بڕیارەکەی ئەمریكا دژی ئێران نرخی نەوت دەگەیەنێتە بەرزترین ئاست

بڕیارەکەی ئەمریكا سەبارەت بە نەبەخشینی هیچ وڵاتێک بۆ کڕینی نەوت لە ئێران، نرخی نەوتی خاوی بەرزکردەوە بۆ بەرزترین ئاست لەمساڵدا، ئەمریکاش سووربوونی خۆی بۆ تووندترکردنی سزاکانی سەر ئێران دووپاتدەکاتەوە، ئێرانیش جەختدەکاتەوە کە سزاکان نایاسایین و هیچ بایەخێكی بۆ دانانێن.


دوای ئەوەی دوێنێ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند، لە دوای دووی ئایاری ئەمساڵەوە واشنتن ئەو وڵاتانە نابەخشێت كە نەوت لە ئێران دەكڕن، نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی.

دوێنێ دووشەممە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریکا چیتر واشنتن مۆڵەت نادات بە هیچ وڵاتێك نەوت لە ئێران بكڕێت کە لە ناویاندا بڕیارەکە ئەو حەوت وڵاتەش دەگرێتەوە کە پێشتر لە کڕینی نەوت لەئێران بەخشرابوون، دووی ئایاری ئەمساڵیش دوایین مۆڵەتە بۆ ئەو وڵاتانەی كە لە ئێستادا لە كڕینی نەوتی ئێران بەردەوامن.

دوا بەدوای ئەو بڕیارەی ئەمەریکا نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان بە ڕێژەی لەسەدا 2 بەرزبوەوە و دواتریش ڕێژەكە بۆ بەرزترین ئاست لەمساڵدا بەرزبوەوە، بە جۆرێک نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ 74.4 دۆلار بەرزبوەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا تۆمار کرابێت.

هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس بەڕێژەی لەسەدا 0.5 بەرزبووەوە و نرخی یەك بەرمیل بە 65.87 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا. ئەوەش بەرزترین ئاستە کە لە مانگی ئابی ڕابردووە تۆمارکرابێت.

هەر لە بارەی سزاکان بۆ سەر ئێران، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا،  ڕایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی فرۆشی نەوتی ئێران بگەیەننە سفر و وتی: مانەوەمان لەسەر ئەو ئامانجە بە بڕیاری بەرپرسانی ئێرانەوە بەستراوەتەوە، ئەوەش بە ڕاوەستاندنی هەوڵدانەکانی تاران دەبێت بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی، هەروەها ئەنجامدان و پشتگیریکردنی تیرۆر بوەستێنێ و دەستگیرکردنی هەڕەمەکییانەی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان بوەستێنێت. وتیشی: گوشارەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەن و بەردەوام دەبین لە تووندترکردنیان تاوەکو ئێران ناچاربێت لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات.

لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ئەمریکا، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "لەبەرئەوەی سزاکان لە بنچینەدا نایاسایین، کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ بایەخێكی بۆ سزاکان دانەناوە".

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا نەک لە 10 رۆژ بەڵکو لە 10 ساڵیشدا ناتوانێت بەرهەمی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر، بازاڕی جیهانیش پێویستی بە نەوتی ئێرانە و ئێرانیش چەندین ڕێگەی هەیە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی.

پێش ئەوەی ئەمریكا لە ساڵی ڕابردوودا سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئێران لە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك)دا، ڕیزبەندی چوارەمین گەورە وڵاتی وەبەرهێنی نەوتی هەبوو، ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەكان ڕێژەی هەناردەركردنی نەوتی ئێران لە مانگی نیساندا بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا دابەزیووە و دوای ئەم سزا نوێیەش چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەکە دابەزینی زیاتر بەخۆوە ببینێت.

ک.س