ئەمریکا دانی بەو زیانانەدا نا کە لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا بەریکەوتووە

هێزەکانی سوپای ئەمریکا زانیاری نوێ لەبارەی زەرەرو زیانەکانی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بڵاوکردەوە، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک بۆردومان کرا، لەکاتێکدا پێشتر پێنتاگۆن ڕەتیکردەوە زیانیان بەرکەوتبێت، ئێستا دەڵێن ١١ سەرباز برینداربوون.


کابتن بێڵ ئوربان، وتەبێژی سەرکردایەتی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار بە بۆردومانی موشەکەکانی ئێران نەکوژراوە، بەڵام ١١ سەربازیان برینداربووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەکاتی بۆردومانەکەدا نزیک بە هەزارو ٥٠٠ سەرباز لە بنکە سەربازییەکەدا ماونەتەوە، بە چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە ئاگادارکراونەتەوە کە بنکەکە جێ بهێڵن.

هەر بە پێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەمریکا، لە بۆردومانەکەدا بنکە سەربازییەکە زیانی زۆری پێگەییشتووە، ئەوەش پێچەوانەی ئەو راگەیەنراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو سەرۆکی ئەمریکا بوو، کە ئاماژەیان بە سەلامەتی هێزەکانیان و بنکە سەربازییەکە کردبوو.

بەپێی وتەکانی بێڵ ئوربان، دوابەدوای هێرشەکە، بەشێک لە سەربازەکانیان گواستووەتەوەو لە بنکەکەدا نەماون.

لەبارەی ڕەوشی سەربازە بریندارەکانیشەوە ئوربان وتی، بەشێكیان گوازراونەتەوە بۆ کوێت و بەشێکیشیان بۆ ئەڵمانیا بۆ چارەسەر.

دوێنێ'ش حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە توانیویانە وا لە ئەمریکییەکان بکەن، بۆماوەی ٢٤ کاتژمێر نەخەون.

جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، سوپای پاسدرانی ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسمی سولەیمانی بەرپرسی فەیلەقی سوپای پاسداران، کە لە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگەدا لەلایەن ئەمریکاوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە زینک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا، ٢٢ موشەکی ناوەند مەودای بە هێزەکانی سوپای ئەمریکاوە نا لە عێراق و ١٥ مووشەکیان بەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کەوتن لە پارێزگای ئەنبار.

س.ح