یەکێتی نەتەوەیی بۆ پێکنایەت؟ بەشی دووەم

پەرپرسانی هەندێک لە پارت و لایەنەکانی باشوری کوردستان، ئاماژە بەوەدەکەن، کە هۆکاری پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی هەندێکی پەیوەندی بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە هەیە، بەشی زۆریشی پەیوەندی بە تێڕوانی و جیاوازیی بیرکردنەوەی لایەنەکانی کوردستانەوە هەیە بۆ پێکهێنانی ئەو یەکێتی نەتەوەییە، دەشڵێن، کە پێویستە کورد ئەو بەربەستانە تێپەڕنێت و یەکێتی نەتەوەیی دروستبکات.


لە بەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆتەدا باسمان لەو بەربەستانەکرد، کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد و دورخستنەوەی پارچەکانی کوردستان ئەنجامیان داوە، لەم بەشەدا بۆچوونی ئەندامانی باڵای سێ پارتی باشوری کوردستان دەخەینەڕوو لەبارەی هۆکارە دەرەکی و ناوخۆییەکانی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی کورد.

" حیزب هەیە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە بیر لە یەکێتی نەتەوەیی دەکاتەوە"

لەتیف نیرۆیی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەی هۆکارەکانی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەییەوە دەڵێت: دوو هۆکار هەیە یەکێتی نەتەوەی وەکو پێویست ناتوانێت بگاتە ئەنجام، هۆکارێک ململانێ و بەرژەوەندیە باڵاکانی وڵاتە زلهێزەکانە کە لە ناوچەکەدا بەرکەوتەیەک دروست دەبێت، ئەم بەرکەوتەیە وادەکات کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر پارچەکانی کوردستان، وادەکات کە ئەم پارچانە وەکو پێویست نەتوانن لە چوارچێوەی بازنەیەکدا کۆببنەوە و بڕیارێکی تەندروست بدەن.

لەتیف نیرۆیی، پێی وایە هۆکارێکی دیکەی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە بۆ خودی بیرکردنەوەی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و دەڵێت: هەندێک حیزب هەن لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆی بیر لە یەکێتی نەتەوەیی دەکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە تا چەند ئەم هێزە دەبێتە کەسی یەکەمی ئەم کۆنگرەیە، بیرکردنەوەی ئەم هێزانە جیاوازە، هێز هەیە پیی وایە دەتواندرێت لەڕێگەی یەکێتی نەتەوەییەوە بەخەباتێکی مەدەنیانە و دیموکراسیانە هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەهەموو پارچەکانی کوردستان، بەڵام هێزیش هەیە پێی وایە کە دەبێت ئەم هێزانە کۆببنەوە و هێزێکی سەربازیی پێکبهێنن، کە دەتوانن لە ڕێگەی چەکەوە مافی کورد لە پارچەکان بەدیبهێنن.

نیرۆیی، ئاماژە بەوەدەکات، کە ئاسان نییە بەم هەموو بیرکردنەوە جیاوازەوە یەکێتی نەتەوەیی پێکبێت، دەشڵێت: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ خەباتێکی مەدەنی و دیموکراسیدایە، لەگەڵ ئەوادانین هیچ هێزیک خۆی بکات بە هێزی یەکەمی کوردستان، بەڵام دەکرێت هەموو هێزەکان هاوکاربن لە سەرکەوتنی پارچەکانی کوردستان.

"جەستە چۆن پێویستە بۆ لەش بەهەمان شێوە یەکێتی نەتەوەیی گرنگە بۆ کورد"

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لەبارەی گرنگی پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەییەوە دەڵێت: یەکێتی نەتەوەیی لەهەموو شتێک زیاتر بۆکورد پێویستە، جەستە چۆن پێویستە بۆ لەش بەهەمان شێوە یەکێتی نەتەوەیی گرنگە بۆ کورد، بەڵام بەداخەوە کە تا ئێستا پێکنەهاتووە.

ناوبراو لەبارەی هۆکارەکانی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەییەوە دەڵێت: هەندێک حزب هەن وەک چۆن حزبەکەیان بە شێوازی بنەماڵەیی و عەشرەت بەڕێوەدەبەن، دەیانەوێت بەهەمان شێوە یەکێتی نەتەوەیش بەڕێوە ببەن، بۆیە پێکنەهاتینی یەکێتی نەتەوەیی بەشێکی پەیوەندی بە زهنییەتەوە هەیە، بەشیکی دیکەی پەیوەندی بە چینایەتییەوە هەیە، لەنێو حزبەکاندا چینی باڵادەست حزب بەڕێوەدەبەن، ئەوانیش بەرژەوەندییەکانیان بە بەرژەوەندی داگیرکەرانەوە گرێ داوە، داگیرکەرانیش ئەو بۆشایان بەدی کردووە، بۆیە ناهێڵن یەکێتی نەتەوەیی دروستبێت.

