ئێران: یەکەم گولـلە لە کەنداو بەهای نەوت دەگەیەنێتە ١٠٠ دۆلار

ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە تەقاندنی یەکەم گولـلە لە کەنداو بەهای نەوت دەگەینێتە ١٠٠ دۆلار و ئەم بەهایە بارێکی قورسە بۆ ئەوروپا، ئەمریکا و دۆستانی وەک ژاپۆن و کوریای باشور.


یەحیا ڕەحیم سەفەوی، یاریدەدەر و ڕاوێژکاری سەربازی ڕێبەری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسێکی سەر بە سوپای پاسداران لەسەر ئەگەری شەڕ قسەیکردووە و هەڕەشەی کردووە کە مووشەکەکانیان دەتوانن پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بپێکن و بگەنە کەناراوەکانی وڵاتانی بەرامبەر.

سەفەوی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمریکا ناچێتە شەڕێکەوە کە قازانجی ئابووریی نەبێت و وتوویەتی: ترامپ دەزانێت هەر شەڕێک لەگەڵ ئێران هەم شکستی سەربازیی بەدواوەیە و هەمیش خەرجییەکی زۆری ئابوریی هەیە، یەکەم گولـلە کە لە کەنداو بتەقێندرێت، بەهای نەوت دەگەینێتە ١٠٠ دۆلار، ئەمەش بۆ ئەوروپا، ئەمریکا و دۆستانی وەک ژاپۆن و کوریای باشور، بارێکی قورسی دەبێت.

سەفەوی هەڕەشەشی لە ئەمریکا کردووە و وتوویەتی: ئێمە هێزی یەکەمی ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیاین، ترامپ ئەگەر ڕای فەرماندەکانی وەرگرێت، بێگومان لە شەڕی دژی ئێران دوور دەخەنەوە، ئەوان بە باشی دەزانن ئێران زۆرێک لە ستراتژییە جەنگییەکانی شاردووەتەوە و دەتوانێت گورزێکی تێکشکێنانە و چاوەڕواننەکراویان لێبدات.

سەفەوی بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هەڵوێستەکانیان دژی ئێران وتوویەتی: پێشنیار دەکەم لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە پەیماننامەیەک واژۆ بکەین کە هێرش نەکەینە سەریەکتر، لەگەڵ هەندێکیشیان هاوپەیمانی دروست بکەین، هیوادارم وڵاتانی ناوچەکە لەبری ئەوەی بە بیرۆکەی شەیتانیانە ئێران بە دوژمنی خۆیان بزانن، ئەمریکا و ئیسرائیل بە دوژمنی خۆیان دابنێن.

ک.س