بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوامە و بەرەی بایکۆتیش تادێت فراوانتر دەبێت

بانگەشەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ١١ـەمین خولی پەرلەمانی ئێران بەردەوامە، لە سەرتاسەری ئێران حەوت هەزار و ١٤٨ کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە کاندیدکردووە، ئەوەش بۆ بەدەستهێنانی ٢٩٠ کورسی لە ٢٠٨ بازنەی دەنگداندا، لەگەڵ بەردەوامی بانگەشەشدا تادێت بەرەی بایکوتی هەڵبژاردن فراوانتر دەبێت.


ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ١١ـەمین خولی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ی ئێران بەڕێوەدەچێت، لیستی کۆتایی کاندیدەکان ڕاگەیاندراوە و کاندیدەکانیش خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنن، باڵی ڕیفۆرمخواز سەرەڕای ئەوەی زۆربەی کاندیدەکانی ڕەتکراونەتەوە هێشتاش هەوڵی پێشکەشکردنی لیستی هاوبەش دەدات.

ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ی ئێران لە ٢٩٠ کورسی پێکدێت کە لە ٢٠٨ بازنەی دەنگدان بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵکی ئەو ناوچانە هەڵدەبژێردرێن، بەپێی دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیەندراو، ٥٥ ملیۆن هاوڵاتی لە ئێران مافی دەنگدانیان هەیە، کە لە هەر بازنەیەکدا ١٩٠ هەزار هاوڵاتی یەک نوێنەری پەرلەمان هەڵدەبژێرن.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لیستی کۆتایی کاندیدە پەسەندکراوەکانی لە هەموو پارێزگاکانی ئێران ڕاگەیاند، بەپێی ئەو لیستە لە سەرتاسەری ئێران حەوت هەزار و ١٤٨ کەس شایستەییان بۆ کاندیدبوون لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمان پەسەندکرا، هەروەها شایستەیی حەوت هەزار و ٢٩٦ کەسی دیکەش پەسەند نەکرا کە ٩٠ پەرلەمانتاری ئەم خولەشیان تێدایە.

بەپێی ئەو لیستە، لە شەش پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایستەیی ٧٦٣ کەس بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی ئێران پەسەند کراوە کە لە ٢٩ بازنەی دەنگدان دەستیان بە بانگەشە کردووە و دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ٣٨ کەسیان دەچنە پەرلەمانەوە.

بە گوێرەی دوایین لیستەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٩ بازنەی دەنگدان، لەوانە؛ ١- ئورمیە، ٢- بۆکان، ٣- پیرانشار و سردەشت، ٤- خۆی و چایپارە، ٥- سەلماس، ٦- ماکۆ، چاڵدێران، پۆلدەشت و شووت، ٧- مەهاباد، ٨- میاندووئاو، ساین قەڵا و تێکاب، ٩- نەقەدە و شنۆ، ٢٠٠ کاندید بانگەشەکانی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە و دوای هەڵبژاردن ١٢ کەسیان دەچنە پەرلەمانەوە.

هەروەها لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو بازنەی دەنگدان لەوانە؛ ١- ئیلام، چەرداوڕ، مێهران، مەڵکشای و شێروان، ٢- دیهلوڕان، دەڕەشار، ئاودانان و بەدرە، ٦١ کاندید بانگەشەیان دەستپێکردووە و دوای هەڵبژاردن سێ کەسیان دەچنە پەرلەمانەوە.

لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێنج بازنەی دەنگدان لەوانە؛ ١- بێجاڕ، ٢- سەقز و بانە، ٣- سنە، دیواندەڕە و کامیاران، ٤- قوروە و دێگوڵان، ٥- مەریوان و سەوڵاوا، ١٢٦ کەس بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە و لە دوای هەڵبژاردنەکان شەش کەسیان دەچنە پەرلەمانەوە.

لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شەش بازنەی دەنگدان، لەوانە؛ ١- شاباد و داڵاهۆ، ٢- پاوە، جوانڕۆ، سەلاس باوەجانی، ڕەوانسەر، سەرقەڵا و جێگران، ٣- سونقوڕ، ٤- قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گیەڵان، ٥- کرماشان، ٦- کەنگاوەر، سەحنە و هەرسین، ١٥٨ کەس بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە و لە کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەشت کەسیان دەچنە پەرلەمانەوە.

