بایکۆتی هێلکەی تورکیی چوار هێندە بازاڕی هێلکەی خۆماڵیی زیاد کرد

تەنیا کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ڕۆژانە ٥٥٠ کارتۆن هێلکە بەرهەم بهێنێت، بەر لە بایکۆتی کاڵای تورکیی٢٠٪ی هێلکەکانی ئەو کێڵگەیە لەناوخۆدا دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا ٨٠٪ی لەناوخۆدا ساغ دەبێتەوە.


لە هەرێمی کوردستان ١١ کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن هەن، بەڵام تەنیا شەش کێڵگەیان کاریان تێدا دەکرێت، کە چواریان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر و دوانەکەی دیکەیشی دەکەونە پارێزگای دهۆک.

پرۆژەی پەلەوەریی فریز، کە دەکەوێتە گوندی هیران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، نمونەی یەکێک لەو کێڵگانەیە و ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ٥٥٠ کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنێت، هەر کارتۆنە و ٣٦٠ هێلکەی تێدایە، بەو پێیەش پرۆژەی فریز ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ١٩٨ هەزار هێلکەی هەیە.

پرۆژەکە ئێستا لە قۆناغی یەکەمدایە و لە قۆناغی دووەمدا، کە بڕیارە مانگێکی دیکە دەستپێبکات، بڕی بەرهەمهێنانیان زیاد دەکەن و بۆ یەک ملیۆن مریشک، بەوپێیەش بەرهەمهێنانی هێلکە دوو هێندە زیاد دەکات.

پارێزگای هەولێر ڕۆژانە پێویستی بە هەزار و ٢٠٠ تا هەزار و ٣٠٠ کارتۆن هێلکەیە، هەر بۆیە کێڵگەکانی سنوورەکە زۆر زیاتر لە پێویستیی هەولێر بەرهەم دەهێنن و زیادەکەشی ڕەوانەی سلێمانی، دهۆک و عێراق دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی ڤێرترنەریی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بێتوو ساڵانە هەر هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ١٥٠ هێلکەی پێویست بێت، ئەوا بەگشتیی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە ٨٥٠ ملیۆن هێلکە هەیە.

هەرچەندە پێشتر ڕاگەیەندرابوو، لەو کێڵگە پەلەوەریانەی هەرێمەوە ساڵانە یەک ملیارد و ٢٠٠ ملیۆن هێلکە بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام حسێن عومەر، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە ئەو بڕە هێلکەیە بەرهەم بهێنرێت و دەڵێت ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیۆن هێلکە بەرهەم دێت.

بە وتەی خاوەنی پرۆژەی پەلەوەریی فریز، پێش ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکیی، ڕۆژانە دەیانتوانی ٢٠٪ی بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ناوخۆدا ساغ بکەنەوە و ئەوی دیکەیان هەناردەی عێراق دەکرد، بەڵام ئێستا ٨٠٪ی بەرهەمەکانیان لەناوخۆدا ساغ دەکەنەوە و ئەوی دیکەی هەناردەی عێراق دەکەن.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی عێراق هاوردەكردنی هێلكەی لە دەرەوە قەدەغەكرد، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان ‌و عێراقیش كار بەیەك پێناسی گومرگی دەكەن، هەرێمی كوردستانیش پابەندبوونی خۆی بەو بڕیارە ڕاگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە ئێستاشدا هاوردەكردنی هێلكە تا مانگی ئازار قەدەغەیە، بەڵام بڕیارەکە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەجیاتی ئەوەی تەواوی هێلکە خۆماڵییەکان لەناوخۆدا ساغ بکرێتەوە، کە خواستی هاوڵاتیانیشە، بەڵام بەشێکی هەناردەی عێراق دەکرێت و هێلکەی تورکیی هاوردە دەکرێت.

