هێڵی هەژاری بە داهاتی  مانگانەی ٦ ملیۆن تمەن دادەنێت و مووچەی کرێکار لە ئێران ئێستا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن زیاتر نییە.  

حەسەنی ڕۆحانی بەم دواییانە ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بە هەوڵدان بۆ لە ناوبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکای بە بەرپرس زانیوە لە سەرهەڵدانی کێشەکانی ناو ئێران. 

ڕۆحانی و چەند کەسێک لە کاربەدەستانی ئێران پێیان وایە بە سیاسەتە ئابووریەکانی ئەوان گەمارۆکان کاریگەریی خۆیان لە بازاڕی ئێران داناوە و خۆلی دووەمی گەمارۆکان، کاریگەری ئەوتۆیان نابێت لەسەر ئابووری ئێران. 

دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا، لە ویلایەتی ئیندیانا لەناو هەوادارەکانی قسەی کرد و وتی: "توندترین سزاکان بەسەر ئێران دەسەپێنین". 

ترامپ لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دەڵێت: "کاتێک دێت، کە کاربەدەستانی ئێرانی زۆر وشیار دەبنەوە و دێنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن، بۆ ڕێکەوتنیکی بەویژدان و ڕاستی، کە ببێتە هۆی گەشەکردنیان،  ئێمە گەشەکردنی ئەوانمان دەوێت". 

مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان لە گەل ئێران

١- پێویستە ئێران هەموو وردەکارییە سەربازییەکانی بەرنامەی ئەتۆمی پێشوی خۆی بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ڕابگەیەنێت.

٢- ئێران دەبێت پیتاندنی یورانیۆمی خۆی بوەستێنێت، هیچکات بە دوای بەرهەمهێنانی پلوتۆنیوم نەڕوات، ئەمە داخستنی ڕیئاکتۆری ئاوی گرانیش لە خۆ دەگرێت.

٣- ئێران دەبێت ڕێگە بە لێکۆڵەرەکانی ئاژانسی نيودەوڵەتی بدات، کە بە شێوەیەکی بێسنوور هەموو ناوەند و دامەزراوەکانی لە سەرتاسەری وڵاتەکەی بپشکێنیت.

٤- گەشەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالستیکی بوەستێنێت، وەشاندنی سامانە مووشەکی تازەکان، کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ناوەکییان هەیە، ئیتر ئەنجام نەدرێت.

٥- هەموو هاووڵاتیانی ئەمریکا و هەروەها هاووڵاتیانی، وڵاتەکانی دۆست و هاوپەیمانی ئێمە، کە بە تۆمەتی دروستکراو لە ئێران زیندانین، پێویستە ئازاد بکرێن.

٦- ئێران دەبێت پاڵپشتی کردنی لە گروپە تیروریستیەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە ناویان حزبولای لوبنانی، حماس و جیهادی ئیسلامی، هەڵبگرێت.

٧- ئێران دەبێت سەروەری دەوڵەتی عێراق بە فەرمی بناسێت و ڕێگە بدات گروپە شیعە چەکدارەکانی عێراق بێچەک بکرێن و هەڵوەشێنەوە و دوبارە ڕێکیان نەخاتەوە.

٨- ئێران دەبێت دەستهەڵبگرێت لە پاڵپشتی چەکدارە شیعەکانی حەوسی و بەرەو چارەسەرێکی سیاسی ئاشتیخوازانە بڕوات.

٩- هەموو هێزە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی ئێران لە سەرانسەری سوریا، پێویستە لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.

١٠- ئێران دەبێت کوتایی بێنێت بە پاڵپشتی لە تالیبان و گروپە تیروریستیەکانی دیکە لە ئەفغانستان، ناوچەکە و هەروەها نەبێتە پەناگایەک بۆ ڕێبەرە باڵاکانی قاعیدە.

١١- دەبێت پاڵپشتی شانەی قودسی سوپای پاسداران لە تیروریزم و هاوپەیمانە چەکدارەکانی لە سەرتاسەری جیهان ڕابگیرێت.

١٢- هەروەها ئێران پێویستە هەڵسوکەوتی هەڕەشەئامیزی خۆی لە بەرامبەر دراوسێکانى، کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریکان کوتایی پێبهێنێت، لەوانە هەڕەشەی لاناوبردنی ئیسرائیل و وەشاندنی مووشەک لە سەعودیە و ئیمارات، ئەمە کەشتیوانی نێودەوڵەتی و چالاکی خراپەکارانەی سایبریش لە خۆ دەگرێت.

د.ع