یەکێتی نەتەوەیی بۆ پێکنایەت؟ بەشی یەکەم

ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە هەوڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵانە بەئاکام نەگەیشتوون، داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە دژایەتی یەکێتی کوردیان کردووە و پلانیان گێراوە دژی گەلی کورد و لایەنە کورییەکان، هەروەها دەستکاری دیمۆگرافیای کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی یەکێتی کورد پێکنەیەت، ئەم پلانانەش کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد داناوە.


چەندین هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە بەربەست دەخانە بەردەم پێکهێنانی کۆنگەرەی نەتەوەیی کورد یان یەکڕیزیی کورد، گرنگترین هۆکارەکان لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە پێدەکەین.

هۆکارە دەرەکییەکان

هۆکارە دەرەکییەکانی پێکنەهێنانی یەکێتی نەتەوەیی پەیوەندی بە دەستێوەردان و پیلانگێڕییەکانی وڵاتانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە هەیە، کە لەسەر بنەمای سیاسەتی پەرتکە و زاڵکە لەگەڵ کورد مامەڵە دەکەن.

لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی، کوردستان دابەشکرا بەسەر وڵاتانی عێراق و سوریا و تورکیادا، ئەوبەشەش کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی پەهلەوی ئێراندا بوو هەر لەژێر دەسەڵاتیدا مایەوە، واتا کوردستان بوو بەچوار پارچە.

دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ( ئێران- عێراق- تورکیا- سوریا) هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد و تواندنەوەیان لەنێو نەتەوەکانی عەرەب و تورک و فارسدا، بەشێوەی جیاجیا خستوەتە گەڕ.

عێراق

لە دوای ئەوەی ساڵی ١٩٢٥ کە باشوری کوردستان ( ویلایەتی موسڵ) خرایە سەرعێراق، هەم حومکەتی مەلیکی و هەم حکومەتی کۆماریی بەشێوەی جیاواز هەوڵیانداوە گەلی کورد سەرکوتبکەن، خراپترین ئەو کارانەش کە بەرامبەر کورد کراوە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەکان بووە لە عێراقدا، کە لەساڵی ١٩٦٨ وە بە کودەتای سەربازیی حوکمی عێراقیان گرتەدەست، خراپترین کارەکانیش بەرامبەر کورد لە سەردەمی حوکمی سەدام حسین-دا بوو کە لەساڵی ١٩٧٩ دەسەڵاتی گرتەدەست، کە تاوانەکانی ئەنفال و کیمابارانی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدا و لە ئاکامدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی کورد کۆمەڵکوژ کران.

حکومەتە یەک لەدوای یەکەکەکانی عێراق هەوڵیان داوە، کە گەلی کورد بکەنە کەمینە لە عێراقدا، بۆیە لە ڕێگای سیاسەتەکانی بە عەرەبکردن و توانەوەی گەلی کورد و دەرکردنی کورد لەسەر خاکەکەیی و نیشتەجێکردنی عەرەب لەشوێنی هەوڵی داوە کورد لەناو ببات.

بێجگە لە هەوڵەکانی تواندنەوەی گەلی کورد، هەوڵی داوە لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا شەڕ و ناکۆکی دروستبکات، زۆرجار لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق ڕێککەوتنی کردووە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی خستووەتە دەرەوی ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا دروستبکات، یاخود لەساڵی ١٩٨٥ دا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گفتوگۆ بۆ چارەسەریی کێشەی کورد دەستپێدەکات و لایەنەکانی دیکە پشتگوێ دەخات، ئەمەش بە ئاماجی دروستکردنی شەڕی ناوخۆ و دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان لایەنەکاندا.

هەروەها حکومەتی عێراق هاوکاری و پشتیوانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە دژ بە حکومەتی ئێران، بەڵا فشاری خستووەتە سەریشیان بۆ ئەوەی هیچ کات ڕێککەوتن و پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی باشوری کوردستان دروستنەکەن.

