ئێران خۆی بۆ شەپۆلی دووەمی بەرکەوتووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە دەکات

حکومەتی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ شەپۆلی دووەمی توشبووانی کۆرۆنا ڤایرۆس و چەند ڕێکارێکی نوێ لە هۆیەکانی گواستنەوە و کەرەنتینەکردنی چەند ناوچەیەک دەگرێتەبەر.


لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ئێران، حکومەتی ئەو وڵاتە ڕەخنەی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی گرت کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نابن و لە پشووی نەورۆزدا گەشت و سەیرانیان کردووە.

لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ئێران بڕیاریدا، لەمەولا هاتووچۆی نێوان شارەکان قەدەغە بکات و چەند ڕێکارێکی دیکەش بگرێتەبەر، ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران لەگەڵ ئەوە نین هێشتا تەواوی وڵاتەکە دابخەن کە ئێستا چەند وڵاتێک ئەو هەنگاوەیان ناوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، دەبێ ڕێکارەکان زیاتر بکرێن بۆ زیاد نەبوونی حاڵەتەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دوێنێ وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاویکردەوە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤٣ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەستداوە و ٢٢٠٦ حاڵەتی نوێش تۆمار کراوە، بەوەش ژمارەی توشبووان گەیشتە زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس و مردنی ٢٠٧٧ توشبووی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسەکە، حکومەتی ئێران بڕیاریدا هێزە ئەمنیەکان لەناوەندی شارەکان بڵاوە پێ بکەن و ڕێگە بگرن لە کۆبوونەوەی گشتی و هاتووچۆی نێوان شارەکان، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، خۆیان بۆ شەپۆلێکی قورس و سەختی ڤایرۆسەکە ئامادە دەکەن.

ڕخنەکانی دەسەڵات لە کاتێکدایە، گەلانی ئێران ڕەخنەی تووند لە حکومەت دەگرن و بە کەمتەرخەم بەرامبەر هاوڵاتیان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا لە قەڵەمی دەدەن.

س.ح