ئێران: با ئەمریکا بێهودە چاوەڕێی پەیوەندیمان نەبێت

لە وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێران ڕایگەیاند کە، "با ئەمریکییەکان بێهودە چاوەڕێی پەیوەندی کاربەدەستانی ئێران نەبن".


دوای ئەوەی دوێنێ مۆرگان ئۆرتەگوس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئێرانییەکان ئەگەر دانوستانیان دەوێت دەزانن پەیوەندی بە کێیەوە بکەن، ئەمڕۆ عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی دایەوە.

عباس موسەوی ڕایگەیاند: ئەمریکییەکان بێهودە چاوەڕێ دەکەن کە کاربەدەستانی ئێران لەگەڵیاندا پەیوەندی بکەن،  ئەوان ماوەیەکی درێژە ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە.

ڕاشیگەیاند: ئێران هیچکات دەستپێشخەری دانوستانێک ناکات کە تێدا ماف و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاو نەکرێت، مرۆڤی زانا کاتێک لە فشاردا بێت و سەری تفەنگ لە ڕووی بێت دانوستان ناکات.

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد: ئەوان لەلایەکەوە ڕێبەری ئێمەیان خستووەتە لیستی گەمارۆ و گەرمارۆیان خستووەتە سەر فەرماندەی دیپلۆماتی وڵاتەکەمان (زەریف)، لە لایەکی دیکەشەوە باسی دانوستان دەکەن، ئەمە نیشانەی ڕاستگۆنەبوونی ئەمریکایە، ئێرانیش بایەخێک بەم قسانە نادات.

س.ح