ئێران بەرهەمهێنانی یورانیۆمی بۆ چوار هێندە زیاد کرد

دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، کە بەپێی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بەرهەمهێنانی و پیتاندنی یورانیۆمی بۆ چوار هێندە زیاد کرد.


بەهرۆز کەمالوەندی، وتەبێژی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە "دەزگای کۆمەڵگای پیتاندنی نەتەنز" ڕایگەیاندووە: بەپێی ڕێنمایی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و سەرۆک کۆماری ئێران، پابەند نابین بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ٣٠٠ کیلۆ UF6 و بە فەرمانی سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی یورانیۆم بۆ چوار هێندە بەرز دەکەینەوە، بەڵام بڕی ئەتۆمەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

کەمالوەندی، هەروەها وتی: ئێران بەپێی پێویست چاوەڕێی کرد و ئێستا ئەو هەنگاوەی هەڵیگرتووە بەپێی مافەکانیەتی، ئەمە دەرفەتێکە بۆ لایەنەکانی بەرامبەر کە بە گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانیان بەرجام (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) بگەڕێننەوە شوێنی خۆی، جەختیشی لەوە کردووەتەوە"ئێمە بەنیازی ئەوە نیین لە بەرجام بکشێینەوە یان پێشلی بکەین، بەڵام هەنگاوی دیکەش بەدوایەوە دێت".

جێگای ئاماژەیە کە سەرۆک کۆماری ئێران ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، کە پابەندبوونیان بە بەرجام کەم دەکەنەوە و ٦٠ ڕۆژ ماوە دەدەنە وڵاتانی ئەوروپا، کە ڕێگە بۆ بازرگانیی نەوتی و بانکی ئێران خۆش بکەن، لە بەرامبەردا ئەوروپا ڕەتیکردەوە و هۆشداریی دایە ئێران کە پابەند بێت بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی بەرجام.

ش.ف