هەر بەوپێیە، لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حەوت بازنەی دەنگدان، لەوانە؛ ١- ئەلیگودەرز، ٢- بروجرد، ٣- پۆلدۆختەر، ٤- خوڕمئاوا و دەورە، ٥- دلفان و سلسلە، ٦- درود و ئەزنا، ٧- کۆدەشت و ڕومشکان، ٢١٨ کەس بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە و لە کۆتایی هەڵبژاردنەکان نۆ کەسیان دەچنە پەرلەمانەوە.

ڕۆژی ١٣ ئەم مانگە بانگەشەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ١١ـەمین خولی پەرلەمان دەستیپێکرد و کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە واتە ٢٠ی ئەم مانگە، ٢٤ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان کۆتاییپێدێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم بانگەشانەدا، باسی بایکۆتی هەڵبژاردن و بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمان ڕۆژەڤی سەرەکی ناوخۆی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ئێرانە لەو چوارچێوەیەشدا زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیار بایکۆتی هەڵبژاردنیانداوە و هەریەک لە (پژاک، کۆدار و کژار) بەفەرمی بڕیاری بایکۆتیانداوە.

بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان کە تەنانەت لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی سەربە دەسەڵاتی ئێرانەوە ئەنجامدرا و ئەنجامەکەی ڕاگەیەندرا، زیاتر لە ٨٠٪ی خەڵکی ئێران ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ناکەن.

گرنگترینی ئەو هۆکارانەی خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن ڕایدەگەینن، بریتین لە؛ دۆخی قەیراناوی ئابووری، بێکاری، هەژاری، هەڵئاوسان، فشاری سیاسی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، کرێکاران، ماموستایان و ژنان، کوشتنی بێبەزەییانەی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە و زیندانی کردنیان، کردنە ئامانجی فڕۆکە مەدەنییەکەی ئۆکرانیا کە ١٧٦ کەس تێدا کوژران و شاردنەوەی ڕاستییەکانی ئەو کارەساتە لە خەڵک و ڕای گشتی، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەڕەمەکی شایستەیی کاندیدەکانی هەڵبژاردن و خەرجکردنی دارایی و سامانی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە لە دەرەوەی وڵات و پشتیوانی لە گروپە شیعە و چەکدارەکان لە سوریا، لوبنان، فڵەستین، عێراق، یەمەن و چەند وڵاتێکی دیکە.

بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەو هۆکارانەی سەرەوە، چەندین هۆکاری دیکەشیان هەیە بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمان، لەوانە؛ بێبەشبوونیان لە دابەشکردنی سامانی گشتی، لە سێدارەدان و زیندانی کردنی ڕۆڵەکانیان بەهۆی چالاکیی سیاسی و مەدەنییەوە، کوشتنی کۆڵبەران، جێبەجیی نەکردنی مادەکانی دەستووری بنەڕەتی لەسەر خوێندن بە زمانی دایکی و چەندین هۆکاری دیکە.

بە گوێرەی پسپۆرانی بواری سیاسەت، بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، ڕەوایەتی دەداتە دەسەڵاتی ئێران بۆ بەردەوامکردنی سیاسەتەکانی سەرکوت و هەژارکردنی خەڵک و بەڕێوەبردنی ئەجینداکانی لە وڵاتانی ناوچەکە کە دەبێتە هۆی بە فێڕۆدانی سامانی گشتی و تێوەگلاندنی وڵات بە شەڕێکی ماڵوێرانکەرەوە، هەروەها بەشێک لە سیاسەتمەداران، باوەڕیان وایە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیفلاسی هێناوە و بە هەڵبژاردنیش توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە و هەڵبژاردن وەک کارتێک بۆ دروستکردنی ڕەوایەتی سیاسی لە دەرەوە بەکاردێنێت و هیچ هەڵبژاردنێک تا ئێستا گۆڕانکاریی دیموکراتی و سیاسیی لە ئێراندا بەدینەهێناوە.

ک.س