ئێران هێرشەکان گوماناویی دەبینێت و تایوانیش دەڵێت بە مووشەک بووە

بەیانی ئەمڕۆ لە دەریای عومان هێرشکرایە سەر دوو کەشتی و گڕیان گرت، ئێران دەڵێت، ئەو هێرشانە گوماناوین، تایوانیش دەڵێت: بە موشەک لە کەشتییەکان دراوە.


کاتژمێر ٠٨:٥٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، کەشتییەکی نەوتبەر کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەربوو، هەروەها کاتژمێر ٠٩:٥٠ خولەک کەشتییەکی دیکە کە ئاڵای وڵاتی پاناما-ی لەسەر بوو، ٣٠ کم دوور لە کەناراوەکانی ئێران هێرشیان کرایە سەرو تەقێندرانەوە و گڕیان گرت.

هەر دوای هێرشەکانی ئەمڕۆ، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هێرشانەی بە گوماناوی زانیوە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی، هێرشە لەکاتێکدایەبووە، کە شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران.

وەزارەتی بازرگانی ژاپۆن-یش ڕایگەیاندووە، باری ئەو کەشتییانە پەیوەندییدارە بە وڵاتەکەیەوە.

کۆمپانیای کەشتیوانی تایوانیش هێرشەکانی بە گوماناوی زانیوە و ڕایگەیاندووە: ئەو دوو کەشتییە بە دووری ٣٠ کم لە کەناراوەکانی ئێران بە مووشەکی ژێرئاو "ئەژدەر" لێیان دراوە، ڕۆژنامەی نەرویجی تریندویندز-یش پشتڕاستی کردووەتەوە، کە کەشتییەکان بە مووشەکی ژێرئاوی "ئەژدەر" لێیان دراوە..

وتەبێژی دەوڵەتی بەریتانیاش، نیگەرانی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاندووە و وتوویەتی، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەکە لەسەر ئەو هێرشە لێکۆڵێنەوە دەکات.

تا ئێستا هیچ وڵات یان گروپێک ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە و تا ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە، کە ئەو هێرشە بە چ ئامانجێک و لەلایەن کێیەوە ئەنجام دراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر چوار کەشتی لە بەندەری فەجیرەی ئیمارات تەقێندرانەوە، کە وڵاتانی کەندا و هەندێک وەڵاتی ئەوروپی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بە تەقاندنەوەی ئەو کەشتیانە و لەئێستادا دۆسییەکە گەیەندراوەتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

س.ح