لە ڕۆژی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییدا، ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە هەرێمی کوردستان بەشێکیان لە زینداندان و بەشێکیشیان ئاستەنگییان بۆ دروست دەکرێت و هەڕەشەی دەستگیرکردن و تیرۆرکردنیان لەسەرە.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە لەساڵی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکراوە، ئازادیی ڕۆژنامەگەریی وەک بەشێک لەئازادیی ڕادەربڕین دەناسێنێت و وەک مافێکی مەدەنی هەموو مرۆڤیک دانی پیادادەنێت.
لە مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٣-دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبڕیاری ژمارە ٤٨/٤٣٢ رۆژی ٣ی ئایاری هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانیی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دیاری کرد، لەو کاتەوە هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا یادی ئازادیی رۆژنامەگەری بەرز ڕادەگیرێت و بۆنەو مەڕاسیمی تایبەت لەسەرانسەری دنیا بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژنامەگەریی وەک ماف و ئازادیی
ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە بازنەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەژێر ئازادیی ڕادەربڕیندا پۆلێن دەکرێت؛ ئازادیی ڕادەربڕین یەکێکە لەمافە بنچینەیەکانی مرۆڤ، بەجۆرێک کە هەموو کەسێک شایستەیە پێی، لە ماددەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا نووسراوە: هەموو کەسێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی هەیە؛ ئەو مافە ئازادیی هەڵگرتنی بۆچوون، بەبێ دەستوەردان و ئازادیی گەڕان و بەدەستهێنان و پێدانی زانیاریی و بۆچوون لەخۆ دەگرێت لەڕێگەی میدیا و بەبێ هیچ سنووربەندییەکی جوگرافی.
ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لەهەرێمی کورستان
لەساڵی ١٩٩٢-ەوە تاکو ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج یاسای لە بواری چاپەمەنیی و ڕۆژنامەگەریی و بەدەستهێنانی زانیاریی دەركردووە، ئەوانیش:
-یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستانی عێراق ژمارە ١٠ ی ساڵی ١٩٩٣
-یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانی عێراق ژمارە ٤ ی ساڵی ١٩٩٨
-یاسای سندوقی خانەنشینی ڕۆژنامەوانیی كوردستان- عێراق ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠١
-یاسای ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧
-یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لە هەرێمی کوردستان ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣
هەر هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان دەزانێت، ئەم یاسایانەش وەک گشت یاسا نووسراوەکانی دیکە نەبووەتە سایەیەکی ئارام بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، تا لەسێبەریدا پارێزراوبن لە هەڕەشە و تیرۆر و توندوتیژییەکان.
دەستبردن بۆ پرسی گەندەڵی دەسەڵادارانی هەرێم و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە داگیرکردنی موڵکی گشتی و کۆنترۆڵکردنی دادگاکان، بەزاندنی هێڵی سوورە و لەم حاڵەتانەدا ڕۆژنامەنووسەکە دەکەوێتە بەرمەترسیی تیرۆرکردن، دۆسییەکانی تیرۆری ڕەئوف ئاکرەیی، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، شوکری زەینەدین و وەدات حسێن، نموونەی دیار و زیندووی ئەم پرسەن.
پرۆسەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان و حوکمدانیان لەلایەن پەدەکەوە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هێندەی تیرۆرەکان لە ئاستی جیهانیی پرسیاری لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دروستکرد و بوو بە خاڵێکی ڕەشی دیکەی حوکمڕانییان.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، كە تایبەتە بە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەکان و بەتۆمەتی هەڵبەستراو، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی دەستگیردەکات، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زیندانەکاندا دەیانهێڵێتەوە، هەندێک جاریش ڕێگەنادەن ئەو کەسانە پارێزەر و دادوەر ببینن و حکومی زیندانیکردن دەدەنە پاڵیان، وەک نموونەش زیندانیانی بادینانی کردبوو بە پاڵپشت و بەڵگەی ڕاگەیەندراوەکەی.
لەو بارەیەوە د. کارزان محەمەد مامۆستا لەزانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەگەڵ هەبوونی یاسای تایبەت بەڕۆژنامەگەریی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەڵام لەلایەن دەسەڵات و حزبە سیاسییەکانەوە ئاستەنگ و ڕێگری زۆر بۆ ڕۆژنامەنووسان درووستکراوە، بۆنموونە یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری تەواو پێشێلکراوە، کە پێویست بوو بەیەکسانی بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسان کاری پێبکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پارتە سیاسییانەی لەناو پەرلەماندا زۆرینەن، بەپێی بەرژەوەندیی حزبەکەیان یاساکان دادەڕیژن و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەو یاسا نادروستانە ئازادیەکان بەرتەسک دەکەنەوە، هەروەها لەبارەی یاسای پاراستنی مافی رۆژنامەنووسانەوە وتی: بەداخاوە ئەزموونی ڕابردوو نیشانیداوین ڕۆژنامەنووسان بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دووچاری گرتن و سزادان دەبنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنە لە سیاسەت و شێوازی حکومڕانی کوردیی دەگرن، کێشەیان بۆ دروستدەکرێت.
بەبۆجوونی د.کارزان، هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دەزگای ڕاگەیاندن و میدیاکان، مانای فەراهەمکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری نییە، بەڵکو ئەوە دۆخەکەی خستووەتە قەیرانەوە و ڕاگەیاندنی کوردی لە ڕەوشێکی نا دروستدایە.
باسی لەوشکرد، کە بۆ باشکردنی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری کوردی پێویستە سەندکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان باشتر ڕۆڵ ببینن لە پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری ئەکادیمیی و باش، لە هەمانکاتدا چاودێریی کەناڵەکانیش بکەن.
هەروەها، سارا قادر، مامۆستای بەشی تەلەفزیۆن لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە، پێویستە میدیای ئازاد هەبێت، دەنگی خەڵک و ڕەنگدانەوەی دۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بێت و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد.
بە وتەی سارا قادر، هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دەزگای ڕاگەیاندیش فەوزایەکی دروستکردووە و هاوڵاتیان باش و خراپ لێکجیاناکاتەوە، ئەمەش سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەیە کە دەیانەوێت هاوڵاتییەکانی سەرلێشێواوبن و ڕاست و نادروست نەناسێتەوە، بۆیە لەئێستادا ناتوانین بڵێن ڕاگەیاندنی کوردی جێگای دڵخۆشییە، چونکە تاکی کورد ئەو زانیارییانەی پێویستە لە میدیا وەری بگرێت بەهیچ شێوەیەک پێی ناگات.
لەڕوانگەی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان ساڵانە بڵاویدەکەنەوە پەیوەندیدار بەئازادی رۆژنامەگەریی لە باشووری کوردستان، دەتواندرێت تێبینی ئەوە بکرێت کە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ڕادەبڕین لە مەترسیدایە و پێشێلکاری یاسا و دیاردەی توندوتیژیی بەرامبەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان ساڵ لەدوای ساڵ زیاتردەبن.
ش.ف