بارزانی و حەلبووسی کۆبوونەوە

لە شاری هەولێر نێچرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێم و هەروەها پەیوەندییەکانی ناوەند و هەولێر کراوە.


ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حکومەتی هەرێم و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، بە ئامادەبوونی ڤالا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵێکی سایتی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا:"دۆخی سیاسیی عێراق به‌گشتی و دوایین پێشهاته‌كانی پارێزگای مووسڵیان به‌تایبه‌تی تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌ن و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی وڵات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش كرده‌وه‌".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هه‌ردوولا باسیان لە دۆخی ئاواره‌كانی عێراق له‌ كا‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان کردووەو "جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی هاوكاریكردنیان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان و ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه".

بەبێ ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا بکەن، لە کۆبوونەوەکەدا:"په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌رده‌وامیی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه،‌ تاوتوێكردنی داۆخی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون".

س.ح