بایدەمیر: بە دڵ و گیان سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی هەدەپە دەخوازم

عوسمان بایدەمیر، نیگەرانە لەوەی بەهۆی دۆخی سیاسییەوە ناتوانێت بەشداریی لە کۆنگرەکەی هەدەپەدا بکات و بە "دڵ و گیان"یش هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرە دەخوازێت.


لەچوارچێوەی سەردانەکانی لە باشوری کوردستان، ئەمڕۆ عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کرد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتاران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا، بایدەمیر نیگەرانیی نیشاندا، کە لەکاتێکدا ئەمڕۆ کۆنگرەی هەدەپەیە، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ناتوانێت بەشداریی کۆنگرەکە بکات، وتیشی:"بە دڵ و بە گیان سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی هەدەپە دەخوازم".

عوسمان بایدەمیر، تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی و پرسیاری کرد، ئایا دەتوانین ستراتیژییەکی هاوبەشی کوردان دروستبکەین، کە ببێتە بنەمای دیموکراسیی و ئاشتیی و هەموو کێشەکان بەڕێگای گفتوگۆ چارەسەر بکرێت؟، هیواشی خواست، کە چی لەدەستی هەرکەسێک دێت ئەنجامی بدات و لەو پێناوەدا خەبات بکات، وتیشی: منیش وەک ڕۆڵەیەکی ئەم گەلە بەشداری ئەو خەباتە دەبم.

ش.ف