ئێران

حکومەتی ئێران، لە ڕێگەی خوێندن بە زمانی فارسی و چەندین ڕێگەی دیکەوە هەوڵی داو هەژموونی نەتەوەی فارس بەسەر نەتەوەی کورددا بسەپێنێت، هەروەها لەڕێگەی پەیوەندییە جیاجاکانیی و دەزگا سیخوڕییەکانی و تەنانەت پەنابردن بۆ تیرۆر، هەوڵی داوە نەهێڵێت بزوتنەوەی ئازادیی خوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشە بکات، بۆ ئەوەی یەکێتی گەلی کورد دروست نەبێت، بەردەوام فشاری خستووەتە سەر لایەنەکانی باشوری کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندی دروستنەکەن، هەروەها لەنیوان لایەنەکانی باشوری کوردستاندا ناکۆکی دروستکردووە و لە دژی لایەنێک هاوکاریی سەربازیی و ماددی لایەنێکی دیکەی کردووە، بۆنمونە لەدوای ساڵی ١٩٩٤ وە کە شەڕی ناوخۆ لە باشوری کوردستان دروست دەبێت، ئێران هەر ماوەیەک هاوکاری بەرەیەکی شەڕەکان دەکات، لە سەرەتادا هاوکاریی بزوتنەوەی ئیسلامی و پارتی دەکرد دژی یەکێتی لە ناوچەی هەڵەبجە، دواتر هاوکاری یەکێتی دەکرد دژی پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی، ماوەیەک هاوکاریی حزبی سۆسیالستی دەکرد دژی پارتی، واتا ئامانجی ئێران بەگشتی لە پشتیوانی لایەنەکانی باشوری کوردستان دوو ئامانج بووە، یەکەم ئەوەبووە کە شەڕی حکومەتی عێراقیان پێبکات، دووەم ئەوەبووە، کە لەلایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوریان بخاتەوە لەهەمان کاتیشدا نەهێڵێت لەنێوان خۆیاندا ئاشتی و یەکگرتووی دروستبکەن.

تورکیا

دەوڵەتی تورک لە سەرەتای دامەزراندیەوە پلانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کورد دانابوو، لە ٢٤-٨-١٩٢٥ پیلانی جێبەجێکرد بەناوی (چاکسازیی ڕۆژهەڵەت) واتا باکوری کوردستان، بەپیی ئەو پلانە زمانی کوردی قەدەغە کرد، دواتر بە پێی پیلانە شەڕخوازەکانی بە هێرشی سەربازیی و بە پاڵپشتی فڕۆکە و زۆر چەکی قەدەغەکراو ڕووبەڕووی هەموو جوڵانەوەیەکی ئازادیی خوازیی گەلی کورد بوویەوە.

دەوڵەتی تورک جیاواز لە عێراق و ئێران و سوریا، نە وەک نەتەوە و نە کەمە نەتەوە سەیری کورد ناکات، پێی وانییە هیچ نەتەوەیەک هەیە بەناوی کورد لە تورکیا، لەکاتێکدا بەشی گەورەی کوردستان کەوتووەتە ئەوناوچەیەی کە ئێستا بە تورکیا ناسراوە و زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کوردی تێدا دەژی.

دەوڵەتی تورک لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوانی گەورەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامداوە و بەچەک و ئاگر زۆرینەی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی باکوری کوردستانی کپ کردووەتەوە، دەیان هەزار گوندی باکوری کوردستانی سوتاندووە و بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان دانیشتووانەکەی بەرەو شارە گەورەکانی تورکیا ئاوارەکردووە.

هەروەک چۆن خۆیان دەڵێن ' ئەگەر لە ئەفریقاش کوردێک هەبێت ئێمە دژایەتی دەکەین' لە هەر پارچەیەکی کوردستان تێکۆشانی ئازادی خوازانەی گەلی کورد لە سەرکەوتن نزیک بووبێتەوە ئەو هەوڵی تێکدانی داوە، بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی ناکۆکیدا بووە لەنێوان لایەنەکانی کوردستاندا، بۆنمونە، لە ماوەی چوار ساڵی شەڕی ناوخۆی باشوری کوردستاندا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پشتگیریی هێزەکانی پارتی-یان کرد و بۆردوومانی سەنگەرەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دەکرد.

سوریا

حکومەتی سوریاش وەک حکومەتەکانی دیکەی داگیرکەری کوردستان پلانی وردی داناوە بۆ ئەوەی گەلی کورد نەبێتە یەک و نەتوانێت ببێتە خاوەنی هێز و ئیرادەی خۆی، بۆ بەرگرتن لەوەش پڕۆژەی کەمەری عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێکرد، لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمەری عەرەبیدا ٥٠٠ هەزار کورد لە ناوچەکانیان ڕاگوێزران و هاوڵاتیانی عەرەب لەشوێنیان نیشتەجێ کران، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی ناوچە کوردییەکان لەیەک داببڕێت، هەروەها دەیان هەزار هاوڵاتی کوردی لە ڕەگەزنامەی سوری بێبەشکرد، ئەوەش بۆ ئەوەی نەتوانن ببنە خاوەنی هیچ شتێک لەسوریا، هەروەها نەتوانن سەفەر بکەن بۆ دەرەوەی وڵات.

