بارزانی داوای دانبەخۆداگرتن دەکات و سائیروونیش بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەکات

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارەکانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: خۆپیشاندان مافێکی دەستوورییە بەڵام نابێت بۆ توندوتیژی و پێکدادان و نانەوەی پشێوی و دەرچوون لە یاسا بگۆڕێت، سەدریش داوای لە پەرلەمانتارانی سائیروون کردووە، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان بکەن.


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزییەکانی عیراق و خۆپیشاندانەکان، ڕایدەگەیەنێت:"خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتییانە مافێکی دەستوورییە، بەڵام نابێت بگۆڕێت بۆ دەرچوون لە یاساو هەڕەشە لە ئاسایشی گشتی و تێکدان و هەڵوەشانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق لە دایکبووی ڕۆژنین، بەڵکو زادەی سیاسەتە هەڵەکانی دەیان ساڵی ڕابردووی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە و هیچ حکومەتێک لە شەوو ڕۆژێک ناتوانێت چارەسەری بکات.

نێچیرڤان بارزانی داوایشی کردووە"هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن، یاسا بپارێزن و بەرژەوەندی باڵای وڵات ڕەچاوبکەن".

هاوکات موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا داوای لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سائیروون کردووە، بایکۆتی دانیشتنی سبەی پەرلەمان بکەن.

لە پەیامەکەی سەدر دا هاتووە: تا ئەوکاتەی بەرنامەیەکی حکومەت دەردەچێت و گەل و مەرجەعیەت لێی ڕازی دەبێت، نابێت پەرلەمانتارانی سائیروون بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بکەن.

 هاوپەیمانی سائیروون لە پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند، پەرلەمانتارانی سائیروون بەشداری دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق ناکەن.

ب.ش