ئێران کاردانەوەی لەبەرامبەر گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا نیشاندا

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەردەوامیی فشارەکانی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران، گەمارۆی خستە سەر پیشەسازیی پترۆکیمیاویی ئەو وڵاتە، ئەم گەمارۆ تازانە ٣٩ کۆمپانیای ئێرانیی و سەربە ئێران لەخۆ دەگرێت، لە کاردانەوەشیدا ئێران دەڵێت: ئەمریکا فریوکارە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە دوێنێ وەزارەتی خەزنەداری ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، 'کۆمپانیای پیشەسازی پترۆکیمیاویی کەنداوی فارس'، بەهۆی پشتیوانیی دارایی لە بڕیارگەی "خاتەم ئەنبیاء" کە ناوەندی ئەندازیاریی سوپای پاسدارانی ئێرانە گەمارۆی خراوەتە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا ٣٨ کۆمپانیا و کارگەی دیکەی گرێدراوی 'پیشەسازیی پترۆکیمیاویی کەنداوی فارس' خراونەتە لیستی گەمارۆدراوەکانەوە.

وەزارەتی خەزنەداری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، باسی لەوەش کردووە'پیشەسازیی پترۆکیمیاوی کەنداوی فارس' خۆی بە تەنیا نیوەی هەناردەی پترۆکیمیاویی ئێرانی لە ئەستۆدایە.

هەروەها، ڕایگەیاندووە کە،"سوپای پاسدارانی ئێران بەشێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخستنکراو دزەی کردووەتە ناو هەموو جومگەکانی ئابووریی ئێران بۆ ئەوەی سندوقی خۆی پڕ بکات و لەلایەکی دیکەشەوە چالاکیی دووژمنکارانە ئەنجامدەدات".

هەر دوای ڕاگەیاندنی ئەو گەمارۆ نوێیانە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە لە سەر تویتەرەکەی نووسیی:"وەزارەتی خەزێنە گەمارۆی خستە سەر بەشی پەترۆکیمیاوی ئێران، کە پشتیوانی لە سوپای پاسداران دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگە نادات ئێران دەستی بگات بە پارەیەک کە پێویستییە بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە".

بە هەمان شێوە، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئێران پارەکانی بۆ پشتیوانیی تیرۆر خەرج دەکات، ئەمەش بۆ ئابووریی ئێران کێشەی جدیی دروست کردووە و بەردەوام خراپتر دەبێت".

بۆڵتۆن هەروەها نووسیویەتی:"سەرۆک (ترامپ) دەرفەتێکی دایە ئێران تا بتوانێت داهاتووەکی باشتر پەیدا بکات، بەڵام پێویستە ڕژێم کۆتایی بە دەسەڵاتی تیرۆری ٤٠ ساڵەی خۆی بێنێت".

ئەم گەمارۆ نوێیە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بە نیازی شەڕ لەگەڵ ئێران نییە و ئامادەیە ئەگەر کاربەدەستانی ئێران بیانەوێت لەگەڵیان دانیشێت و دانوستان بکات، دوای ئەوەش مایک پۆمپیۆ وتبووی: "ئەمریکا ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک دانوستان لەگەڵ ئێران بکات".

هەر دوێنێ لە کاردانەوەی بەرامبەر ئەم گەمارۆە نوێیانەی ئەمریکا، عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی ئەم کارەی ئیدانە کرد و وەک تیرۆریزمی ئابووریی ناوی هێنا و ڕایگەیاند:"تەنیا هەفتەیەک پێویست بوو تا دەرکەوێت بانگەشەکانی ترامپ بۆ دانوستان هەمووی پووچن".

موسەوی، هەروەها بانگەشەکانی کاربەدەستانی ئەمریکیی بۆ دانووستان فریوکارانە و ناڕاست زانیوە و ڕایگەیاندووە:"ئەم کارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێچەوانەی بنەماکانی پەیوەندیی و بەڵێنە نێودەولەتییەکانییەتی و بەرپرسیارەتی نێودەوڵەتیی دەکەوێتە سەر".

ش.ف