جیاوازیی هێلکەی تورکیی و خۆماڵیی

لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، چەندین جار لە سنووری هەولێر و سلێمانی دەست بەسەر هێلکەی تورکیی-دا گیراوە، کە شیاوی خواردن نەبوون و ساختەکاریی لە بەرواری بەسەرچوونیاندا کراوە، بەڵام هێلکەی ناوخۆ لەو ساختەکارییە بەدوورە و ئەوەی ڕۆژانە دەینێرنە بازاڕەوە بەزوویی ساغ دەبێتەوە و لە کێڵگە و کۆگاکاندا نامێنێتەوە، بەپێچەوانەی هێلکەی تورکیی، کە بەڕادەیەکی زۆر هاوردە دەکرێت و لە کۆگاکاندا دەمێنێتەوە، هاوردەکردنیشی کاتێکی زۆری دەوێت.

کەمال جەلال، بەڕێوبەری کارگێڕیی پرۆژەی فریز، ئاماژە بە چەند جیاوازییەکی دیکە دەکات، لەوانە جۆری ئەو ئالیکەیە، کە دەدرێت بە مریشکەکان، لە کێڵگەی فریز خۆیان ئالیکەکە ئامادە دەکەن، بۆ قۆناغی ئێستای پرۆژەکە، ساڵانە دوو هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیارەکانی سنووری هەولێر و کڕیوە، هەروەها سۆیای فولی ئەرجەنتینیی، گەنمەشامیی و کەپەک بەکاردەهێننو خۆیان ئالیکی تایبەتی لێ دروست دەکەن، بەمەش دڵنیان لە باشیی جۆرەکەی.

هەروەها، سەردار عەبدوڵا جاف، خاوەنی پرۆژەکە، باسی لە چەند جیاوازییەکی دیکە کرد، لەوانە، جۆری مریشکەکەیە، ئەو جۆرەی لەناوخۆدا بەخێودەکرێت لە باشترین جۆرەکانیەتی، باسی لەوەش کرد، کە ئەو هێلکەیەی لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بۆن ساردی لێدێت، بەهۆی ئەوەی پرۆتینی ماسیی دەرخواردی مریشکەکان دەدەن، بەڵام لە ناوخۆدا بەزۆریی پرۆتینی ڕووەکیی و کەمێکیش پرۆتینی ئاژەڵیی بەکاردێت، کە ئەوروپین و کوالێتیان بەرزە.

قەبارەی هێلکەکان جیاوازییەکی دیکەی هێلکەی ناوخۆ و هێلکەی هاوردەیە و قەبارەی هێلکەی ناوخۆ گەورەترە.

بۆچی هێلکەی ناوخۆ گرانترە؟

بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی تەندروست، خەرجی زیاتر پێویستە، هەر لە بەخێوکردنی جۆری مریشک، تادەگاتە ئەو ئالیک و دانەوێڵە و پرۆتینەی، کە دەدرێت بە مریشکەکە، بەوپێیەی لەناوخۆدا جۆری باشتر بەکاردێت، بە نرخێکی گرانتر دەکڕدرێت، بەمەش تێچووی بەرهەمهێنانی هێلکەکە زیاتر دەبێت و ناچار دەبن بە نرخێکی کەمێک زیاتر بیفرۆشنەوە، کە جیاوازییەکەی بۆ هاوڵاتیی لە هەر تەبەقێک-دا تەنیا ١٠٠٠ دینارە.

سودێکی دیکەی کێڵگە ناوخۆییەکان ئەوەیە، بە کڕینی گەنمی جوتیاران، بەرهەمی کشتووکاڵیی پەرەپێدەدەن و سود بە جوتیارانی ناوخۆ دەگەیەنن، ئەمە جگە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ کرێکاران، ئەگەر کیڵگەی فریز بە نومنە وەربگرین، ڕۆژانە و بەبەردەوامیی ٤٠ کرێکار کاری تێدادەکات، ئەمە جگە شۆفێر، پزیشک و بەڕێوەبەرانی کێڵگەکە.

خاوەن كێلگە پەلەوەرییەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لە سنوری پارێزگای هەولێر ئاماژەوە بەوە دەكەن، کە ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییان بكات، ئەوان دەتوانن لە چەند ساڵی داهاتوو، زۆر زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆ هێلکە بەرهەم بهێنن و هەناردەی دەروەشی بکەن.

ش.ف