ئیلهام ئەحمەد: لە دیمەشق پێمان وتن بێ ئێمە ئاڵۆزییەکان چارەسەرنابن

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەریی مەسەدە دیداری شاندی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سوریا ئەرێنی دەنرخێنێت و دەڵێت، لە دیمەشق پێمان وتن، کە بێ ئێمە ئاڵۆزییەکانی سوریا چارەسەرنابن.


٢٦ی تەمموز شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات- مەسەدە، لەسەر بانگهێشتی حکومەتی سوریا سەردانی دیمەشقی پایتەختی کرد و لەگەڵ شاندی حکومەت کۆبووەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەو دیدارەی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار نرخاندووە.

ئیلهام ئەحمەد وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە مەسەدە دەیەوێت باکوری سوریا ڕادەستی ڕژێمی سوریا بکات و وتی: ئەو بانگەشانە دوورن لە راستی، ڕاستە ئێمە لەگەڵ شاندی سوریا کۆبووینەوە، بەڵام هەموو هیواکانمان بەو دیدارەوە گرێنادەین، دەبێت هەوڵبدەین بۆ پێشخستنی دیالۆگەکان، چونکە پرسەکە لەسەر سیستمی دیموکراسی سوریایە، دەبێت حکومەتی سوریا دەستوورێکی هەبێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان و کوردیش تێیدا مافیان هەبێت.

وتیشی: لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریاوە ئێمە پرۆژەمان بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشکەشکرد، ئێستاش پێمانوایە ئەگەر دۆخی سوریا بەمشێوەیە بەردەوام بێت دۆخەکە بەرەو قۆناغێکی زۆر مەترسیدار دەچێت، ئێمە لەسەر بانگهێشتی ئەوان چووینە دیمەشق، لەسەر هیچیش ڕێکنەکەوتین، بەڵکو تەنیا دیالۆگمان کردووە.

لەکۆتاییشدا وتی: لە دیمەشق پێمان وتن، کە بێ ئێمە ئاڵۆزییەکانی سوریا چارەسەرنابن، ئەنجامەکانی ئەو دیدارە دیاریدەکات کە دانیشتنی دیکەمان دەبێت یان نا.

س.ح