باغۆز ڕزگار کرا و شەڕڤانان کۆتاییان بە داعش هێنا.. نوێکراوەتەوە

لەسەر دەستی شەڕڤانانی قەسەدە، چەتەکانی داعش کۆتاییان هات و باغۆز بەتەواویی ڕزگار کرا..


پەیامنێری ئاژانسی هاوارنیوز، کە ڕووماڵی بەرخۆدانی شەڕڤانان لە باغۆز دەکات، ڕزگارکردنی تەواویی باغۆزی ڕاگەیاند، کە دواین مۆڵگەی چەتەکانی داعشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بە ڕزگارکردنی باغۆز، چەتەکانی داعش کۆتاییان هات و شەڕڤانانیش سەرکەوتنێکی مێژووییان بەسەر تیرۆردا تۆمارکرد.

لەئێستادا، دوای ڕزگارکردنی باغۆز، شەڕڤانان هەڵمەتی پاککردنەوەی سنوورکەیان لە پاشماوەی چەتەکان دەستپێکردووە.

دوواین قۆناغی هەنگاوی گەردەلولی جزیرە بۆ نەهێشتنی تیرۆر، لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ دەستیپێکرد، بە ئامانجی ڕزگارکردنی ئەو هەرێمانەی لەژێر داگیرکاریی چەتەکانی داعشدا مابوونەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، جگە لە ڕزگارکردنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە سنوورەکانی شەڕ، هەزاران چەتەی داعش-یش خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کرد.

چاوەڕوان دەکرێت شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، لە لێدوانێکی فەرمیدا کۆتاییهاتنی چەتەکانی داعش ڕابگەینن.

س.ح