دەوڵەتی سوریا بۆ دژایەتی کردنی حکومەتەکانی دیکەی داگیرکەری کوردستان پشتگیریی بزوتنەوەی کوردیی کردووە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەروەها لە گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە ڕۆڵی نەرێنی گێڕاوە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی تورک-دا چەندین ئەندامی پەکەکە-ی دەستگیرکرد و ڕادەستی تورکیان کردن.

ڕێککەوتنە هاوبەشەکان

 لەدژی گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکانی و یەکێتی و یەکڕیزیی گەلی کورد چەندین جار دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا ڕێککەوتننامەیان ئەنجامداوە، بۆنمونە لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئێران و عێراق لە وڵاتی جەزائیر، ڕێککەوتننامەی جەزائیر واژۆدەکەن، کە لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا دەوڵەتی پەهلەوی ئێران دەستی لە پشتگیریی کوردنی گەلی کورد لە باشوری کوردستان هەڵگرت و بەوەش شۆڕەکەی مەلا مستەفای بارزانی شکستی هێنا و ئاشبەتاڵ ڕاگەیەندرا.

هەروەها ساڵی ١٩٨٥ حکومەتی عێراق لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئەوکاتە هێزێکی گەورەی باشوری کوردستان بوو، خەریکبوو دەگەشتنە ڕێککەوتنێک و بەپێی ڕێککەوتنەکە بەشێکی زۆری باشوری کوردستان خۆبەڕێوبەری تێدا دادەمەزرا، بەڵام لە قۆناغەکانی کۆتایی ڕێککەوتنەکەدا دەوڵەتی تورک لەڕێگەی ناردنی شاندێکەوە هەڕەشە لە سەدام حسێنی سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق دەکات، کە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە ئەنجامبدا ئەوا ئەوان پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ عێراق دەبڕن و ڕێگا بە فرۆشتنی نەوتی عێراق نادەن لە ڕێگەی تورکیاوە، بەوەش عێراق لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی پاشگەزدەبێتەوە و دواتر پڕۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کورد دەستپێدەکات.

ساڵی ٢٠١٣

لەسەر پێشنیاری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لەساڵی ٢٠١٣ لەشاری هەولێر ماوەی شەش مانگ چەندین کۆبوونەوە بۆ دروستکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ئەنجامدرا، لەکاتی نزیکبوونەوەی کۆبوونەوەکان لە سەرکەوتن پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، بەپێی وتەی حەمەئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسی دەوڵەتی تورک فشار لە پارتی دەکات، کە لە کۆنگرەکە بکشێتەو و کۆتایی بە هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی بهێنێت.

ڕیفراندۆم

لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان لە ٢٥-٩-٢٠١٧، دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و عێراق لەدژی باشوری کوردستان بوون بەیەک و لەڕێگای فشاری ئابووریی و داخستنی سنوور و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و فشاری سەربازییەوە کۆتاییان بە ڕیفراندۆم هێنا و هەروەها پشتگیریی حکومەتی عێراقیان کرد بۆ ئەوەی ٥٢٪ی خاکی باشوری کوردستان داگیربکات.

لەکۆی ئەو نمونانەی کە لەم ڕاپۆرتە و چەندین نمونەی دیکەدا دەردەکەوێت، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەچەندین شێوە هەوڵی لەناوبردنی یەکڕیزیی و یەکێتی کورد و دەستکەوتەکانی گەلی کوردیان داوە، ئەگەر لە پارچەیەکی کوردستانیش هاوکاریی لایەنێکی کوردییان کردبێت ئەوا لەسەر بنەمای لێدان بووە لە بزوتنەوەی ئازادیی خوازی گەلی کورد لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان و پارچەکردنی کورد بووە، یاخود بە ئامانجی دروستکردن و گەرمکردنی شەڕی ناوخۆ بووە لەنێوان لایەنەکوردییەکاندا.

لەبەشی داهاتووی ئەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هۆکارەکانی دروستبوونی یەکێتی نەتەوەیی کورد لەزاری چەند بەرپرسێکی لایەنەکانی کوردستانەوە، هەروەها باس لەوە دەکەین کە چی بکرێت بۆ ئەوەی کورد بەربەستەکان تێکبشکێنێت و یەکێتی نەتەوەی پێکبهێنێت.

د.ع