ئیدلب، ڕژێمی سوریا پێشڕەوی دەکات و شارۆچکەیەکی ستراتیژی کۆنترۆڵ دەکات

هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە ناوچەی ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە پێشڕەویدان و شارۆچکەیەکی ستراتیژیان کۆنترۆڵ کرد و بەرەو خان شەیخون لە پێشڕەوی دان، لە شەڕی دوێنێشدا لانی کەم ٦١ کەس گیانیان لەدەستداوە.


ناوچەی ئیدلب و چەندین شارۆچکەی دەوروبەری لەژێر کۆنترۆڵی چەتە تورکەکانن و هەروەها لە حەما، حەلەب و لازقییەش گرووپی چەتە هەن و لەگەڵ ڕژێمی سوریا لە شەڕدان.

ڕژێمی سوریا، کە ڕووسیا هاوپەیمانییەتی، زیاتر لە سێ مانگە ئەو ناوچانە بۆردومان دەکەن هێزەکانی ڕژێم و گرووپە چەتەکانی هەیئەتی تەحریم شام و و گرووپە چەتەکانی دیکەی سەر بە قاعیدە شەڕێکی قورس لەدژی یەکتری دەکەن و شارۆچکەی هەبیت لە باشوری ئیدلب لە بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە لەلایەن رژێمەوە کۆنترۆڵ کرا.

بەپێی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سوریا، ئۆپەراسیۆنەکە لە مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە بۆ یەکەمجارە شارۆچکەیەکی ناوچەی ئیدلب کەوتوەتە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمەوە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی سانا پشتڕاستی کردەوە، شارۆچکەی هەببیت کۆنترۆڵ کراوە و عەلی ئەیوب، وەزیری بەرگریی سوریا لەسەر داوای بەشار ئەسەد سەردانی ناوچەکەی کردووە.

هێزەکانی ڕژێم ئێوارەی یەکشەممە لە خان شیخون نزیک بوونەوە، کە گەورەترین شارۆچکەی باشوری ئیدلیبە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP)ی راگەیاندووە، هێزەکانی ڕژێم ٩ کیلۆمەتر لە خان شەیخون نزیک بوونەتەوە کە ناوچەیەکی ستراتیژییە.

 

کۆنترۆڵکردنەوەی هەبیت دەبێتە هۆی ئەوەی، کە باکوری ناوچەی حەما گەمارۆ بدرێت کە لە ڕۆژانی دواییدا بە قورسی بۆردومان دەکرێت.

ڕێکخراو چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە شەڕی یەکشەممەدا لە ئیدلیب لە هەردوو لایەنی شەڕکەر ٦١ کەس گیانیان لەدەست داوە. ئەوەش وتراوە، کە ٢١ لەوانە سەربە هێزەکانی ڕژێمن و ٤٠ کەسیشیان سەر بە گرووپی چەتەکانن، لە شەڕی شەممەشدا ٧٠ چەتە کوژرابوون.

دەوترێت لە مانگی نیسان بەدواوە لە ئیدلب لە شەڕی سەختدا زیاتر لە ٨١٠ کەسی سڤیل، ١٢٠٠ چەتە و زیاتر لە ١٠٠٠ هێزی ڕژێم کوژراون.

ک.س