ئەمریکا بە فەرمی جێگیرکردنی سیستمی دژ مووشەکی لە عێراق ڕاگەیاند

سەرکردایەتی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمی جێگیرکردنی سیستمی بەرگری "دژە مووشەک" لە عێراق ڕاگەیاند.


لە بەیاننامەیەکدا بێڵ ئۆربان، وتەبێژی سەرکردایەتی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، هەروەک ئەوەی کە پێشتر فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا فرانک ماکێنزی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ١٣ی مانگی ڕابردوو ئاشکرایکرد کە ئەمریکا بۆ پاریزگاری لە خۆی و سوپای عێراق و هیزی هاوپەیمانی سیستمی دژە مووشەکەی لەو وڵاتە جێگیر دەکات، لەو هەنگاوە پاشەکشەیان نەکردووە.

ئەو وتەبێژە دەڵێت، لەماوەی ڕابردوودا بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕوبەڕووی هەڕەشەی ئاسمانی بوونەوە کە چەند جارێک دووبارە بوونەوەو سەروەری خاکی عێراق بەهۆیەوە پێشێلکراو کوژرا و و برینداریی لێکەوتەوە.

ئۆربان ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی سیستمی دژە مووشەک لەناو خاکی عێراق و لەبەر مەترسی ئەمنی وردەکارییەکەیان ئاشکرا نەکردووە، لە ئێستاشدا کارەکان بۆ جێگکردن و دانانی سیستمی دژە مووشەکی بەردەوامییان هەیە.

هەروەها دەڵێت، حکومەتی عێراق تێگەیشتنی تەواوی هەیە بۆ بابەتەکە و پێویستی بە سوپای ئەمریکا و سیستمە بەرگرییەکە هەیە کە ئامانج لێی پاراستنی هاوپەیمانان و سوپای عێراق و سوپای ئەمریکایە بە ئاگاداریی و هەماهەنگی بەرپرسانی عێراق.

جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر بەڵێنەکانیان بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ عێراق بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

د.ع