ئێران: وەڵامی هەر هێرشێکی سەربازی دەدەینەوە کە بکرێتە سەرمان

ئەمڕۆ ئێران لە ڕێگای باڵیۆزی سوید-ەوە نامەیەکی ئاراستەی ئەمریکا کردووەو تێیدا جەختی کردۆتەوە، وەڵامی بێ سنووری هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر وڵاتەکەیان.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەنامەیەکدا لە ڕێگای باڵیۆزی سویدەوە ئاراستەی ئەمریکای کردووە، ئێران ئیدانەی تۆمەتبارکردنیان بە ئەنجامدەری هێرشەکانی سەر مەیدانە نەوتیەکانی سعودیە دەکات و ڕاشیدەگەیەنێت، وەڵامی تێکشکێنەری هەر هێرشێکی سەربازی دەدەنەوە کە بکرێتە سەر ئێران.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمریکا، سعودیە، هاوپەیمانی عەرەبی، و چەند وڵاتێکی تر، ئێران بەئەنجامدەری هێرشەکانی سەر مەیدانە نەوتیەکانی سعودیە دەزانن هەرچەندە کە حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

ئەمڕۆش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە جەختی لە وەڵامدانەوەیەکی بەکۆمەڵ کردووە لە بەرامبەر هێرشەکان.

لە نوێترین کاردانەوەشدا، دۆنالد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا، داوای لە وەزیری خەزێنەی وڵاتەکەی کردووە، سزاکانی سەر ئێران قورستر بکات.

ب.ش

 

 


 

.