ئێران، ١٥ سەرنشین لەو فڕۆکەی کەوتەخوارەوە گیانیان لەدەستداوە

​​​​​​​فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری ٧٠٧ی هێڵی ئاسمانی قرقیزستان نزیک فڕۆکە خانەیەک لە تاران کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە ١٥ کەس گیانایان لەدەستداوە و تەنها یەک کەس ڕزگاری بووە.


بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانیەکان، بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هێڵە ئاسمانیەکانی وڵاتی قرقیزستان کە لە بیشکێک-ی پایتەختی ئەو وڵاتەوە بەرەو ئێران هاتووە لە نزیک فڕۆکەخانەیەکی تاران-ی پایتەختی ئێران تووشی کێشەی تەکنیکی بووە و کەوتووەتە خوارەو و گڕی گرتووە.

لەسەر چۆنیەتی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە دەوترێت، بڕیار وابووە کە ئەو فڕۆکەیە لە 'فڕۆکەخانەی پەیام' بنیشێتەوە، بەڵام بە هەڵە چووەتە 'فڕۆکەخانەی فەتح' باس لەوە دەکرێت فڕۆکەکە دوای کەوتنە خوارەوەی ئاگری تێبەربووە و سووتاوە، سەرەتا و دوای ڕووداوەکە ڕاگەیەندرا، کە فڕۆکەیە ١٠ سەرنشینی تێدا بووە، بەڵام بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، ١٦ سەرنشینی تێدابووە و ١٥یان گیانیان لەدەستداوە.

کاتژمێرێک لەمەوبەر مێهرداد عەلیبەخشی، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی ئێران، بە ئاژانسە ئێرانییەکەنی ڕاگەیاندووە، ١٥ تەرم لە فڕۆکەکە دەرهێنراون و گوازراونەتەوە بۆ پزیشکی دادیی پارێزگای ئەلبۆرز، وە تائێستا ١٠ تەرم ناسراونەتەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ناسینەوەی پێنج تەرمی دیکە دەکرێت.

س.ح