ئێران داوادەکات تورکیا هێرشەکان ڕاگرێت و لە سوریا بکشێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کردەوە سەربازییکانی تورکیا نە تەنها نیگەرانییەکانی تورکیا کەم ناکات، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی زیانی ماددی و مرۆڤی گەورە، داواشی کردووە، تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت و لە سوریا بکشێتەوە.


ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە و دژایەتی خۆی بۆ هێرشەکانی تورکیا ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئێران نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی دەوڵەتی لەناو خاکی سوریا دەربڕێوە و سەرنجی راکێشاوەتە سەر دۆخی مرۆیی و مەترسییەکانی سەر خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانەی شەڕی تێدایە، هەروەها داوای کردووە لە زووترین کاتدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانی ڕابگرێت و هێزەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێران لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات، بەڵام کردەوەی سەربازیی نەک تەنها نیگەرانییەکانی تورکیا کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی زیانی ماددی و مرۆڤی گەورە و بەوپێیە دژایەتی خۆمان لەگەڵ ئەو کردەوانە ڕادەگەینین.

ش.ف