ئێران: ئەوروپا بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات هەنگاوی بەهێزتر هەڵدەگرین

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشە دەکات، کە ئەگەر لایەنە ئەوروپییەکانی بەڵێنەکانیان بەجێ نەهێنن ئێران هەنگاوی سێیەمی بەهێزتر هەڵدەگرێت.


لەکاتێکدا هەنگاوەکانی یەکەم و دووەمی ئێران لە کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کاردانەوەی توندی جیهانیی لێکەوتووەتەوە، ئەمڕۆ سەید عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا هەڕەشەی کرد، کە ئەگەر ئەوروپییەکانی بەڵێنەکانیان بەجێ نەهێنن و بەردەوام بن لە تەنیا قسەکردن، هەنگاوی سێیەم بەهێزتر هەڵدەگرن.

موسەوی ڕایگەیاند: ئەگەر لایەنەکانی بەرامبەر هەڵنەستن بە ئەنجامی بەڵێنەکانیان، ئەوا لە ٦٠ ڕۆژی داهاتوو هەنگاوی سێیەم ڕادەگەینین و دوای ئەوەش ئیتر ٦٠ ڕۆژی دیکە بۆ مۆڵەتدان لە ئارادا نابێت.

دوای ئەوەی عەلیڕەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، دوێنێ هەڵپەساردنی بەشێکی دیکەی بەڵێنەکانی ئێرانی لەڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ڕاگەیاند، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و ئەمریکا، ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکە ئەو کارەیان ئیدانە کرد، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند: کردەوەی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، گەمارۆ و گۆشەگیریی زیاتری بەدواوە دێت.

ش.ف