ئێران، لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ٢ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون

وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند: تا ئێستا ٢٧ هەزار و ١٧ کەس تووشی کۆرۆنابوون و ژمارەی ئەو کەسانەش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٧٧ کەس.


ئەمڕۆ کیانوش جهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دوایین ئاماری فەرمیی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید-١٩" لە ولاتەکەی ئاشکراکرد.

جهانپور ڕایگەیاند: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بەپێی پشکنینەکان، دوو هەزار و ٢٠٦ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و تا ئێستا بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران تووشبوونی ٢٧ هەزار و ١٧ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاست کراوەتەوە.

جهانپور ڕاشیگەیاند: بە گیان لەدەستدانی ١٤٣ کەسی دیکە بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ژمارەی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٧٧ کەس.

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستییی ئێران ڕایگەیاند: تا ئێستا ٩ هەزار و ٦٢٥ کەس لەوانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، چاکبوونەتەوە و ڕەوانەی ماڵەکانیان کراون.

لە کاتێکدا ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێڕان گەیشتووەتە ئەم ئاستە، ئەمڕۆ کاربەدەستانی ئێران بڕیاریانداوە کە لەسبەینێوە هەندێک ڕێوشوێن بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرنەبەر.  

ک.س