ئەردۆغان: ڕیفراندۆمی باکوری عێراق بە هەوڵی ئێمە پوچەڵ کرایەوە

ئەردۆغان، جارێکی دیکە هەڵوێستی دژی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندا و دانی بەوەدا نا، کە بەهۆی هەوڵدانەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان سەرکەوتوو نەبووە.


تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆماری تورک، لەمیانی کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێکەش کرد.

 

لە بەشێکی وتارەکەیدا، ئەردۆغان، جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر دەستکەوتەکانی کورد لە جوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت باشوری کوردستان.

ئەردۆغان، ئاماژەی بە هەوڵدانەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆ سەرنەکەوتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان و وتی:"هەوڵدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوبەریی هەرێم لە باکوری عێراق، بە نیشاندانی هەڵوێستە ڕوونەکانی تورکیا پوچەڵ کرایەوە".

ئەردۆغان، دڵخۆشیی خۆی بە کۆنترۆڵکردنی ٥٠٪ی خاکی باشور لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نیشاندا و وتی:"دوای هێرشی داعش، کە زۆر ناوچەی عێراق داگیرکرابوو، جارێکی دیکە کەوتنەوە ژێر ککۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیی، ئەمە ئێمەی زۆر دڵخۆش کرد و بووە هۆی ئەوەی کە عێراق لە کێشەیەکی گەورە ڕزگار ببێت".

ناوبراو، لە درێژەی وتارەکەیدا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە شەنگال و قەندیل کرد و دووژمنایەتیی خۆی لەبەرامبەر تەواوی دەستکەوتەکانی کورد دووپات کردەوە.

سەرۆک کۆماری تورک، لە بابەتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق-دا، بە لە وتەکانیدا بە ئاشکرا نیشانیدا، کە دەستوەردان دەکەن و وتی:"هیوادارین عێراق لە نەخۆشیی مەزهەبیی ڕزگاری ببێت، بۆ ڕزگاربوون لەو نەخۆشییەش، ئێمە هەوڵەکانمان بەردەوامیی پێدەدەین و ئەگەر بیانەوێت لەم بابەتەدا پێشەنگایەتیی دەکەین".

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەردۆغان لە ڕیفراندۆمی باشور، سوپاسی دەوڵەتی تورکی کرد، کە گوایە لە کاتی زەحمەتییدا لەگەڵ حکومەت و خەڵکی باشوردا بووە.

 

ش.ف