باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر دەکات

جێگری باڵیۆزی گشتیی ئەمریکا لە عێراق سەرسوڕمانیی خۆی نیشان دەدات لە داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و بەڵێن دەدات بەدوادچوونی جدیی بۆ ئەو پرسە بکات.


ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە، لەسەر بانگهێشتی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەردانی کریستوفەر کوج، جێگری باڵیۆزی گشتیی ئەمریکا و بەرپرسی کاروباری سیاسیی باڵیۆزخانەکە و سەرپەرشتیاری مەلەفی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و عێراق بەتایبەت-ی کرد.

بەگوێرەی، ڕاگەیەندراوی یوسرا ڕەجەب، لەدیدارەکەدا باس لە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕێگریی لە بەشدارییکردنی هێزە ئازادیی خوازەکان لە پرۆسەی سیاسی دا خراوەتە بەر باس.

هەر بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، باس لە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ قەدەغەکردنی تەڤگەری ئازادیی و داخستنی بارەگاکانیان کراوە و بە پێشێلکارییەکی گەورە ناوزەد کراوە.

لەبەرامبەردا، کریستوفەر کوج، سەرسوڕمانیی خۆی دەربڕیوە، لەوەی حکومەتی هەرێم بڕیارەکانی حکومەتی عێراق جێبەجێ ناکات، لەکاتێکدا تەڤگەری ئازادیی مۆڵەتی فەرمی کارکردنی لە چوارچێوەی حکومەتی عێراقدا هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە  پرسیار لای بەرپرسانی کونسوڵخانە دروستبووە، کە ئاخۆ حزبێک کە حکومەتی عێراق مۆڵەتی فەرمیی پێ بدات ،چ مەترسیەکی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان؟

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، کریستۆفەر کوج، بەڵێنی داوە، کە بەدواداچوونی جدیی بکەن بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی لە هەرێمی کوردستان.

ش.ف