ئێران و تورکیا و ڕوسیا کۆدەبنەوە

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ١٣ـەمین دانیشتنی سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و ڕوسیا مانگی داهاتوو لە شاری نورسوڵتان لە وڵاتی کازاخستان بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ ئاژانسی 'تاس'ی ڕوسیا بڵاوی کردووەتەوە کە میخائیل بوگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و نوێنەری تایبەتی پوتین بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ڕایگەیاندووە، کە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئێران، تورکیا و ڕوسیا ڕۆژانی یەک بۆ دووی مانگی داهاتوو لە شاری نورسوڵتان بەڕێوەدەچێت.

بوگدانۆڤ ئاماژەی بەوەداوە، کە گفتوگۆکانی ئەو دانیشتنە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمارەکانی هەر سێ وڵاتی 'ئێران،ڕوسیا و تورکیا'، لەسەر سوریا بەڕێوەدەچێت و تێیدا نوێنەرانی چاودێر لە وڵاتانی لوبنان و عێراقیش بەشداردەن.

جێگای ئاماژەیە کە تا ئێستا لەنێوان وڵاتانی ئێران، ڕوسیا و تورکیا ١٢ دانیشتن لەژێر ناوی "دانوستانەکانی ئاستانە" لەسەر سوریا بەڕێوەچووە ئەنجامی باشی نەبووە.

س.ح