ئاسایشی ڕۆژئاوا: ڕژێمی سوریا بەرپرسیارە لە هێرشەکەی ڕۆژئاوا

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بارەی هێرشەکەی ئەم ئێوارەیەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا کە ٣ ئۆتۆمبیلی ئاسایش و شارەوانی و فەرمانگەی تەندروستیان لە قامشلۆ کردە ئامانج، ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.


هێزەکانی ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایانگەیاند، بەرپرسیاری ئەو هێرشە کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی ئاسایش و برینداربوونی کارمەندێکی دیکەی ئاسایش، ڕژێمی سوریایە.

ئەم ئێوارەیە هیزەکانی سەر بە ڕژێمی سوریا لە قامشلۆ ٣ ئۆتۆمبیلی ئاسایش و شارەوانی و فەرمانگەی تەندروستیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا جوان ساڵح کارمەندی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو، هاوکات کارمەندێکی دیکەی ئاسایشیش بریندار بوو.

لە ڕاگەیێندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هاتووە:"ڕژێمی سوریا ئەمڕۆ لە قامشلۆ ٣ ئۆتۆمبیلی سەر بە هێزەکانمان و کارمەندانی شارەوانی و کارمەندانی تەندروستیان کردە ئامانج، لە ناو ئۆتۆمبیلی هێزەکانماندا کارمەندێکمان شەهید بوو، کارمەندێکیشمان بریندار بوو.

ئێمە وەکو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هێزەکانی ئاسایش، خانەوادەی شەهیدان و گشت گەلەکەمان دەکەین و ئەم هێرشەی ئەندامانی ڕژێم شەرمەزار دەکەین، هاوکات جەخت دەکەینەوە کە ئەو هێرشانەی کە گەل و هێزەکانمان بە ئامانج دەگرن، ناگەن بە ئامانجیان و ناشتوانن ئیرادەمان بشکێنن. بەرپرسیاری ئەم هێرشە رژێمی سوریایە".

د.ع