ئێران ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی ڕفاندنی کەشتی بەریتانیی دابێت

سوپای پاسدارانی ئێران ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە، کە باس لەوە دەکەن، پێنج بەلەمی سوپای پاسداران هەوڵیانداوە کەشتییەکی بەریتانیا لە نزیک گەروی هورموز بڕفێنن.


بە گوێرەی ئاژانسە ئەمریکیی و جیهانییەکان، دوێنێ لە کاتێکدا کەشتی نەوتبەری "بریتیش هێریتج" کە هی وڵاتی بەریتانیایە، ویستوویەتی لە گەروی هورموز تێپەڕیت، لەلایەن پێنج بەلەم کە دەوترێت هی سوپای پاسدارانی ئێران بوون، گەمارۆ دراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران داوا لە کەشتییەکە دەکەن بچێتە ناو ئاوەکانی ئێران، دوابەدوای ئەم هەوڵە، کەشتی جەنگی "ئێچ ئێم ئێس مونت رۆز" کە بۆ یارمەتی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کانداودایە، ئاگادار بووەتەوە و هۆشداریی داوەتە بەلەمە ئێرانییەکان کە لە کەشتییەکە دوورکەونەوە، کەشتی نەوتبەری "بریتیش هێریتج"ـیش چەکەکانی خۆی بۆ بەرگریی ئامادەکردووە و ڕووی لە بەلەمەکانی سوپای پاسداران کردووە و هەڕەشەی کردووە کە لێیان دەدات.

دواتر، بەلەمە ئێرانییەکان پاشەکشێیان کردووە و هەوڵەکەیان بۆبردنی ئەو کەشتییە نەوتبەرە شکستی هێناوە.

سی ئێن ئێن ئەوهەواڵەی بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە ڤیدیۆی تۆمارکراوی ئەوڕووداوە لە دەستی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دایە.

لەلایەکی دیکەوە سوپای پاسدارنی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: هێزە دەرییەکانمان بەپێی ڕێکارە ڕەچاوکراوەکان کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردووش-دا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکمان لەگەڵ کەشتییە بێگانەکاندا نەبووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەئەگەری هاتنی ڕێنمایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتیەک ئەوا بە هێز و خێراییەکی زۆرەوە کارەکەمان ئەنجامی دەدەین.

جێگای ئاماژەیە، حکومەتی خۆجێیی 'جەبەل تارق' کە بەشێکە لە شانشینی بەریتانیا، ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو، کە چەکدارەکانی هێزی دەریاوانی پاشایی بەریتانیا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتبەردا گرتووە، کە نەوتی خاوی بەرەو سوریا بردووە، دوابەدوای ئەمە کاربەدەستانی حکومی وسەربازیی ئێران هەڕەشەیان کرد کە تۆڵەی ئەم کارە بە کردەوەیەکی هاوشێوە دەکەنەوە.

س.ح