ئیسرائیل فڕۆکەخانەی دیمەشقی کردە ئامانج

هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل کۆگایەکی مووشەکیان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتى دیمەشق کردووەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە.


ئاژنسى هەواڵى "سانا" کە زمانحاڵى فەرمى حکومەتى سوریا-یە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردووەتەوە، کە کۆگایەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتى دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە، هەروەها ئەوەشی وتووە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا دوای هاتنی فڕۆکەکانی ئیسرائیل چالاک بووەتەوە.

حکومەتى ئیسرائیل هێشتا لەسەر ئەوە بابەتە هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە، بەڵام پێشتر چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە بۆردوومانى هێزەکانى ئێران و کۆگاکانى چەکى ئێران-یان لە سوریا کردووە.

هەرچەند سوریا دەڵێت هەموو مووشەکەکان پێش گەیشتن بێکاریگەر کراون و تەنیا یەکێک لە مووشەکەکان لە فڕۆکەخانەکەى داوە، بەڵام چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوری باسی لە لێدانی دوو مووشەک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی دیمەشق کردووە.

بە وتەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا، مووشەکەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوای دیـمەشقیان پێکاوە کە دەوترێت کۆگای جبەخانەی هێزەکانی گرێدراوی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدایە.

جێگای ئاماژەیە، ئیسرائیل چەندین جار ئامانجە ئێرانیەکانی لە سوریا پێکاوە و هەڕەشەى ئەوەشى کردووە، کە ڕێگە بە ئێران و هێزەکانی گرێدراوی نادات لە سوریا و بە تایبەت نزیکی سنورەکانی ئیسرائیل بمێننەوە، هەرچەند کاربەدەستانی ئێران نکۆڵی لە بوونی سەربازیی خۆیان لە سوریا دەکەن، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٢٠٠ جار ئامانجە سەربازی و کۆگاکانی تەقەمەنی و جبەخانەی ئێران و هێزەکانی گرێدراوی وەک حیزبۆڵای لوبنانی لە سوریا کردووەتەوە ئامانج.

د.ع