ئێران، لافاو ٣٥ هەزار ملیار زیانی هەبووە

وەزیری ناوخۆی ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاپۆرتێکی پێشکەش کردووە و ڕایگەیاندووە، کە لافاوەکەی ئەم دواییەی ئێران بە گشتی نزیکەی ٣٥ هەزار ملیار تمەن زیانی بە ئێران گەیاندووە.


عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، ڕاپۆرتێکی لەسەر زیانەکانی لافاوەکانی ئەم دواییەی ٢٥ پارێزگا پێشکەش کردووە.

ڕەحمانی فەزلی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە لەو ٢٥ پارێزگایەی لە ئێران تووشی لافاو بوون، کێشەکانی کۆبوونەوە و مانەوەی ئاو لەناو شەقامەکان، وێرانبوونی ماڵەکان، کارگەکان، پردەکان و شەقامەکانی لێکەوتووەتەوە.

فەزلی لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە لە چوار هەزار و ٤٠٠ گوند کە تووشی لافاو بوون، زیاتر لە ٢٥٠ گوند و شارۆچکە چۆڵکراون تا زیانە گیانییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام زیانە مادییەکان نزیکەی ٣٥ هەزار ملیار تمەن خەملێنراوە.

ئەم قسانەی وەزیری ناوخۆی ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە کاتێکدایە، کە دوێنێ محەمەد ئیسلامی وەزیری ڕێگەوبانی ئێران، بە ئاژانسێکی ئێرانی ڕاگەیاندبوو، کە جگە لە پارێزگای خوزستان کە دوای چوونەدەرەوەی ئاوەکە زیانەکانی دەردەکەوێت، دوایین ئامارەکان لە ٢٤ پارێزگا، ٢١٣ شار و ٢٠٩ شارۆچکەی ئێران دەریخستووە، کە لافاو و بارانی بەلێزمە، بووەتە هۆی وێرانبوونی پێنج هەزار و ٩٠٠ گوند، هەروەها جەختیشی لەوە کردبووەوە، کە بە گشتی ١٥١ هەزار و ٥٦٤ خانوو لە ئێران ڕووخاون یان زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها لە کاتێکدا ڕەحمانی فەزلی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە لافاوەکانی ئەم دواییەی ئێران گیانیان لەدەستداوە نەکردووە، هەر ئەمڕۆ دامەزراوەی پزیشکی دادی ئێران ڕایگەیاندووە، کە ژمارەی گیان لەدەستدراوانی لافاوەکان گەیشتووەتە ٧٦ کەس کە لە ١٤ پارێزگای ئێران.

جێگای ئاماژەی لە کاتێکدا مەترسی لافاو لەسەر دوو پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لەسەر پارێزگای خوزستان ماوەتەوە، هەر دوێنێ لافاو پارێزگاکانی خوراسان، کرمان، بەندەرعباس و بەلووچستانی گرتووەتەوە و تا ئێستا زیانەکانی ئەو لافاوە ڕوون نەبووەتەوە.

س.ح