یادی شەهیدانی ٩ی گوڵان هەوینی تێکۆشانی ئازادییە

مێژووی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلانی بندەست دژی داگیرکاری و فاشیزم، پڕاوپڕە لە قارەمانێتی و فیداکاری، بۆ گەلی کوردیش مانگی گوڵان "ئەم مانگە" وەک مانگی شەهیدان دەناسرێت، کە لەو مانگەدا سەدان ڕۆڵەی قارەمانی ئەم گەلە گیانی خۆیان بەختی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەیان کردووە.


گەلی کوردستان لە مێژووی خۆیدا هەزارن ڕۆڵەی قارەمانی پێشکەشی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیخوازیی وڵاتەکەی کردووە، بە دامەزراندنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردەوە، تێکۆشان و بەرخۆدان لە چوار بەشی کوردستان ڕەنگێکی دیکەی بە خۆیەوە گرت و سەدان داستانی قارەمانێتی نووسرا کە زۆرترینیان لە مانگی گوڵان کە بە مانگی شەهیدان دەناسرێت تۆمارکراوە و ئەم مانگە هەر لە سەرەتاوە هەتا دوایی بووەتە مەڵبەندێکی گرنگی تێکۆشانی دژبە داگیرکەری، دەسەڵاتداری و فاشیزم، و لەم مانگەدا زۆر قارەمان گەیشتنە لوتکەی شەهیدبوون.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ماوەیەک بێدەنگییەکی سیاسیی و خەباتی شۆڕشگیرانەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بە بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی جارێکی دیکە خەبات و شۆڕشگێڕیی لەو بەشەی کوردستاندا زیندوو بووەوە، بەڵام دەسەڵاتی ئێران لەبەرامبەر ئەو فکرە خۆی پێڕانەگیرا و دەستی بە هێرشکردنە سەر شۆڕشگێران و خەباتکارانی ئەو بەشە کرد.

دەسەڵاتی ئێران کە بە یاسا دژە مرۆڤانەکانی بە ئامانجی رێگرتن لە تێکۆشانی ئازادی گەلان، رێبازی گڵاوی لەسێدارەدان بەکاردێنێت، دەیەوێت بەو شێوەیە بەر لە هەموو شتێک بە لە ناوبردنی پێشەنگانی رێکخستن و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی، کۆتایی بە هەموو خەباتێکی ڕزگاریخوازانە بێنێت، بۆ سەپاندنی ئەم سیاسەتەش لە رۆژی ٩ی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠ـدا، بە لە سێدارەدانی چوار ڕۆڵەی قارەمانی گەلی کورد و شۆڕشگێرێکی دیکەی ئێرانی، هەوڵیاندا ترس و خۆف لەناو گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دروست بکەن و ڕێگە لە بیر و هزری ئازادیخوزانە بگرن.

ڕۆژی ٩ی گوڵانی ٢٠١٠، ڕۆژێکە کە لە بیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە و دەمێنێت، لەو ڕۆژەدا چوار ڕۆڵەی قارەمان و کۆڵنەدەری گەلەکەمان بە ناوەکانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی لەگەڵ تێکۆشەرێکی ئێرانی بە ناوی مەهدی ئیسلامیان، لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا لە زیندانی ئێڤینی تاران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە سێدارە دران، ئەوەش ناڕەزایی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە، کە دواجار بووە مانگرتنێکی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە سەرتاسەری کوردستان بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی حکومەتی ئێران، خەڵک خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد، لە باشوری کوردستان گربوونەوەیەی ناڕەزایی بەڕێوەچوو، گەلی کورد لە باکوری کوردستانەوە بەرەو سنوورە دەستکردەکان ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا تا خاڵی سفری سنووریی، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی نیشاندرا و بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئەو خۆپێشاندانانە ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و بە دەیان کەس دەستگیر کران.

دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک ڕێزگرتن لە یادی ئەو شۆڕشگێڕانە، ئاکادیمییەک بەناوی "فەرزاد کەمانگەر" دامەزرا، هەروەها لە باکوری کوردستانیش دوای قۆناغی ئاشتیی، یەکەم خوێندنگای تایبەتی کوردی بەناوی "شەهید فەرزاد کەمانگەر" ناونرا.

