ئێران پزیشکانی بێسنووری لە وڵاتەکەی دەرکرد

گروپێک لە پزیشکانی بێسنوور کە لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران بۆ هاوکاریی چووبوونە ئەو وڵاتە، بە فەرمانی کاربەدەستان دەرکران.


چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕاگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە گروپێک لە پزیشکانی بێسنوور لەسەر داوای ئێران، هاتوونەتە ئەو وڵاتە و بە نیازن نەخۆشخانەیەکی کاتی دروست بکەن و هەندێک پێداویستیی پزیشکیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. 

ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بێ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات، ڕایگەیاند کە چالاکییەکانیان لە ئێران ڕاگرتووە.

ئەمڕۆ عەلیڕەزا ڕەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند: هاتنی پزیشکانی بێسنوور بۆ ئێران لەسەر داوای کاربەدەستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە.

ڕەبیعی بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دەرکردنی پزیشکانی بێسنوور لە وڵاتەکەی بدات وتی: سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا کورتهێنانی قەرەوێڵەمان نییە، دوای سوپاسی پزیشکانی بێسنوور ئەو پێداویستییانەی کە هێناویانە لە شوێنی پێویست بەکاردێنین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هیچ هاوکارییەکی جیهانی و مرۆڤدۆستانە ناگاتە دەستیان و ئەمریکا تاوانبار دەکەن بە زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەیان.

جێگەی ئاماژەیە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران لە پەیامی سەری ساڵی خۆیدا، جارێکی دیکە 'بیرۆکەی گەلەکۆمە' لە ڕێگەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووبارە کردەوە و ئاماژەشی بەوەدا کە "دوژمنان" لەگەڵ "جنوکەکان" دەستیان کردووە بەیەک و دژی ئێران کاردەکەن، شرۆڤەکاران ئەم قسانەی خامنەیی بە هۆکار دەزانن لەسەر دەرکردنی پزیشکانی بێسنوور لە ئێران. 

د.ع