ئەمریکا ٢٠٠ سەرباز لە باکوری سوریا دەهێڵێتەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا تەواوی هێزە سەربازییەکانی لە سوریا ناکشێنێتەوە، بەڵکو بەشێکی کەمیان لەو وڵاتە دەهێڵێتەوە، کە نزیکەی ٢٠٠ سەرباز دەبن.


کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە باکوری سوریا هێشتاش بابەتی سەرەکی میدیا جیهانییەکانە، لەو بارەیەشەوە دوێنێ کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

سارا ساندەرس، وتەبێژی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشێکی کەمی هێزەکانی ئەمریکا، کە ژمارەیان لە دەوروبەری ٢٠٠ سەربازدا دەبێت، بۆ ماوەیەکی کاتیی لە سوریا دەهێڵدرێنەوە.

بەشێک لە سیناتۆر و سیاسییەکانی ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە دژی کشانەوەی وڵاتەکەیان بوون لە سوریا و ئەوان بۆچوونیان وایە: هێشتنەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکات، ئێرانیش ئەو بۆشاییە پڕناکاتەوە، کە ئەمریکا لە شوێنی خۆی بەجێیدەهێڵێت، هاوکات شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکان و تورکیا ڕوونادات.

ک.ک