ئێستا و بە تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر ئەو لەسێدارەدانانە، یادی ئەو شەهیدانە لە دڵی خەڵکی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندووە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا، ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد یادیان بەرز ڕادەگرن، یادی ئەو شەهیدانە بووەتە هەوێنی تێکۆشانێکی زیاتر و لە ئێستادا هەزاران گەنج بەردەوامی بە ڕێگای ئەو تێکۆشەرانە دەدەن و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان تێدەکۆشن.

کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو شەهیدانە:

فەرزاد کەمانگەر

فەرزاد کەمانگەر، لە سا‌ڵی ١٩٧٦دا لە شاری کامیارانی سەربە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئاسک بووە، هەروەها بە نازناوی "سیامەند"ەوە لە گۆڤاری ڕۆیاندا بابەتی نووسیوە، هاوکات چالاکوانێکی ناسراوی مافی ژنان بووە، لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٦دا لە تارانی پایتەخت لەگەڵ دوو هاوڕێی دەستگیرکرا، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزای سێدارەدانی بۆ بڕایەوە و دواتر لە ٩/٥/ ٢٠١٠دا لە زیندانی ئێڤینی تاران لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی لە سێدارە درا.

شیرین عەلەمهولی

شیرین عەلەمهولی ٣/٦/١٩٨١ لە گوندی دێم قشڵاقی سەربە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیە لە دایک بووە، ساڵی ٢٠٠٦ بەشداری ڕیزی گەریلاکانی پژاک بوو، ٢٥/٤/٢٠٠٨ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە تارانی پایتەخت دەستگیر کرا، شەهید شیرین وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەشکەنجەکانی سوپای پاسداران لە زیندان، دەست بە مانگرتن دەکات و ٢٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت تا دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ٢٩ی زیندانی ئێڤین لە تاران، دوای شەش مانگ ئەشکەنجە دەگوازرێتەوە بۆ بەندی ژنان لە هەمان زیندان، لە ١٩/١٢/٢٠٠٩ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پژاک سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت بێ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بەرگریی لەخۆی بکات و ڕۆژی  ٩ /٥/٢٠١٠دا لە زیندانەکەدا لە تاران لەسێدارە درا.

 

فەرهاد وەکیلی

فەرهاد وەکیلی کوڕی شەریفە و محەممەد سەعید لەدایکبووی٢٣/٥/١٩٦٦ شاری سنە ، بڕوانامەی زانکۆی هەبووە، باوکی سێ منداڵە بە ناوەکانی ( هەنگامە ، هەورام و هەوراز)، هەر لە ساڵەکانی سەرەتای گەنجیەتی دەستی بە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان کردبوو، بەهۆی ئەم چالاکییانە لە شوێنی کارەکەی خۆی (فەرمانگەی کشتوکاڵیی سنە) لەمانگی پێنجی ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر دەکرێت، دوای ساڵ و نیوێک لەزیندانی کردن و ئەشکەنجەدانی لە٣٠/١/٢٠٠٨ لە بەشی۳۰ی دادگای شۆڕشی تاران لە دادگایەکی حەوت خولەکی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بە ۱۰ ساڵ زیندانی و لەسێدارەدان سزا دەدرێت و لە ٩ی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠دا لە زیندانی ئێڤین لەسێدارە درا.

 

عەلی حەیدەریان

ساڵی ١٩٨٠ لە سنە لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی هەر لەو شارە تەواو کردووە و ساڵی ٢٠٠١ بەشداری ڕێزەکانی گەریلا بووە، ١٦/١١/٢٠٠٦ لە تارانی پایتەخت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و دوای ١٨ مانگ زیندان و ئەشکەنجەدان، لەدادگایەکی ١٠ خولەکی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، شەهید عەلی حەیدەریان لەنامەیەک دا باسی ئەوە دەکات کە، کاتێک داوام لە دادوەرەکە کرد کە بەڵگەی ئەو تۆمەتانەم پێشان بدات، دادوەر لە وەڵام دا وتی "سزای دۆسیە سیاسییەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەردەکرێت، من تەنیا دەیخوێنمەوە"، دوای ئەو نادادگایە دیسان دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئێڤین و لە ٩ی مانگی ٥ی ٢٠١٠ دا لە هەمان زیندان لە تاران لەسێدارە درا.