محەمەد عەبدوڵا، ئاماژە بەوەدەکات، کە دەبێت بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بێوچان تێکۆشان بکرێت، دەڵێت: خۆشبەختانە هەندێک سازی و دەزگا هەیە کە بێوچان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خەبات دەکەن، هەموو ئەزموونەکان تاقی کراونەتەوە لە کوردستاندا تەنها ئەزموونی یەکێتی نەتەوەیی ماوە، ئێمە بینیمان هەموو پشتبەستنێک بە دەوڵەتانی دەرەکی ئەزمونێکی شکستخواردوو دەرچوون، بۆیە دەبێت کورد هەوڵی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بدات، لەپێناو ئەوەی مەرجەعیەتێکی هەبێت، هێز و دیبلۆماسییەتی هاوبەشی هەبێت، ئەوکاتە بەیەک هەڵویست ڕووبەڕووی داگیرکەران دەبینەوە، وڵاتانیش بەیەک شێوە نزیکی کورد دەبێتەوە، ناتوانن حزبێکمان بە خەباتکار و حزبێکمان بە تیرۆرست و خراپ ببینن.

"کاتێک هێزێکی سیاسی تێیدا باڵادەست دەبێت، هێزەکانی دیکە سڵی لێدەکەنەوە"

کامەران بابان زادە، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و مامۆستای زانکۆ، لەبارەی هۆکارەکانی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەییەوە دەڵێت: بەشیک لەوەی کە یەکێتی نەتەوەیی پێکنایەت، پەیوەندی بە هۆکاری ناوخۆییەوە هەیە، لە هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەییدا زۆر جار باڵا دەستی هێزێک وە حسابنەکردن بۆ هێزەکانیتر پڕۆژە گەورەکانی یەکێتی نەتەوەیی لەبار دەبات، کاتێک هێزێکی سیاسی تێیدا باڵادەست دەبێت، هێزەکانی دیکە سڵی لێدەکەنەوە، هەروەکو چۆن ڕیفراندۆم بە پیشنیار و سەپاندنی لایەنێک بوو لایەنەکانیتری لێ پەراوێزخرا، دواجار کە شکستی هێنا هەموو هێزەکان نەچوونە ژێر باری شکستەکەی، واتا هێزێک یان دوو هێز کە باڵا دەستبوون بەسەر پرۆسەیەکدا کە ناوی پرۆسەی تەباییە بەهەر ناونیشانێکبێت، ئیتر وردە وردە هێزە سیاسیەکانیتر بەهێز و میمبەری خۆیانی نازانن لێیدەکشێنەوە و پشتیوانی لێناکەن.

بابان زادە، ئاماژەی بە هۆکاری دووەمی پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی کورد کرد و وتی: لە هەرێمی کوردستان لە ئێران لە تورکیا هەموو بەشەکانی کوردستان، هەریەک لەم هێزە سیاسیانە شێوازی خەباتکردنیان جیاوازە وە شێوازی پەیوەندیشیان لەگەڵ ئەم هێزانە جیاوازە، واتا هەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی تورکیا وە بەرژەوەندییەکانی جیاوازە، لەگەڵ ئەو هێزەی کە لە  کوردستانی باکور خەبات دەکات، لەوانەیە ئەو هێزەی لە باکور خەبات دەکات پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی ئێران جیاوازبێت هاوکات و هاوتەریب نەبێت لەگەڵ ئەم هێزە سیاسیانەی کە لە کوردستانی ئێران خەبات دەکەن، بۆیە دیدی جیاواز بەهۆی بەرژەوەندی جیاوازەوە دروستدەبێت، ئەم دید و بەرژەوەندییە جیاوازانەش کە هێزە دەرەکییە ئیقلیمییەکان دروستیان کردووە لە سەر پرسی کورد، وایکردووە کۆنگرەی نەتەویی وە هەر پرسێکیتریش کە قسە لەسەر تەبایی نێوان هێزە سیاسیەکان بکات لەبار بەرێت.

وەک لە قسەی بەرپرسانی هەندێک لە پارتە سیاسییەکاندا دەرکەوت، ئەو پیلانە فراوانەی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر گەلی کورد بەڕێوەیان بردووە، وایکردووە زۆرێک لە لایەنەکانی کوردستان بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە نزیکی داگیرکەرانی کوردستان بن لە پارچەیەکی جیاوازی کوردستان و لە پەیوەنی پتەو لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دوور بکەوێتەوە، بۆیە دەکرێت بوترێت، کە هۆکاری پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی نەبووی هاوسەنگییە لە بەشداربوون لە کۆنگەرەی یەکێتی نەتوەییدا بەشێوەیەک کە هەندێک لەلایەنەکان واهەست دەکەن کە پەراوێز خراون، هۆکارێکی دیکەش پەیوەندی لایەنەکانی کوردستانە لەگەڵ داگیرکەری پارچەیەکی دیکەی کوردستان، کە داگیرکەران لەڕێگایەوە هەوڵدەدەن هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی شکستپێبهێنن.

د.ع