ئاماری ساڵانەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران

ساڵی هەتاوی ڕابردوو لە ئێران؛ ٢٤٤ کەس لەسێدارە دراون، دوو هەزار و ٩٢٠ کەسیش بە تۆمەتی سیاسی و باوەڕی جیاجیا دەستگیر کراون، هەروەها هێزە چەکدارەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ٢٧٦ کەس کردووە، ٦٠٠ هەزار منداڵیش هاوسەرگیرییان کردووە. 


پێشلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی ئێران-ەوە سەرەڕای شەرمەزارکردن و مەحکومکردنی ساڵانەی دەسەڵاتی ئێران لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەردەوامە و لە ساڵی ڕابردووی هەتاوی، واتا؛ "٢١ی ئازاری ٢٠١٨ تا ١٩ی ئازاری ٢٠١٩"، سێ منداڵ لە سێدارە دراون و ٦٠٠ هەزار منداڵیش هاوسەرگیرییان کردووە. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی هرانا، کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤە لە ئێران، دەسەڵاتی ئێران بە حکومەت و دەزگای داد و دامەزراوەکانی دیکەیەوە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمنستی ئینترنەشنال، پەرلەمانی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە شەرمەزار کراوە، بەڵام پێداگرە لەسەر پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤ و گوێ لە هیچ دەزگا و ڕێکخراوێک ناگرێت. 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەساڵێکدا (ساڵی هەتاوی) بەشێک لە پێشلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران بەو شێوەیەیە: 

لە سێدارەدان: 
لە ساڵی ڕابردوودا، ٢٤٤ کەس لە سێدارەدراون کە سێ کەسیان منداڵ بوون، هەروەها ١٧ کەسیش بە بەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە دراون، ئەم ئامارە جگە لەو لەسێدارەدانانەیە کە ڕاناگەیەندرێت و پێی دەوترێت لە سێدارەدانی شاراوە. 

لە ساڵی ڕابردوو هەروەها دەزگای دادی ئێران حوکمی لە سێدارەدانی بۆ ١٧٠ کەس دەرکردووە. 

دەستگیرکردنەکان
لە ساڵی ڕابردوو بە گشتی دوو هەزار و ٩٢٠ کەس بە تۆمەتەکانی؛ سیاسی، باوەڕیی و ئەمنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زیندانی کراون، کە ٧٠٨ کەسیان کرێکارن، ئەمە جگە لە دەسگیرکردنی هەزاران کەس لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیە.

تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاوڵاتیان
لە ساڵی ڕابردوودا، هێزە چەکداری و ئەمنییەکانی ئێران تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ٢٧٦ هاوڵاتی کردووە، کە لەو تەقە کردنانە ١٨٩ کۆڵبەر کراونەتە ئامانج، کە ٦٦ کەسیان کوژراون و ١٢٣ کەسیشیان بریندرا کراون، ٤١ کەس لە بەلووچستان کوژراون، هەروەها لە تەقینەوەی میندا، ١٧ کەس کوژاون و ٤١ کەسیش بریندار بوون. 

زیندان
لە ساڵی ڕابردودا، دادگاکانی گشتی و شۆڕش لە ئێران بە تۆمەتی سیاسی، سەرجەم سزای دوو هەزار و ٤٢٦ ساڵ زیندانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان، ڕەخنەگران و کەسانی سیاسی بڕیوەتەوە و ١٠ هەزار و ٩٧ دۆسییەی سیاسییان کردووەتەوە. 

پێشلکاری مافی منداڵان
ماڵپەڕەکە هەروەها لەسەر هاوسەرگیری منداڵان ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ٦٠٠ هەزار هاوسەرگیری منداڵان لە ساڵی هەتاوی ڕابردوو، تۆمار کراوە. 

جێگای ئاماژەیە کە هرانا پشتی بەستووە بە ئامارە بڵاوکراوەکانی خۆی و پێدەچێت ڕێژەی بابەتەکان زیاتر لەمانە بێت، هەروەک چۆن ئاماری قامچی لێدان بە بەرچاوی خەڵک، بڕینەوەی ئەندامانی لەش و هەندێک شتی دیکە بڵاو نەکراوەتەوە. 


ک.ک