ئێران: داوای هەندێک بابەت لە دەرەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕێککەوتنەکە تێکدەدات

دوای ئەوەی ماکرۆن و ترامپ پێکەوە جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت بەر لە بەرنامەی مووشەکی و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە بگیرێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: داوای هەندێک بابەت لە دەرەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، یارمەتیی مانەوەی ڕێککەونەکە نادات و تێکیدەدات.


ئەمڕۆ عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەی وڵاتەکەی بەرامبەر قسەکانی ئیمانوئیل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کە وتبووی: "ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی مووشەکی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، ڕایگەیاندووە: خستنەڕووی هەندێک بابەت لە دەرەوەی بەرجام (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) نەتەنیا یارمەرتیی مانەوەی بەرجام نادات، بەڵکوزەمینەی بێباوەڕبوونی زیاتریش لەنێوان ئەو لایەنانەی لە ڕێککەوتنەکە ماونەتەوە دروست دەکات.

موسەوی ئەوەشی وتووە کە: ئەوروپییەکان جگە لە هەندێک وتە و بەیانییەی سیاسی، تا ئێستا ناکارامەبوون لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانیان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و نەیانتوانیوە زەمینەیەک بۆ بەهرەمەندبوونی ئێران لەو ڕێککەوتنە فەراهەم بکەن.

موسەوی وتوویەتی: ئەوروپییەکان بەم کارانە ئەمریکا نزیک دەکەنەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە کشانەوەی نایاسایی لە ڕێککەوتنەکە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو ڕێککەوتنە.

موسەوی لەسەر قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بانگەشە و تۆمەتەکانی دووبارەن و هیچ بایەخێکیان نییە و شایەنی کاردانەوە نیین.

ک.س