ئێران ٨٦٠ ڕۆژنامەنووسی لەسێدارە داوە یان زیندانیی کردووە 

ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ڕاپۆتێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە دەستی گەیشتووە بە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار دۆسییە، کە هی ساڵەکانی نێوان ١٩٨٠ بۆ ٢٠١٠یە، پشتڕاستی دەکاتەوە، کە ئێران لەو ماوەیەدام واتا لە ماوەی ٣٠ ساڵدا، ٨٦٠ ڕۆژنامەنووسی زیندانی کردووە یان لە سێدارەی داون. 


دوێنی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کە ناوەندەکەشی لەوێیە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ژێر ناوی "٤٠ ساڵ درۆی حکومەتی ئیسلامی، پەردەلادان لە دۆسیەیەکی دادوەری ئێران" بە ئامادەبوونی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، ئاشکرای کرد کە دەستی گەیشتووە بە هەندێک بەڵگەی دادوەری کە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار دۆسیە لەخۆ دەگرێت. 

لەو ڕاپۆرتەدا ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنور جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەشیک لەو دۆسییەیە، هی ساڵەکانی ١٩٨٠ بۆ ٢٠١٠یە و لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە تاوتوێ و لێکۆڵینیان لەسەر کراوە، کە هەڵگری زانیاری هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا لە ژن، منداڵ، پیاو، کەمینە نەتەوەیی و دینی-یەکان، زیندانیانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان-ە. 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تاوتوێکردنی دۆسیەکان بۆ یەکەمجار دەریدەخات، کە دەزگای دادی ئێران هەوڵیداوە ڕاستییەکان لەسەر دۆخ و تۆمەتی ڕۆژنامەنووسان و زیندانیانی سیاسی، دەستکاری بکات، هەروەها ئەوەش هاتووە کە ئەو دۆسییەیە زانیاری ڕاستی کەسەکان لەوانە؛ ناوی تەواو، مێژووی دەستگیرکردن، تۆمەت و ناوی ئەو دەزگایەی کە هەستاوە بە دەستگیرکردنیان لەخۆ دەگرێت. 

ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور پشتڕاستی دەکاتەوە، کە لە لێکدانەوەی وردبینانەی لێکۆڵەرەکان، ناوی ٨٦٠ ڕۆژنامەنووس کە لە مەودای ساڵەکانی ١٩٨٠ بۆ ٢٠١٠ دەستگیرکراون، تۆمار کراوە کە دوایی یان زیندانیکراون یان لە سێدارە دراون، بەڵام لە دۆسییەکان بە "پیشەی ڕۆژنامەنووسی" ئەو کەسانە ئاماژە نەکراوە، ڕێکخراوەکە هۆکاری ئەم کردەوەیەی ڕژێمی ئێران دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵدەدات بەو ڕێگەیەوە لە ناوەندە ناوخۆ و جیهانییەکان ڕایبگەینێت، کە هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە بوونی نییە، تا بەم شێوەیە ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ فریو بدات. 

ڕێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەوکاتەوە دەستی بەو دۆسییەیە گەیشتووە، لەماوەی چەندین مانگدا کاری تاوتوێ و بەراوردی ئامارەکان لە "کۆمیتەی چاودێری ئامارەکانی دەزگای داد" بە سەرۆکایەتی 'شیرین عبادی' (پارێزەر و مافناسی ئێرانی خاوەنی نۆبڵی ئاشتی) ئەنجام داوە و بڕیار وایە ئەو دۆسییە، کە زانیاریی شاراوە لەخۆ دەگرێت، دوای کاری تەواوکەر بدرێتە ڕێکخراوە جیهانییەکان لەناویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان. 

کریسستوف دولوار، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، کە لەم کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە ئامادە بوو، جەختی لەوە کردەوە کە؛ ئەم دۆسییەیە دەریدەخات، کە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا بە سەرکوتکردنی بێکەموکوڕ و سیستماتیک، سەدان ژن و پیاوی لەسەر باوەڕی یان کاری ڕاگەیاندن بە دیل گرتووە، ڕێکخراوی ئێمە داوا لە میشل باشلە کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، تا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە وەڵامدانەوەی ئەم کردەوانە بکات. 

ئەم دۆسییەیە بۆ یەکەمجار جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زیاتر لە ٦٠٤٨ کەس لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٠ دەستگیرکراون، هەروەها ئاشکرایکردووە کە لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا لە ناو ٦١ هەزار و ٩٤٠ زیندانی سیاسی، ٥٢٠ کەسیان لە کاتی دەستگیرکردنیاندا تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە، ئەم دۆسییەیە هەروەها ناوی قوربانیانی کۆمەڵکوژیە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١ لەخۆ دەگرێت کە دوای وەرگرتنی ئیفادەیەکی چەند خولەکی بە مەرگ سزا دراون و ڕادەستی (جۆخەکانی مەرگ) بۆ تیرباران کراون، و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان شاردراونەتەوە، ئەوەش هاتووە کە ٥٧٦٠ هاوڵاتی 'بەهایی' تەنیا بەهۆی باوەڕییەوە یان زیندانی کراون یان لە سێدارە دراون. 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی- ئەمنستی ئینترناشنال کە ٢٤ی مانگی ڕابردوو سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بە ئاماژەدان بە خۆپێشاندانی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، کەمینەکان، ژنان و توێژەکانی دیکە، پشتڕاستیکردووەتەوە، کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار کەس لە ناڕازییان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون، هەر بۆیە ساڵەکەی بە "ساڵی شەرم" بۆ دەوڵەتی ئێران لە قەڵەم داوە. 


ک.ک