بانکی جیهانیی: ڕۆژ لەداوای ڕۆژ ئێرانییەکان هەژارتر دەبن

نوێترین ڕاپۆرتی بانکی جیهانیی باس لەوە دەکات داهاتی تاک، لە ئێران ڕووی لە کەمبوونە کردووە و بەشێوەیەک، کە ئێران لەڕووی داهاتی تاکەوە لەڕیزبەندی ٩٨مین دەوڵەتی جهاندایە.


ڕۆژنامەیەکی فەرمی ئێران سەربە دامەزراوەی شارەوانییەکانی ئێران، ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی بڵاوکردووەتەوە، کە تێدا ئاماژە بەوە کراوە وڵاتی ئێران، سەرەڕای ئەوەی لە بواری داهاتەوە لە پلەی ٢٦مین دەوڵەتی جیهان دایە، بەڵام خەڵکەکەی لە بواری داهاتی تاکەوە لە پلەی ٩٨ مین دەوڵەتی جیهان جێیان گرتووە. 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە داهاتی ساڵانەی تاک لە ئێران پێنج هەزار و ٤٧٠ دۆلارە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێژەی داهاتی تاک کەمترە لەو بڕە پارەیەی، کە ڕاپۆرتەکەی بانکی جیهانی ئاماژەی پێدەکات، چونکە ئێستادا مووچەی بنەڕەتی کرێکاران لە یاسای کاری ئێران کەمترە لە یەک ملیون و ٥٠٠ هەزار تمەنە، کە بەپێی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار لە ئەمڕۆدا ئەو مووچەیە لە مانگێکدا کەمتر لە ١٢٠ دۆلارە، ئەوەش ساڵانە کەمتر لە هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران لە کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی توانای کاریان هەیە، تەنیا ٤٠٪یان کاری تەواو وەختیان هەیە و ١٤ ملیون کەس بە تەواوەتی بێکارن.

لە چەند ڕۆژای ڕابردوودا کاربەدەستێکی ئەنجومەنەکانی باڵای کار لە ئێران، باسی لەوە کردبوو، کە "توانای ئابووریی کرێکاران ٩٠٪ دابەزیوە".

ئەمەلە کاتێکدایە کە دوای گەڕانەوەی گەمارۆکان و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر بەرز بووەتەوە و بەپێی داتاکانی بازاڕی ئێران ڕێژەی هەڵئاوسان تا ٣٠٠٪ بەرزبووەتەوە، کە بووەتە هۆی هەژاریی زیاتری خەڵک.

د.ع