باجی گومرگەکان لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان یەکدەخرێن

دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە بڕیاری حکومەتی عێراق، باجی گومرگەکان لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان یەکدەخرێن.


ئەمڕۆ دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق لێدوانێکی نوسراوی لەسەر یەکخستنی باجی گومرگ لە سەرجەم خاڵە سنورییەکان و لابردنی گومرگەکانی نێوان عێراق و هەرێم بڵاوکردەوە.

لە لێدوانەکەی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراقدا هاتووە: بە بڕیای ئەنجومەنی وەزیران، باجی گومرگەکان لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان یەکدەخرێن و هەروەها یەکخستنی پێناسی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەک پەروێزخان، باشماخ، ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، فڕۆکەخانەی هەولێر و فڕۆکەخانەی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە بڕیاری دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق خاڵە گومرگییەکانی فایدە لە نێوان دهۆک و موسڵ، شێراوە و لەیلان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کەرکووک هەڵگیران.

دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق باسی لەوەش کردووە: پێویستە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان لەبارەی لێخۆشبوونی گومرگی.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیاری یەکخستنی باجی گومرگەکان لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان لە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت.


ک.ک