ئێران: هیچ هێزێکمان لە سوریا و ناوچەکە نییە

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندووە، کە هیچ هێزێکیان لە سوریا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە نییە، تەنها ڕاوێژکارى سەربازییان لە سوریا هەیە.


ئەمڕۆ عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەمڕۆ لە میانەی کۆنفرانسێک-دا لە تاران بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە هیچ هێزێکیان لە سوریا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە نییە هەتاوەکو داوایان لێبکرێت بیانکشێننەوە، هەروەها وتوویەتی'، کە هێزەکانی ئێران لە سوریا ڕاوێژکاری سەربازی بوون و ڕاوێژیان داوەتە هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد.

شەمخانی نەیوتووە کە ڕاوێژکارەکانی ئێران هێشتاش لە سوریا ماون یان نا؟ ئایا سەدان هێزی ئێرانی، کە لە سوریا کوژراون هەموویان ڕاوێژکاری سەربازی بوونە یان نا!، ناوبراو هەروەها ئەوەشی وتووە، کە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئەفغانستان و یەمەن خۆیان بەرگریی لە خۆیان دەکەن و کۆماری ئیسلامی هیچ هێزێکی لەو وڵاتانە نییە.

شەمخانی لە بەشیکی دیکەی قسەکانی دەڵێت: لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەفغانستان، ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دوێنی وتبووی: "دۆخی ئەوان (ئێران) هیچ باش نییە و بەنیازن گفتۆگو بکەن".

ئەو بانگەشانەی شەمخانی، لەسەر نەبوونی هێزیان لە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا لە کاتێکدایە، ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر ٢٠٠ جار پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و کۆگاکانی تەقەمەنیی لە سوریا بۆردوومان کردووە.

چاودێران ئەو قسانەی شەمخانی، وەک خواستى ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هەڵدەسەنگێنن و لە چوارچێوەی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەینرخێنن، کە ڕایگەیاندبوو یەکێک لەو ١٢ خاڵە کشانەوەی هێزەکانی ئێرانە لە ناوچەکەو گەڕانەوەیان بۆ ناو سنورەکانی خۆی.

د.ع