ئیمام جومعەکانی ئێران دەگۆڕدرێن

نوێنەری خامنەیی و سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسەتداڕێژی ئیمام جومعەکانی ئێران ڕایگەیاند، کە بەهۆی "فیتنەی زەرد"ـەوە ناچارن هەندێک لە ئیمام جومعەکان بگۆڕن.


لە کاتێکدا ئەمڕۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئایینی ئێران دوای نزیکەی ٩ ساڵ لە تاران نوێژی هەینی دەخوێنێت، محەمەد جەواد حاج عەلی ئەکبەری سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسەتداڕێژی ئیمام جومعەکان و هەروەها نوێنەری خامنەیی و وتارخوێنی نوێژی هەینی تاران، ڕایگەیاندووە کە ناچارن هەندێک لە ئیمام جومعەکان بگۆڕن.

عەلی ئەکبەری ڕایگەیاند: لەناو ئیمام جومعەکان فیتنەی زەرد دەستیپێکردووە، بۆیە هەندێک لە ئیمام جومعەکان دەگۆڕدرێن و ئیمام جومعەی نوێ دادەنرێت لە جێگایان بۆ ئەوەی ڕاسپاردە نوێیەکان جێبەجێی بکەن.

عەلی ئەکبەری لەسەر ڕوونکردنەوەی فیتنەی زەرد، وتی: ڕەش پیشاندانی دەسەڵات و گەندەڵ پیشاندانی هەموو بەرپرسان و لایەنگرانی دەسەڵات و ڕەخنە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بە تایبەت لەسەر ڕەتکردنەوەی شایشتەیی کاندیدبوونی بەربژێران، لەلایەن هەندێک ئیمام جومعەکانەوە، لە نیشانەکانی فیتنەی زەردە.

نوێنەری خامنەیی هەروەها وتی: ڕێبەر (خامنەیی) باوەڕی وایە کە نوێژی هەینی دەتوانێت جێگەی پارتەکان پڕ بکاتەوە، چونکە کەسە دیارییەکان لە کۆمەڵگاوە سەرهەڵدێنن نەک لە داوێنی پارتەکان.

جێگای ئاماژەیە، کە لە سیستمی ئاینیی ئێراندا، هەر شارێک یەک ئیمامی جومعەی هەیە و لە هەر شارێکدا تەنیا لە یەک مزگەوت نوێژی هەینی دەکرێت و وتاری هەینی دەخوێندرێت، ئیمام جومعەکانیش تەنیا لەلایەن عەلی خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێن و بابەتی وتارەکانیان لەلایەن ئەنجومەنی سیاسەتداڕێژی ئیمام جومعەکانەوە ئامادە دەکرێت و بۆیان دەنێردرێت تا بیخوێننەوە.

س.ح