ئێران ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی لە ٣٠٠ کیلوگرام تێپەڕاند

هەروەک پێشتر هەڕەشەی کردبوو، ئێران ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە ٣٠٠ کیلوگرام تێپەڕاند.


کاربەدەستانی حکومەتی ئێران دوو مانگ لەمەوبەر ماوەیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان ماونەتەوە دیاری کردبوو، بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەیان و کاروباری بانکییان بکەنەوە، دەنا بەشێک لەبەڵێنەکانیان لەو ڕێککەوتنە کەم دەکەنەوە.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی ئێران، ئەمڕۆ ئەو هەڕەشەیە جێبەجێی کراوە و ئێران ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە ٣٠٠ کیلوگرام تێپەڕاندووە.

لە ئێستادا ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەپێی ڕێککەوتنەکە ٣.٦٧٪ـە، بەڵام ئێران لەسەر ئەمەش هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئەوروپا بەڵێنەکانی جێبەجێی نەکات، ئەوا ئەو ڕێژەیە دەگەینێتە ٢٠٪.

ئاژانسی 'فارس'ی ئێرانی ڕایگەیاندووە، کە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، لێکۆڵینەرەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە سەردانێکیاندا دەستیان داوەتە کێشانی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی ئێران و بۆیان دەرکەوتووە، کە ئێران ڕێژەکەی تێپەڕاندووە و کێشی یۆرانیۆمەکە لە ٣٠٠ کیلوگرام زیاترە.

وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا کە لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە ماونەتەوە، پێشتر ڕایانگەیاندبوو، لە ئەگەری پێشلکردنی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنەکە، ئێران باجەکەی دەدات.

س.ح