مەهدی ئیسلامیان

 

مەهدی ئیسلامیان یەکێک دیکە لەو کەسانە بوو کە لەگەڵ ئەو چوار گیراوە سیاسییە لە زیندانی ئێڤین لە سێدارە درا، ٣/٥/٢٠٠٨ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و ٥/١٢/٢٠٠٩ لە دادگایەکدا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پاشایەتی و هاوکاری لەگەڵ براکەی بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە مزگەوتێکی شاری شیراز بە لەسێدارەدان سزادرا و لە ٩/٥/ ٢٠١٠دا لەسێدارە درا.

ئازاد ماکۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کۆدار لەم ساڵیادەدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: مانگی گوڵان لە مێژووی حەرەکەتی ئێمە و لە مێژووی مرۆڤایەتیدا واتایەکی تایبەتی هەیە، لەسەرەتا شەهیدانی مانگی گوڵان، شەهیدانی چاپەمەنیی پژاک، شەهیدانی داڵاهۆ و شەهید محەمەد قەرەسونگور، بەبیر دێنینەوە و بەژنمان لە بەرامبەریان نەوی دەکەین، ٩ی گوڵانیش لە سەردەمی نوێدا واتای خۆی هەیە، دامەزراندنی پژاک سەردەمێکی نوێ بوو، فەلسەفە و بیرێکی نوێ و ڕێبازێکی تێکۆشینی نوێ بوو، کە بووە هێل و هیوایەکی نوێ بۆ هەموو گەلانی ئێران، ساڵەکانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩ قۆناغێکی زۆر سەخت بوو، چونکە پژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببووە جێگرەوەیەکی نوێ، پژاک دەستپێک بە خەباتی سیاسی و ڕێکخستنی دەستیپێکرد و شەڕی ڕانەگەیاند، بەڵام ئێران پژاکی وەک مەترسییەکی گەورە دەبینی وەک چون سیستمی پێشووی پاشایەتی ئێران بە لەسێدارەدانی قازی محەمەد، هەوڵی لەناوبردنی کوردیدا، کۆماری ئیسلامیش بە سیاسەتی لەناوبردن، نکۆڵی و تواندنەوەی کوردی گرتەبەر، بەڵام پژاک بەرامبەری وەستایەوە و ئێرانیش نەیتوانی پژاک بشکێنێت، چون لەم هێڵەدا بەرخۆدان و سەرکەوتن بەبنەما دەگیرێت.

لە بەردەوامیدا ئازاد ماکۆ دەڵێت: پژاک بووە هیوایەک بۆ گەڵان و بڵاوبووەوە، ئەمجارە ئێران پێشەنگانی کردە ئامانج، ویستی بە لەسێدارەکانی ٩ی گوڵان ئەنجام بەدەست بخات و پژاک لە زیندانی ئێڤین بچەوسێنێت، شەهید فەرزاد مامۆستا بوو، مامۆستای مرۆڤایەتی و ئەخلاق بوو، تاوانیشی ئەوە بوو کە زمان، ناسنامە و مێژووی فێری منداڵانی کورد دەکرد، شەهید فەرزاد مۆڵکی تەنها کورد نییە، تێکۆشەرێکی نێونەتەوەییە، نمونەیەک بۆ چەپەکان و هەموو مامۆستایانی ئێرانە و کاریگەریی لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی دانا، شەهیدانی مانگی گولان بوونە هەوینی یەکگرتنەوەی دژبەرانی دەوڵەتی قڕکەر و داگیرکەری ئێران، ئەو فەلسەفەیەی شەهید فەرزاد نوێنەرایەتیی دەکرد بووە مۆڵکی هەموو کەسێک و یەکێتی گەلانی دروست کرد، بۆیە شەهید فەرزاد کرایە ئامانج.

