ئێران بە بەرچاوی خەڵکەوە کەسێکی لەسێدارەدا

حکومەتی ئێران کە بەردەوام لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بە پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێت، ئەمجارەش کەسێکی بە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارەدا.


بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەرانا، ئەمڕۆ لە شاری جەهرۆم لە پارێزگای فارس، دەزگای دادی حکومەتی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی کەسێکی بە تاوانی کوشتن، لە پێش چاوی خەڵک و لەناو شاری جەهرۆم جێبەجێکردووە.

دادوەری گشتی و شۆڕشی شاری جەهرۆم بە ئاژانسە ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە، کە ئەو کەسە ناوی جەلالەدین موسەلا نژاد بووە و بە تاوانی ڕفاندن و کوشتنی کەسێک بەناوی محەمەدنەبی خواجەپوڕ لە سێدارە دراوە، هەروەها ئەوەشی وتووە، کە تەرمی کەسە کوژراوەکە هێشتا نەدۆزراوەتەوە.

ئێران ساڵانە بە پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێت و هەمیشەش ڕەتیدەکاتەوە، کە پێشلکاریی کردبێت، ئەوش دەگەڕێنێتەوە وەک خۆیان دەڵێن "بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خودا کە لە دینی ئیسلام و قورئان" هاتووە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕاپۆرتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، لە ساڵی ٢٠١٨ دا لانێکەم ٢٣٦ هاوڵاتیی لە سێدارە داوە و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ ١٩٥ کەسی دیکە دەرکردووە، لە کۆی گشتی ئەو لەسێدارەدراوانە شەش کەسیان منداڵ بوون، هەروەها لەم ساڵەدا ١٣ کەسی بە بەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە داوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، باس لەوە دەکرێت، کە ٧٠٪ی لە سێدارەدانەکان لەلایەن دەوڵەت یان دەزگای دادەوە ڕاناگەیەندرێن، کە پێیان دەوترێت لەسێدارەدانی شاراوە.

س.ح