ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکومەت دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر کاندیدانی پۆستی وەزارەتە پڕنەکراوەکان بدات، سەرۆکی حکومەتی عێراقیش شەوی رابردوو ناوی کاندیدەکانی ئاراستەی پەرلەمان کرد.


بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٠ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی خۆی دەستپێبکات.

 و بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، جگە لەدەنگدان لەسەر ناوی کانیدەکانی هەشت وەزارەتە پڕنەکراوەکەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، هاوکات گفتوگۆ دەکرێت بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ دابەشکردنی وزە.

شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی ناوی کاندیدی وەزارەتە پڕنەکراوەکانی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە بریتین لە فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، فەیسەڵ جەربا بۆ وەزارەتی بەرگریی، دارا نورەدین بۆ وەزارەتی داد، هنا ئەمانوێل بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەبدولئەمیر غالب حەمدانی بۆ وەزارەتی رۆشنبیریی، قوسەی عەبدولوەهاب بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەبا دلێمی بۆ وەزارەتی پەروەردە و سەباح نوری دلێمی بۆ وەزارەتی پلاندانان.

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا بە بەشێك لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و ١٤ وەزیر متمانەیان پێدرا، هەشت وەزارەتیش بە پڕنەکراوەیی مایەوە.

هەرچەندە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خالید شوانی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق نەوزاد هادی، بۆ وەرگرتنی وەزارەتی کۆچوکۆچبەران کاندید کردبوو، بەڵام ناوی هیچ کام لەوانە لەناو لیستی ئەو ناوانەدا نییە، کە عادل عەبدولمەهدی ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە.

لەناو ئەو ناوانەی، کە عەبدولمەهدی رادەستی پەرلەمانی کردووە، دارا نورەدین کوردە، بەڵام دیار نییە، کە کاندیدی چ حزبێکە و کێ پشتیوانیی دەکات.

ش.ف