لەسەر کەسایەتی شەهیدانی دیکەش ئازاد ماکۆ دەڵێت: شەهید شیرین عەلەمهولی، هەم ژن بوو، هەم کورد بوو هەمیش ئازادیخواز بوو، بووە سیمبۆلی بەرخۆدانی سەردەمی نوێ و تێکۆشانی ژنانی بندەستی گەلانی ئێران، کرایە ئامانج، خۆی بەدەستەوە نەدا و سەرکەوت، کەرامەت و شکۆی خۆی پاراست و بووە دەنگی ژن، کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد و هەموو بندەستانی ئێران، شەهید عەلی حەیدەریان، گەنجێکی بوێر و ئازای کورد بوو، کە گیانی خۆی فیداییانە بەختی وڵاتەکەی کرد و بووە وەڵامێک و نمونەیەک بۆ هەموو گەنجانی کورد، شەهید فەرهاد وەکیلی قارەمانێکی گەورە بوو، ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، ژن و منداڵی هەبوو، وڵاتپارێزییەکی گەورەی لە کەسایەتی خۆیدا دروستکردبوو، بووە سیمبۆڵی وڵاتپارێزیی گەورە، بووە سیمبۆلی باوکێکی فیدایی، گیانی خۆی بەختی وڵات، گەل و ئازادی کرد، ئازادیی هەڵبژارد، شەهید مەهدی ئیسلامیان تێکۆشەرێکی فارس بوو، تێکۆشەری ڕێگەی ئازادیی گەلان بوو، بووە سیمبۆلی نەوەیەکی نوێ، ئۆپۆزیسیۆنێکی نوێ و هزرێکی نوێ، لەسێدارەکانی ٩ی گوڵان، لەسێدارەدانی ژنان، گەنجان، مامۆستایان، وڵاتپارێزان، ڕۆشنبیران، کرێکاران و لەسێدارەدانی هەموو نەتەوەکانە.

ئازاد ماکۆ لەسەر ئامانجی دەوڵەتی ئێران دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بەو لەسێدارەدانانە ویستی پەیامێک بە گەلانی ئێران بە تایبەت کورد بدات، کە ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەی پژاک یەکبگرنەوە، واتان لێدەکەین، بەڵام ئێران لە زیندانی ئێڤین شکستی هێنا، سەرکەوتنی پژاکیش سەرکەوتنێکی ئایدۆلۆژی بوو، لەسێدارەدانی ٩ی گوڵان، لە ئەفغانسانی تا ئەوروپا دەنگی دایەوە و لە چوارپارچەی کوردستان گەل کورد خاوەنداریی لە شەهیدانی کرد، ئەگەر ئەمڕۆ پژاک بووەتە هیوایەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرهەمی شەهیدانی ٩ی گوڵان بوو، پژاک بە گەورە کردنەوەی خۆی وەڵامی ئەو لەسێدارەدانانەی دا، بە ڕۆحی بەرخۆدانی ئێڤین سەرکەوتنی شەڕی ٢٠١١ی قەندیل بەدیهات، هەر لەو چوارچێوەیەدا ٥ی گوڵانی ٢٠١٤ کۆدار دامەزرا.

لەسەر پەیامی شەهیدان بۆ کۆمەڵگا ئازاد ماکۆ دەڵێت: پێویستە هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردییەکان لەسەر داوا و داخوازیی شەهیدان، یەکێتی خۆیان دروست بکەن، بۆ پێشگرتن لە خیانەت و داگیرکاری و هەروەها بۆ ئازادیی گەلەکەمان، پێویستە یەکێتی خۆمان دروست بکەین، هێزەکانمان و تێکۆشانمان یەکبخەین، گەلەکەشمان پێویستە خۆی بە ڕێکخستن بکات و خاوەنداری لە شەهیدانی بکات، داواکاریی شەهیدان یەکێتی گەلان بوو.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئازاد ماکۆ دەڵێت: داوامان لە گەلەکەمان ئەوەیە کە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و نەتەوەی دیموکراتی، ڕیکخستنی خۆیان بەهێز بکەن و یەکێتی گەلان دروست بکەن، ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی گەلی کورد، گەلانی ئێران دەتوانن بگەنە مافەکانیان، ئەمە چانسێکە کە مێژوو داویەتی بە کورد، داخوازی ئەو شەهیدانەش ئەمە بوو.

س.ح