ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ

دوای ١٧ ڕۆژە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نامەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ وەرگرت.


ئێوارەی ئەمڕۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە فەرمی بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، ئەوەش دوای ئەوەی ئەکەپە و ئەردۆغان ماوەی ١٧ ڕۆژ ویستیان ئەنجامەکان بگۆڕن.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە بوو، بەڵام هەدەپە پشتیوانی کرد، ئەوەش هۆکاری سەرکەوتنی بوو.

ئەمڕۆ ئیمامئۆغڵو لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەی چووە دادگای چاگلایان و نامەی فەرمی دەستبەکاربوونی وەرگرت.

لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا بەڕێوەچوون و پارتی گەلی کۆماری جەهەپە توانی لە هەردوو گەورەشاری ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە بەسەر پارتی داد و گەشەپێداندا سەربکەوێت، بەپێی دوایین ئەنجامەکان لە ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو چوار ملیۆن و ١٦٩ هەزار و ٧٦٥ دەنگ و بینالی یڵدرم کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) چوار ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٣٦ دەنگی بەدەستهێناوە.


ک.ک