ئێران، خۆپیشاندان گەیشتە زۆرینەی شارەکان

لە سێیەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی ئێران لەدژی هەڵئاوسانی ئابوری و گرانی کاڵاکان، خۆپیشاندان بەرفراوانتربووە و جگە لە ئەسفەهان و کەرەج، چەندین شاری دیکەشی گرتەوە.


ئەمڕۆ لە شارەکانی شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد، کەرەج، ئەهواز، ڕەشت و ساریی ئێرا،ن خۆپیشاندانی لەدژی گرانی و هەڵئاوسانی ئابوری دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران دروشمی دژبە حکومەت و دژبە دیکتاتۆر دەڵێنەوە.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لە چوارڕێیانی زەند  و شەقامی داریوشی شیراز شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ڕوویداوە.

لە شاری ئەسفەهانیش، کە خۆپیشاندانەکان لەوێوە دەستیپێکرد، هێزەکانی پۆلیس و بەسیج بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردووە.

سەرچاوە خۆجێیەکان لە ئەسفەهانەوە ڕایانگەیاندووە، کە ئامادەبوونی ژنان لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆدا زۆر بەرچاوە.

خۆپیشاندەران دروشمی "مەلا ون بە لە ئێران"، "مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین" و "نەمان بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە.

لە شاری مەشهەدیش هاوڵاتیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی "درۆدەکەن ئەمریکایە، دوژمنمان وا لێرەدایە" خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.

هەرچەند چاوەڕوان دەکرا، کە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان ئەمڕۆ بگاتە تارانی پایتەخت و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەڵام تا ئێستا گردبوونەوەی ناڕەزایی لەو شارانەدا ئەنجام نەدراوە، سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، هێزە ئەمنییەکانی شەقامەکانی تارانیان قۆرخکردووە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک.

خۆپیشاندەران بانگەشەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێران بۆ بەتاوانبارزانینی دوژمنی دەرەکی بۆ قەیرانە ئابورییەکانی ئێران ڕەتدەکەنەوە و حکومەتی ئێران بە بەرپرسی ئەو قەیرانانە دەزانن.

س.ح